رووداو دیجیتاڵ
فاتمە مەقسوودی، دایکی ئیدریس فەقیهی گەریلای دەستگیرکراوی پژاک، دەڵێت، لایەنە بەرپرسەکان پێیانگوتووە کوڕەکەی زیندووە، بەڵام دوای 29 مانگ لە بێسەروشوێن بوونی، هێشتا رێگەیان نەداوە چاوی بە کوڕەکەی بکەوێت.
فاتمە مەقسوودی لە گرتە ڤیدیۆیەکدا دەڵێت، "کوڕەکەم لە زیندانە، لە دەستی کۆماری ئیسلامی دایە، مافی پارێزەری هەیە، من مافی ئەوەم هەیە چاوم پێبکەوێت، [بەڵام] ئەگەر دەچم بۆ [دیتنی لایەنە بەرپرسەکان] وەڵامم نادەنەوە."
ئیدریس فەقیهی، ئەندامی پژاک لە رووبەڕووبوونەوەیەک کە رۆژی 24-07-2021، لەنێوان هێزەکانی سوپای پاسداران و ژمارەیەک گەریلای پژاک لە ناوچەی بۆکان لە پارێزگای ورمێ روویدا، بریندار بووە.
بەپێی راپۆرتی لێبووردنی نێودەوڵەتی کۆتایی هاوینی ساڵی 2021، چەند شایەتحاڵێک بە خێزانی ئیدریس فەقیهییان گوتووە ئەو لەو رووبەڕووبوونەوەیە بریندار بووە و دوای ماوەیەکی کورت گیراوە.
دایکی ئیدریس فەقیهی لەو گرتە ڤیدیۆییەدا کە رۆژی 03-01-2023 بڵاوی کردووەتەوە دەڵێت، [لایەنە بەرپرسەکان] "خۆیان گوتوویانە کوڕەکەت ماوە، وەک ئێمە نان دەخوات، وەک ئێمە چایی دەخواتەوە، تەندروستە و بڕۆ دڵنیابە."
هەروەها فاتمە مەقسوودی باس لەوە دەکات، "کاتێک ویستوومە سەردانی کوڕەکەم بکەم سوکایەتییان پێکردووم، قسەیان پێگوتووم، وەڵامم نادەنەوە، دەسخەڕۆم دەکەن، دەچم دەڵێن کوڕەکەت هەیە، جارێکی دیکە دەچم دەڵێن کوڕەکەت نییە."
فاتمە مەقسوودی لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا سەردانی دادگە، ئیدارەی ئیتلاعات و رێکخراوی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی لە شارەکانی سنە و ورمێی کردووە بۆ ئەوەی زانیارییەکی لەسەر دۆخی کوڕەکەی دەست بکەوێت، بەڵام وەڵامێکی روونیان پێنەداوەتەوە.
فاتمە مەقسوودی تەمەن 67 ساڵ دەڵێت، "نەخۆشم، ئەگەر بۆ نیو کاژێریش بووە کوڕەکەم نیشانم بدەن، با بەو حەسرەتەوە نەمرم."
فاتمە مەقسوودی لە رۆژی 06-05-2023ـەوە لەبەر دەرگەی رێکخراوی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران مانی گرتبوو، بەڵام رۆژی دواتر بە بڕیاری داواکاری گشتیی ورمێ دەستبەسەر کرا.
رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی رۆژی 10-09-2022 رایگەیاند، ئیدریس فەقیهی، "بێسەروشوێن" کراوە و داوای لە بەرپرسانی ئێران کرد، ئەو گیراوە سیاسییە ئازاد بکرێت یان رێگە بە خێزانەکەی بدرێت چاویان پێبکەوێت.
بەپێی راپۆرتی تۆڕی مافی کوردستان، ئیدریس فەقهی دوای تێکهەڵچوونەکە توانیویەتی خۆی حەشار بدات، بەڵام دوو رۆژ دواتر لەلایەن سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کراوە. خەڵکی ئەو ناوچەیە پشتڕاستیان کردووەتەوە کە ئیدریس فەقیهی بە برینداری گیراوە.
پاییزی ساڵی 2021، دوو گیراوی سیاسی پێشوو بە تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستانیان گوتبوو، ئیدریس فەقهییان بە زیندوویی لە گرتنگەی بنکەی "ئەلمەهدی" سوپای پاسدارانی پارێزگای ورمێدا بینیوە، ئەوان گوتبوویان، بەهۆی ئەشکەنجەوە تەندروستیی زۆر خراپ بووە.
پژاک رۆژی 06-05-2021، رایگەیاند، دوو گەریلایان بە ناوەکانی ئیدریس فەقیهی و موحسین قادری لە یەکێک لە گوندەکانی سەر بە شاری بۆکان کەوتوونەتە بۆسەی هێزەکانی ئێران و گیانیان لەدەستداوە.
سوپای پاسداران رۆژی 27-07-2021 رایگەیاند، لە رووبەڕووبوونەوەیەکدا دوو چەکداریان کوشتووە، چەکدارێکیان بە برینداریی گرتووە و هاوکات 3 کەسیش کە ویستوویانە هاوکاری ئەو تیمە بکەن دەستبەسەر کراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ