رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا، ناسراو بە (سێنتکۆم) دەڵێت، پێگەکانی داعش لە نزیک شاری کەرکووک بۆردوومان کراون و لە ئەنجامدا 5 چەکداری داعش کوژراون.
رۆژی سێشەممە 4ی شوباتی 2025 هێزەکانی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا رایگەیاند، لە هێرشێکی ئاسمانیی ورددا بۆ سەر پێگەکانی چەکدارانی داعش لە دەوروبەری شاری کەرکووک، 5 چەکداری ئەو رێکخراوە پەڕگیرە کوژراون.
سێنتکۆم دەڵێت، هێرشەکە رۆژی 31ی کانوونی دووەم کراوە و هێزە ئەمنییەکانی عێراق ئەنجامیان داوە. ئاماژە بەوەش دەکات، ئەو ئۆپەراسیۆنانەی دژی داعش لە عێراق دەکرێن، سەرجەمیان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئەو وڵاتەوە دەکرێن و ئامانج لێیان لەنێوبردنی شانە نووستووەکانی داعشە.
بەپێی راگەیێندراوەکەی سێنتکۆم، هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە رێگەی پێدانی زانیاریی هەواڵگری و پێشکێشکردنی هاوکاریی تەکنیکییەوە، پاڵپشتیی ئەو ئۆپەراسیۆنانەیان کردووە.
سێنتکۆم ئەوەشی راگەیاندووە، لەگەڵ هاوبەش و هاوپەیمانانیان بەردەوام دەبن لە بەئامانجگرتنی چەکدارانی ئەو رێکخراوە پەڕگیرە بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە و ئاسایشی ئەمریکا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ