رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی كشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان دەڵێ، ئاستی ئاوی بەنداوەکانی سلێمانی، هەولێر و دهۆک بەرزبووەتەوە. بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر دەڵێ، بەنداوەکان بوونەتە سەرچاوەیەکی بەرهەمهێنانی ماسی و ئاودانی باخەکان.
وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "لە ماوەی کەمتر لە مانگێکدا بارانبارین لە زۆربەی دەڤەرەکان دوو تا سێ بەرامبەری وەرزی بارینی پێشوو بووە، بەفریش ناوچەیەکی فراوانی گرتەوە، ئەمەش بە رێژەیەکی باش داهاتی ئاوی لە سەرچاوەکانەوە زیادکرد و کۆگاکردنی ئاو لە بەنداوەکان ئاستێکی باشیان تۆمارکرد."
رەحمان خانی، بەڕێوەبەری گشتیی بەنداو و کۆگاکانی ئاو، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئاستی ئاوی بەنداوی دەربەندیخان 5 مەتر و ئاستی بەنداوی دووکان 4 مەتر بەرزبووەتەوە، بەنداوی دهۆکیش یەک ملیۆن مەتر سێجا ئاوی کۆگا کردووە و 41 سانتیمەتر ئاستی ئاوەکەی بەرز بووەتەوە."
لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی کشتوکاڵدا هاتووە، "بەنداوە بچووک و مامناوەندەکان لە سنووری هەولێر، سلێمانی، دهۆک و گەرمیان بە سەلامەتی شەپۆلی لافاویان تێپەڕاندووە و زۆرینەیان پڕ بوون و ئەوانی دیکەش ئاویان زیادیکردووە و کۆگایان کردووە."
هێمن سەیید موراد، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "زیادبوونی ئاستی ئاوی بەنداوەکان زۆر گرنگە، بەهۆی تێکردنی پەنجە ماسییەوە لە ساڵانی پێشتر، ئێستا بوونەتە سەرچاوەیەکی باشی بەرهەمهێنانی ماسی."
بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر گوتی، "بەشێکی سەرچاوە ئاوییەکان پشت بە کانیاوەکان دەبەستن و بۆ کاری کشتوکاڵیش بەکاردێن، هەبوونی بەنداوەکان بووەتە هۆی ئەوەی کانییەکان وشک نەبن، هەروەها ئەو کانیانەشی ساڵانی رابردوو وشک بوون و ئێستا نزیکیان بەنداو دروستکراوە بووژاونەتەوە؛ هاوکات بەنداوەکان سەرچاوەیەکی باشی ئاودانی باخەکانن."
هێمن سەید موراد گەشبینە بە ئاستی بارانبارینی ئەم وەرزەی بارین و دەڵێت، "بڕێکی زۆر باش باریوە. لە سنووری ئێمە چوار هێندەی وەرزی رابردوو باران باریوە، بۆیە پێشبینی دەکەین ئەم ساڵ بەرهەمی کشتوکاڵی زۆر باش بێت."
بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر ئاماژەی بەوە کرد، "بارانی سەرەتا کەمێک دواکەوت، بەڵام هێشتا کاتەکەی باشە، بەگوێرەی ئەوەی رۆژ کورتە و شەو درێژ و هەڵم بوون کەمە، زۆرینەی ئاوی باران زەوی هەڵیدەمژێت."
هێمن سەید موراد گوتی، "ئەم وەرزەی بارین جیاواز لە وەرزی پێشوو بەهۆی باشیی بارانبارینەوە ئەو جووتیارانەی زەوی دێمییان هەبووە گەڕاونەتەوە بۆ چاندنی گەنم و هەموویان زەوییەکانیان بە گەنم دەچێنن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ