پارتی: هەرێمی کوردستان بەشێک نییە لەم جەنگە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە 35ـەمین ساڵیادی راپەڕینی ساڵی 1991دا پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا جەختدەکاتەوە کە هەرێمی کوردستان بەشێک نییە لەو جەنگەی لە ناوچەکەدا هەڵگیرساوە، داواش لە حکومەتی فیدراڵ دەکات رێگری لە هێرشی میلیشیاکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان بگرێت.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە، 4ـی ئاداری 2026، مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بە بۆنەی ساڵیادی راپەڕینەوە راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە. پارتی راپەڕین بە وەرچەرخانێکی مێژوویی و دەستپێکی قۆناخێکی نوێی حوکمڕانی ناودەبات کە بووەتە هۆی دامەزراندنی پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان.
 
بەشێکی بەیاننامەکەی پارتی تایبەتە بەو جەنگەی لە 28ی شوبات ناوچەکەی گرتووەتەوە، لە بەیاننامەکەدا هاتووە. "هەرێمی کوردستان بەشێک نییە لەم جەنگە (جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران)، بەڵام بارودۆخێکی گرژ هاتووەتە ئارا."
 
پارتی باسی لەو هێرشانە کردووە کە دەکرێنە سەر هەولێر  و دەڵێت: "پێویستە حکومەتی فیدراڵ ئەرکی دەستووریی خۆی جێبەجێ بکات و رێگری لە میلیشیا و چەکدارە لەیاسا دەرچووەکان بگرێت کە هێرش دەکەنە سەر هەرێمی کوردستان."
 
مەکتەبی سیاسیی پارتی جەخت لە یەکدەنگی و یەکگوتاریی هێزە سیاسییەکان دەکاتەوە لە پرسە ستراتیژییەکاندا. هەروەها دەڵێت. "هەرێمی کوردستان نابێتە پێگەیەک بۆ نیگەرانکردنی دراوسێکان، بە هەمان شێوەش چاوەڕوانیی رێزگرتن لە دراوسێکانی دەکات.
 
لە پەیامەکەدا هاتووە: "هەلومەرجی سیاسیی ناوچەکە بە قۆناخێکی هەستیار و چارەنووسسازدا تێدەپەڕێت؛ پێویستە هەموو لایەک کار بۆ سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و پاراستنی دەستکەوتەکان بکەین." پارتی ئاماژە بەوەش دەکات کە پێویستە عێراق بە گشتی و هەرێمی کوردستان بە تایبەتی لە ململانێ و بەکێشکردن بۆ نێو شەڕ دووربخرێنەوە.
 
مەکتەبی سیاسیی پارتی داواش لە هاووڵاتییان دەکات وەک هەمیشە پاڵپشت و هاوکاری دامودەزگا ئەمنییەکان بن بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە نائاساییە.
 
دەقی پەیامەکەی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان:
 
پەیامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بە بۆنەی (٣٥)ەمین ساڵیادی ڕاپەڕینە شکۆدارەکەی گەلەکەمان
 
 لاپەڕە گەشەکانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی گەلەکەمان بە قوربانیدان و خۆڕاگری و ئیرادەی ڕۆڵە دڵسۆزەکان نەخشێنراوە، هێزێک کە هەمیشە سەنگەری دژ بە ستەم و زۆرداری بوو و سەلماندی کە هێزی گەل تاکە هێزی ڕاستەقینەی شۆڕش و بەرخودانە.
 
یەکێک لەو ئەڵقە چارەنووسسازانەی خەباتی بەردەوام و نەپساوەمان، ڕاپەڕینی شکۆداری (٥ی ئاداری ١٩٩١) بوو، کە لە شاری ڕانیەی دەروازەی ڕاپەڕین دەستیپێکرد و کڵپە و گڕی ڕاپەڕین خامۆش نەبوو تا ئازادکردنی کەرکوکی دڵی کوردستان، ڕاپەڕین وەستانەوەبوو دژ بە ستەم و سەرکوتکاری رژێمی بەعس و دارودەستەکەی و، بوو بە هەنگاوێکی مەزن و هیوابەخش بۆ بنیاتنانی ئەزموونێکی نوێی فەرمانڕەوایی کورد، کە خۆی لە هەڵبژاردنی پەرلەمان و بنیاتنانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەساڵی ١٩٩٢ـدا نیشان دا.
 
بنیاتنان و پلان و کارنامە و پتەوکردنی ئەو قەوارە دەستوورییەی هەرێم ئاسان نەبوو، بەڵکو تاکو ئەمڕۆش ڕوبەڕووی کۆمەڵێک بەربەست و گیروگرفتی سیاسی، ئابووری و ئەمنی دەبێتەوە، بەڵام بە باوەڕ و دڵسۆزیی گەل و هێزە نیشتمانییەکان و قوربانییدانی پێشمەرگە قارەمانەکان، وڵاتمان هەمیشە ئارام و سەقامگیر ماوەتەوە.
 
هاووڵاتییانی خۆشەویستی کوردستان
 
ڕاپەڕین و دەستکەوتەکانی کە بەرهەمی خوێنی شەهیدە نەمرەکان و رەنج و تێکۆشانی پێشمەرگە نەبەزەکان و پەیڕەوانی ڕێبازی بارزانی و ڕۆڵەکانی گەلەکەمان بوو لەژێر سایە و حیکمەت و سەرکردایەتی سەرۆک مەسعوو بارزانی، ئەو ڕاستییەی سەلماند کە سەرکەوتنی نەتەوەکەمان لە یەکدەنگی و برایەتیمان دایە و، ناتەبایی و پەرتەوازەییش تەنیا زیان بە میللەتەکەمان دەگەیەنێ.
 
لەم یادە شکۆمەندەدا، لە پارتی دیموکراتی کوردستان جەخت لەسەر یەکڕیزیی نێو ماڵی کوردستانی دەکەینەوە و، بە ئەرکی هەموو لایەکی دەزانین لە پرسە ستراتیژییەکاندا هاوئاراستە و هاوگوتار بین و بەرژەوەندییە باڵاکانی خەڵکی کوردستان لەپێش هەر شتێکی دیکەوە دابنرێت.
 
کوردستانییانی هێژا 
 
هەلومەرجی سیاسیی ناوچەکە بە قۆناغێکی هەستیار و چارەنووسسازدا تێدەپەڕێت، جەنگ هەڵگیرساوە کە هەرێمی کوردستان بەشێک نیە لەو شەڕە بەڵام بارودۆخێکی گرژ هاتۆتە ئارا. پێویستە و کاری لە پێشینەی هەموو لایەکە کار بۆ سەقامگیریی هەرێم و پاراستنی دەستکەوتەکانمان و پاڵپشتی دامەزراوەکان و حکومەتی هەرێم بکەین بۆ پاراستنی ئاسایش و ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیانمان، هەوڵەکانمان بۆ ئەوەبێت عێراق بەگشتی و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی دوربێت لە شەڕ و بەلکێشی شەڕ و ململانێکان نەکرێن و ڕێگا لە میلیشیا و چەکدارە لە یاسا دەرچووەکان بگیریت لەو هێرشانەی دەیکەنە سەر هەرێمی کوردستان، پێویستە حکومەتی فیدراڵ بە ئەرکی دەستووری و یاسایی خۆی هەڵسێت لە بەرامبەر ئەو دەستدرێژیانەی کە لەکاتی هەڵگیرسانی شەڕی ئیسرائیل و ئەمریکا لەگەڵ ئێران دەستی پێکردووە و بۆتە هۆی نیگەرانی هاووڵاتیانمان.
 
پارتیمان جەخت دەکاتەوە کە هەرێمی کوردستان نەبووە و ناشبێتە پێگەیەک بۆ نیگەرانکردنی دراوسێکانمان و لەو ئاراستەیەش بەردەوام دەبین هەروەکو چۆن مافی خۆمانە ئەو چاوەڕوانیەشمان لە دراوسێکانمان هەبێت.
 
 هاوکات پێداگرین لەسەر ماف و دۆزی ڕەوای گەلەکەمان و هاووڵاتیانیشمان هان دەدەین پاڵپشت و هاوکاری دامودەزگا ئەمنی و پەیوەندارەکان بن لەم هەلومەرجەدا هەروەکو هەمیشە هاوکاربوون.
 
لە یادی ڕاپەڕین دا، سەری ڕێز و نەوازش بۆ شەهیدانی کورد و کوردستان، سەروەریان بارزانیی نەمر و کاک ئیدریسی هەمیشە لەیاد دادەنوێنین.
 
دروود بۆ شەهیدانی ڕاپەڕینی شکۆداری ئاداری ١٩٩١. سڵاو بۆ گیانی پاکی شەهیدانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کورد و کوردستان.
 
هەر بەرز و شەکاوە بێت (٣٥)یەمین ساڵیادی ڕاپەڕین.
 
مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان
 
٥ی ئاداری٢٠٢٦
 
 بابەتی پەیوەندیدار

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە