دەستدرێژیکاری سەر کچە شەش ساڵانەکەی بۆکان لەنێو خەڵک لەسێدارە دەدرێت

04-05-2025
ژیلا ئەسعەد
ژیلا ئەسعەد
A+ A-
 
 
رووداو دیجیتاڵ 

پارێزەری دۆسیەی منداڵە شەش ساڵانەکەی بۆکان رایگەیاند، "تاوانباری دەستدرێژیکردنە سەر نیان لەپێش چاوی خەڵک لەسێدارە دەدرێت".
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، 4ی ئایاری 2025، سەردار حاجی ئەحمەدی، پارێزەری دۆسیەی نیان چەلبیانی بە رووداوی راگەیاند: "بە تاوانی دەستدرێژیکردنە سەر نیانی تەمەن 6 ساڵان، تاوانباری سەرەکی سزاکەی لە لایەن دیوانی باڵای وڵات پەسند کراوە، لەنێو خەڵک و لە شاری بۆکان لەسێدارە دەدرێت ".
 
سەردار حاجی ئەحمەدی گوتی: "هێشتا رۆژی لە سێدارەدانەکە دیار نییە و بڕیارە ئەمڕۆ یەکلایی بکرێتەوە".
 
پێشتریش عەلی زاهد، دادوەری گشتی بۆکان رایگەیاند، سزای لە سێدارەدانی (ئـ. خ.) لە لایەن دیوانی باڵای وڵات پەسند کراوە و بەم زووانە لە ناو خەڵکدا جێبەجی دەکرێت".
 
بە گوتەی پارێزەری دۆسیەکە، سێ کەسەکەی دیکەش بەهەۆی بەشدار بوون لە تاوانەکە هەر یەکەیان بە 15 ساڵ بەندکردن سزادران، کە یەکێکیان باوکی نیانە.
 
بە گوتەی پارێزەری بنەماڵەی نیان، ئەو سزایەی تاوانبارەکان تەنیا پەیوەندی بە تاوانی دەستدرێژییە بۆ سەر نیان، هێشتا سزای کوشتنی بە ئەنقەستیشیان ماوە.
 
شەوی پێنجشەممە، 16-01-2025 باوک نیان و ئەو ژنەی "پەیوەندی لەگەڵیدا" هەبووە، نیان دەیگەیێننە بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی بۆکان. پزیشکی ئێشکگر و پەرستارانی بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی بۆکان ئاسەواری دەستدرێژی سێکسی و هەروەها ئازاردان و سووتاندن لەسەر جەستەی ئەو کچە دەبینن، بۆیە پاسەوانانی نەخۆشخانە ئاگادار دەکەنەوە و هەر لەوێ باوکی نیان دەستبەسەر دەکرێت. نیان رەوانەی نەخۆشخانەی ورمێ دەکرێت، بەڵام رۆژی دواتر بەهۆی سەختی برینەکەی گیان لەدەستدەدات.
 
ئەو کەسەی دەستدرێژی کردووەتە سەر نیان کوڕێکی 19 ساڵانی خەڵکی سەقزە. ئەو کوڕە لە رێگەی دایکی و خوشکەکەیەوە هاتووچۆی ماڵی باوکی نیانی کردووە و لە لێکۆڵینەوەدا دانی بەوەداناوە دەستدرێژی کردووەتە سەر نیان. دەشڵێت، لەژێر کاریگەری بەکارهێنانی مادەی هۆشبەردا ئەو کارەی کردووە. 
 
مردنی نیان، ناڕەزایی خەڵکی بە دوای خۆیدا هێنا و داوای لە سێدارەدانی تاوانبارانیان کرد. 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە