بافڵ تاڵەبانی: بێ سەقامگیری نەینەوا، سەقامگیریی عێراق بەدی نایەت

03-11-2025
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەربژێرانی حیزبەکەی لەنێو هاوپەیمانیی ئەهل نەینەوا ناساند و بەڵێن دەداتە خەڵکی ناوچەکە، رێگەنەدەن هیچ بڕیارێک لە عێراق بێ رەزامەندی و بۆچوونی خەڵکی نەینەوا دەربچێت.
 
یەکێتی لە نەینەوا لیستی سەربەخۆی نییە، لەنێو هاوپەیمانیی 'یەکێتیی خەڵکی نەینەوا' بەشدارە لە هەڵبژاردن، 32 بەربژێری هەیە لەنێو لیستەکەدا، بەرپرسانی یەکێتی دەڵێن: "چاومان لە دوو کورسییە لە بازنەی نەینەوا"، لەکاتێکدا بازنەی نەینەوا 34 کورسی لە پەرلەمانی عێراق هەیە.
 
بافڵ تاڵەبانی لەنێو لایەنگرانی حیزبەکەی لە نەینەوا رایگەیاند: "نەینەوا و خەڵکەکەی دیکتاتۆر و قاعیدە و داعش نەیانتوانی بیڕووخێنن، چونکە دیوارێکی ئاسنینی عێراقە".
 
سەرۆکی یەکێتی لە قسەکانیدا جەختی لە سەقامگیریی نەینەوا کردەوەو رایگەیاند: "بێ سەقامگیریی نەینەوا، سەقامگیریی عێراق بەدی نایەت".
 
لە نەینەوا زۆربەی نەتەوە و پێکهاتەکان لیست و بەربژێریان هەیە، چاوەڕێ دەکرێت رکابەرییەکە لەو بازنەیەی هەڵبژاردن تووند بێ، بافڵ تاڵەبانی لەبارەی دۆخی شارەکەوە رایگەیاند: "نەینەوا پشتگوێ خراوە، وەکو پێویست خزمەتی خەڵکەکەی  نەکراوە، کاتی هاتووە نەینەوا مافەکانی وەربگرێت، بێ بۆچوونی خەڵکی نەینەواش یەک بڕیار لە عێراق دەرناچێت".
 
هێشتا بەشێکی ئاوارەکانی نەینەوا نەگەڕاونەتەوە، لەنێویاندا 25 هەزار ماڵباتی کوردی ئێزدی، سەرۆکی یەکێتی داوای گەڕانەوەی ئاوارەکان دەکات لە نەینەوا بۆ شوێنەکانیان و دەڵێت: "ئەرکی حکومەتی عێراقە ئاسایشی نەینەوا بپارێزێت، بەڵام دەبێ ئاسایشی نەینەوا لە دەستی خۆی بێ، نە یەکێتی و نە خەڵکی نەینەوا قبووڵ ناکەن ئاسایشی نەینەوا لەدەست کەسی دیکە بێ".
 
سەرۆکی یەکێتی رووی لە گەنجانی لایەنگری یەکێتی کرد لە نەینەوا و رایگەیاند: "بەربژێرانمان لە نەینەوا تەرکیزی تایبەتیان لەسەر گەنجان دەبێ، لە دابینکردنی هەلی کار بۆیان".
 
داواشی کرد مافی ئەوانە بپارێزرێت بێ تاوان دەستگیرکراون لە نەینەوا و دەڵێت: "باوەڕمان بە عەدالەتە نەک تۆڵە".
 
سەرۆکی یەکێتی "بەڵێن" دەداتە خەڵكی نەینەوا: "دەبێ بڕیاری ستراتیجیی عێراق لە عێراق بدرێت نەک لە دەرەوە، دەبێ خەڵکی موسڵ بەشێکی ئەساسی بن بۆ ئەو بڕیارە".
 
نەینەوا لە دوای بەغدا زۆرترین بەربژێر تێیدا رکابەری دەکەن، لیست و هاوپەیمانییە جیاوازەکان 1047 بەربژێریان هەیە، کە رکابەری دەکەن لەسەر 34 کورسی.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کوێستان محەممەد میوانی بووڵتەنی کاژێر 12:00ی رووداو بوو

کوێستان محەممەد: یاسای لێبووردنی گشتی نزیکەی نیوەی سزادراوان دەگرێتەوە

وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان، مەترسییەکانی قەرەباڵخیی نێو چاکسازییەکان ئاشکرا دەکات و دەڵێت، لە هەولێر رێژەی سزادراوان نزیکبووەتەوە لە سێ هێندەی توانای چاکسازییەکە و 350 سزادراویش لە بنکەکانی پۆلیسن، بۆ ئەوەی شوێنێک لە چاکسازییەکان چۆڵ ببێت.