رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری کەرکووک دەڵێت، لەم مانگەدا سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی پارێزگاکە دەکات؛ گوتیشی، ''بەردی بناخەی کۆمەڵێک پڕۆژەی گرنگ و پاڵاوگەیەک دادەنێت.''
ئەمڕۆ یەکشەممە، 04-05-2025، رێبوار تەها، پارێزگاری کەرکووک لەبارەی سەردانەکەی بۆ بەغدا و کۆبوونەوە لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە هیوا حوسامەدین، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: ''بە تەواوی دۆخی ئێستای کەرکووک و ئیدارەکەم بۆ باس کرد.''
بەگوتەی رێبوار تەها، کەرکووک لای سەرۆکوەزیرانی عێراق ''گرنگ'' بووە و گوتوویەتی، پاڵپشتی لە ئیدارە و خەڵکەکەی دەکات.
پارێزگاری کەرکووک ئاماژەی بەوە کرد، لە سەردانەکەیدا کە 28ـی نیسانی 2025 کرا، کۆمەڵێک داواکاری و پڕۆژەی پێشکێشی محەممەد شیاع سوودانی کردەوە کە ''رەزامەندی لەسەر سەرجەمیان دەربڕیوە''.
وەک رێبوار تەها ئاماژەی دا، ''بانگهێشتی سەرۆکوەزیرانم کرد سەردانی کەرکووک بکات، قبووڵی کرد و لە ماوەیەکی کورتدا سەردانەکە دەکرێت، چەند پڕۆژەیەک بەسەر دەکاتەوە و بەردی بناخەی ژمارەیەک پڕۆژەی گرنگ دادەنێت کە خۆیان لە رێگەوبان، پرد و نەوت و گازدا دەبیننەوە.''
پارێزگاری کەرکووک باسی لەوە کرد، هەر لە سەردانەکەیدا، سەرۆکوەزیرانی عێراق بەردی بناخەی پاڵاوگەیەکیش دادەنێت کە پێشتر گرێبەستەکەی واژۆ کراوە، ''توانای پاڵاوتنی رۆژانە 70 هەزار بەرمیل نەوتی هەیە و هەلیکار بۆ دوو هەزار و 500 گەنج دەڕەخسێنێت.''
رێبوار تەها لەبارەی وادەی سەردانەکەی سوودانی دەڵێت، ''رۆژێک دیاری نەکراوە، بەڵکو بەو شێوەیە رێککەوتین کە لە مانگی پێنجدا سەردانەکەی بکات. یەکەم جار بڕیار بوو ئەم هەفتەیە بێتە کەرکووک، بەڵام دواتر پێی باش بوو بخرێتە دوای لووتکەی عەرەبی کە 17ـی مانگ لە بەغدا دەکرێت''.
پارێزگاری کەرکووک گوتیشی، لەبارەی گرێبەستی کۆمپانیای بریتیش پێترۆلیۆمیش گفتوگۆیان کردووە و جەختی لەوە کردەوە، ''گفتوگۆی نێوانمان هەمووی ئەرێنی و بۆ بەرژەوەندیی خەڵکی کەرکووک بوو.''
دوای سەردانەکەی رێبوار تەها، نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتبوو، ''ئامانجی دیدارەکە ئاگاداربوون بوو لە وردەکارییەکانی رەوشی ئەمنی، ئابووری و خزمەتگوزاری لە پارێزگاکەدا.''
نووسینگەی سوودانی ئەوەشی لە راگێیندراوەکەدا باس کردبوو کە "حکومەت بەنیازە کۆمەڵێک پڕۆژەی نوێ لە پارێزگای کەرکووک دەستپێبکات، کە بەشێکن لەو پاکێجە پڕۆژانەی ئێستا لە سەرانسەری پارێزگاکانی دیکەی عێراق جێبەجێ دەکرێن".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ