دایکێک لەنێو خۆپێشاندەرانی سلێمانی: کوڕەکەم بەهۆی نەبوونی خۆی کوشت

03-12-2020
هۆرڤان رەفعەت
ێنەی دایکەکە و کچەکەی لەنێو خۆپێشاندەرانی سلێمانی. وێنە: رووداو
ێنەی دایکەکە و کچەکەی لەنێو خۆپێشاندەرانی سلێمانی. وێنە: رووداو
نیشانەکردن خۆپێشاندانی سلێمانی
A+ A-
 
رووداو - سلێمانی

ماوەی دوو رۆژە دەنگی ناڕەزایەتی و دروشمی خۆپێشاندەران بەردەرکی سەرای سلێمانیی تەنیوەتەوە. بەردەرکی سەرا، ئەو شوێنەیە کە ناوەندی سەرەکیی خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەکانی یەک سەدەی رابردووی ئەم شارە بووە.
 
خۆپێشاندانی ئەمجارەی مامۆستایان بۆ مووچە، ئاوێتەبوونی دەنگی کاسبکاران و بەشێک لە هاونیشتمانیانیشی بۆ باشترکردنی بژێویی ژیانیان لێکەوتووەتەوە. سەبیحە محەممەد یەکێکە لە خۆپێشاندەرەکان و دەڵێت "کوڕەکەم بەهۆی هەژارییەوە خۆی کوشتووە و ئێستاش هاوژینەکەم دەستگیرکراوە، تەنیا من و کچێکی بچووکمین ناتوانن بەبێ مووچە و هاوکاریی حکومەت بژین، هاتووم داوابکەم بژێویی ژیانمان باشتربێت".
 
هێزە ئەمنییەکان بە گازی فرمێسکڕێژ و گولـلەی پلاستیکی و دار و چەکی کارەبایی رووبەڕووی خۆپێشاندەران بوونەوە. محەممەد بەهادین یەکێکە لەو خۆپێشاندەرانەی گازی فرمێسکڕێژی بەرکەتووە، ئەو بە رووداوی گوت "هێزە ئەمنییەکان دەڵێی مامەڵە لەگەڵ دووژمن دەکەن، ئەوەتا گولـلەی پلاستیکی و گازی فرمێسکڕێژمان پێدا دەکەن و سەر شەقامەکە پڕ بووە لە گولـلەی پلاستیکی و دووکەڵ".
 
لە خۆپێشاندانەکە زیاتر لە 15 رێکخەری خۆپێشاندانەکە دەستگیرکران، زیاتر لە 35 خۆپێشاندەریش بە گازی فرمێسکڕێژ و گولـلەی پلاستیکی برینداربوون.
 
دوای بڵاوەپێکردنی خۆپێشاندانەکە، ئەنجوومەنی مامۆستایانی ناڕازی کە رێکخەری خۆپێشاندانەکە بوون، داوای ئازادکردنی هاوکارانیان کرد.
 
عوسمان گوڵپی، ئەندامی ئەنجوومەنی سەرپەرشتیی خۆپێشاندانەکان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "زیاتر لە 15 مامۆستا و رێکخەری خۆپێشاندانەکە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراون و بەشێوەیەکی زۆر خراپ و تووندوتیژ رووبەڕوومان بوونەتەوە کە هیچ سیمایەکی شارستانیی پێوە دیارنەبووە، ئێستاش داوادەکەین هەرچی زووە ئەو دەستگیرکراوانە ئازادبکرێن، چونکە بەوە خەڵکی ئارام دەبێتەوە، بەڵام ئەگەر ئازادنەکرێن ئەوە تووندوتیژییەکان زیاتر دەبن".
 
هەروەها رێبوار محەممەد، ئەندامی هەمان ئەنجوومەن باسی لەوە کرد "چەندین هاوڕێمان کە بەشداریی خۆپێشاندانەکەیان کردووە، هەڕەشەیان لێ کراوە بە تەلەفۆن و پێیان گوتوون کە نابێت بەشداریی خۆپێشاندانەکان بکەین، من خۆشم یەکێکم لەو کەسانەی هەڕەشەم لێ کراوە بۆئەوەی بەشداریی خۆپێشاندانەکانی رۆژانی داهاتوو نەکەم".
 
بۆ کۆتاییهێنان بە خۆپێشاندانەکان، هێزێکی ئەمنیی زۆر لەنێو بازاڕی سلێمانی جێگیرکراون.
 
لیژنەی باڵای ئارامیی سلێمانی لە راگەیێندراوێکدا خۆپێشاندانەکەی بە بێ مۆڵەت ناوبردووە و دەشڵێت "رێگە بە هیچ کۆبوونەوە و گردبوونەوەیەک نادەن بەبێ رەزامەندیی پێشوەختە".
 
لیژنەکە راشیگەیاندووە "خۆپێشاندانی مەدەنییانە و ئاشتییانە بۆ دەربڕینی ناڕەزایی لە چواچێوەی یاسادا مافی رەوای خەڵکە و پارێزگاریی لێدەکەین، دەشبێت هەموو هێزەکان خۆیان لە هەر رووبەڕووبوونەوە و تووندوتیژییەک بەدووربگرن، بەڵام لەوە زیاتر قبووڵ ناکەین".
 
هەرچەند لەگەڵ دەستپێکی خۆپێشاندانەکان، حکومەت لیستی نوێی مووچەی راگەیاند، بەڵام هێشتاش بەشێکی ناڕازییان جەخت لە بەردەوامیی ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانەکان و نا و نەخێر دەکەنەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە