رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانتارێکی عێراق دەڵێت، هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی عێراق لە کۆتایی ساڵی 2022ەوە جێبەجێ دەکرێت، نەوەک لە ساڵی 2014ەوە.
تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق لە 14-01-2025 نووسراوێکی بۆ دادگەی فیدراڵیی عێراق ناردووە و داوای لێکردووە روونکردنەوە بدات لەسەر ئەوەی دەبێت لە کەیەوە یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراقی جێبەجێ دەکرێت کە مەبەست لێی هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ خانەنشینانی عێراقە.
دادگەکە لە وەڵامدا گوتویەتی، لە رۆژی دەرچوونی بڕیارەکەوە جێبەجێ دەکرێت کە 23-11-2022ە.
دادگەکە لە وەڵامەکەدا دەڵێت، ئەو بڕیارەی بە گوێرەی حوکمی مادەی 37/ بڕگەی دووەم لە پەیڕەوی نێوخۆی دادگەکەیە کە لە ساڵی 2022 دەرچووە.
رۆژی سێشەممە، 4ـی شوباتی 2025 سۆران عومەر، پەرلەمانتاری عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، وەزارەتی دارایی عێراق پاڵپشت بە روونکردنەوەی دادگەی باڵای فیدراڵی دەڵێت، لە 23-11-2022ەوە مووچەی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان هاوتای بەغدا دەکات، نەوەک لە ساڵی 2014ەوە کە هەرێمی کوردستان داوای دەکات.
بە گوتەی ئەو پەرلەمانتارە، وەزارەتی دارایی عێراق تەنیا مووچەی ئەو فەرمانبەرانە هاوتا دەکات کە لە 23-11-2022ـەوە خانەنشین بوون و ئەوانی دیکە هەڵدەوەشێندرێنەوە.
سۆران عومەر دەڵێت، بڕیارەکە واتای ئەوەیە "ئەو کەسانەی پێش 23-11-2022 خانەنشین بوون، مووچەیان هاوتا ناکرێت، جگە لەو کەسانەی مووچەیان کەمترە لە 500 هەزار دینار".
بەگوتەی ئەو پەرلەمانتارە، شاندەکەی هەرێمی کوردستان لە بەغدا لیستی هاوتاکردنی مووچەی سەرجەم خانەنشینانیان پێشکەش کردووە، بەڵام بەغدا بەوە رازی نەبووە و گوتوویەتی، کار بە بڕیاری دادگەی فیدراڵی دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ