دارستانی گەرمیان: لەسەر سووتان و بڕینەوەی دارەکانی رووباری سیروان 10 کەس دەستگیرکراون

04-03-2023
سۆران حوسێن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سووتان و بڕینەوەی دارەکانی قەراخ رووباری سیروان لە سنووری گەرمیان، کاردانەوە و ناڕەزایی هاونیشتمانییان و ژینگەدۆستانی لێکەوتووەتەوە. گوتەبێژی پۆلیسی دارستانی سنوورەکە دەڵێت، زیاتر لە 10 کەسیان بە تۆمەتی بڕینە و سووتاندنی دارەکان دەستگیرکردووە.
 
رۆژی شەممە، 4ـی ئاداری 2023، موقەدەم ئەکرەم کامل، گوتەبێژی پۆلیسی دارستان و ژینگەی گەرمیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هێزەکانمان بەشێوەی 24 کاژێری کاری خۆیان رادەپەڕێنن. بەداخەوە بەشێکی کەمی خەڵک لەسەرپێچیکردنە ژینگەییەکان بەردەوامن، بەتایبەت راوکردن و داربڕین".
 
لەبارەی دارەکانی قەراخ رووباری سیروانەوە موقەدەم ئەکرەم گوتی: "تەنیا لە دوو مانگی ئەمساڵدا 10 بۆ 12 کەسمان بەهۆی داربڕین و سووتانی ئەو دارانەوە دەستگیرکردووە. بۆمان روونبووتەوە ئەم سەرپێچییە هیچ پەیوەندی بەوەوە نییە کە گوایە نەوت نییە و بۆ خۆگەرمکردنەوە بەکار دەهێندرێن".
 
ئەکرەم کامل گوتیشی: "زۆرینەی ئەوانەی دار دەسووتێنن یان دەیبڕینەوە زەوییان لە نزیک دارەکان هەیە. ئەوان دەچن دارەکان لەنێودەبەن بۆ ئەوەی رووبەری زەوییەکەیان کەمێک زیاتر بێت؛ هەندێکیش بۆ بەخەڵووزکردن و فرۆشتنی، دارەکان دەبڕن".
 
بەگوێرەی ماددەی 21 لە یاسای ژمارە 10ـی ساڵی 2012ـی تایبەت بە دارستان و پاوان لە هەرێمی کوردستان، سزای بڕینەوەی دار لەنێوان سێ ملیۆن دینار بۆ پێنج ملیۆن دینارە و هەندێکجاریش زیندانیکردنە کە ماوەکەی لە ساڵێک تێپەڕ نەکات، بەڵام زۆرینەی بەڕێوەبەرایەتییەکانی پۆلیس و دارستان دەڵێن، دادوەران کار بەو یاسایە ناکەن و تۆمەتباران "بە ئاسانی ئازاد دەکەن".
 
گوتەبێژی پۆلیسی دارستان و ژینگەی گەرمیان گوتی، ئەوانەی لە سنوورەکەیان دەستگیر دەکرێن، دەست بەسەر ئامێرەکانی بەردەستیان و ئۆتۆمبێلەکەشیان دەگیرێت، بەڵام دوای پڕکردنەوەی بەڵێننامەیەک بۆ دووبارە نەبوونەوە ئازاد دەکرێن و ئۆتۆمبێلەکانیشیان دەدرێتەوە. گوتیشی: "ئێمە دەستگیرکردنمان لەسەرە و رادەستی یاسایان دەکەین، بەڵام راوچی هەیە شەش جار دەستگیرمان کردووە و ئازاد کراوەتەوە".
 
بەگوێرەی ئامارەکانی پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەرێمی کوردستان بۆ رووداو، ئەمساڵ 5 بارهەڵگری دوو تۆنی و 34 چوار پیکاب داری تەڕ، دوو بارهەڵگری گەورە و 994 فەردە خەڵوز دەستیان بەسەردا گیراوە، بەهۆیانەوە 118 کەس دراونەتە دادگە و دۆسییەی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە.
 
بەگوێرەی ئاماری پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەرێمی کوردستان، ساڵی رابردوو زیاتر لە پێنج هەزار داری تەڕ لە هەرێمی کوردستان بڕاونەتەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دکتۆر رەشاد میرانی و ئیدریس نێچیرڤان بارزانی.

ئیدریس نێچیرڤان بارزانی سەردانی زانای دیاری کورد رەشاد میران دەکات

ئیدریس نێچیرڤان بارزانی، سەردانی دکتۆر رەشاد میرانی کرد بەمەبەستی لە نزیکەوە پیرۆزبایی لێکردنی بەبۆنەی وەرگرتنی خەڵاتی نێودەوڵەتی (پووشکین) وەک یەکەمین کورد کە لە رووسیا ئەم خەڵاتەی بردووەتەوە.