دوای بڕیارێکی وەزارەتی ناوخۆ؛ نرخی تاکسیی مۆدێل کۆن گران و نوێ هەرزان بووە

05-05-2025
حەیدەر دۆسکی
ژمارەیەک تاکسی لە پێشەنگەیەکی ئۆتۆمبێل لە دهۆک. وێنە: رووداو
ژمارەیەک تاکسی لە پێشەنگەیەکی ئۆتۆمبێل لە دهۆک. وێنە: رووداو
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

کەس لە زمانی کەس تێناگات، قسەوباسی گەرم لە پێشانگەکانی ئۆتۆمبێل کڕین و فرۆشتنی تاکسییە؛ تاکسی مۆدێل نەوەتەکان بە زێڕیش دەست ناکەوێت و ئەوانەی مۆدێلی نوێن بە پێچەوانەوە، کەس نایانکڕێت. فرۆشیارێک 7 سویچی ئۆتۆمبێلی لەدەستدایە و دەڵێت، لە ماوەی سێ رۆژدا نرخی هەر یەکێکیان دوو هەزار و 500 دۆلار دابەزیوە.
 
سەمیر یوسف، کڕیار و فرۆشیار گوتی، "ئەمە هەریەکەو سویچی تاکسییەکە، ئەمە پیکاشۆیە (تۆیۆتا کۆرۆلا)، ئەمە سکۆدایە، ئەمە [نیسان] سەنییە. ئەمانە هەمووی بۆ کڕین و فرۆشتنن، هی پێشانگەکانی ئێمەن، هی خۆمانن. هەر ئۆتۆمبێلێک ئێستا بیفرۆشم 20 وەرەقە (2000 دۆلار) زەرەری تێدا دەکەم. ئێستا هەر کەسێک بێت، حەڵاڵی بێت، هەرزانتر لە بازاڕ دەیفرۆشم."
 
شۆفێرێک کە باوکی دوو منداڵە و لە بەردەڕەشەوە چووەتە دهۆک بۆئەوەی ئۆتۆمبێلەکەی بفرۆشێت، هیچ کێشەیەک لە ئۆتۆمبێلەکەیدا نییە، تەنیا لە ترسا دەیفرۆشێت.
 
هەکار عەزیز، شۆفێری تاکسی دەڵێت، "بەخوا شۆفێری تاکسیم و لە بەردەڕەشەوە دێمە ئێرە، نزیکەی 5 ساڵە بەیانیان دێم و ئێواران دەچمەوە. تاکسییەکەم پێش 5 بۆ 6 رۆژ 155 وەرەقە (15 هەزار و 500 دۆلار)ی دەکرد، ئەمڕۆ هێناومە کەس 125 وەرەقە (12 هەزار و 500 دۆلار)یشی پێ نادات بەهۆی ئەم بڕیارەوە. بازاڕ هەمووی تێکچووە، کڕین و فرۆشتن نەماوە، منیش دەیفرۆشم، چونکە زەرەر دەکەم."
 
ترسی ئەو ئەوەیە کە بەپێی بڕیارێکی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، تاکسیی مۆدێل نوێی ژینگەدۆست دێنە کایەوە لە شوێنی هەڵوەشاندنەوەی تاکسییە کۆنەکان؛ ئەوانەی کۆنیش بوون، لای خاوەنەکانیان شیرین و بەنرخ بوون.
 
دێوالی خورشید، کڕیار و فرۆشیاری ئۆتۆمبێل ئاماژەی بەوە کرد، "ماوەیەک لەمەوبەر تاکسییەکی کۆنم بە 35 وەرەقە کڕی، بۆ ئێوارە بە 40 وەرەقە فرۆشتمەوە. بەڵام پێشتر کەس کۆنەکانی نەدەویست. باوەڕ بکە پێشتر ئەگەر یەکێکی کۆنت ببردایە پێشانگا، خاوەنەکەی پێتی دەگوتی: براکەم زەحمەت نەبێت بیبە لەسەر شەقام خۆت بیفرۆشە. کەچی ئێستا ئەمانە، واتە کۆنەکان، زۆر بەنرخ بوون."
 
زیاتر لە 18 هەزار تاکسی لە پارێزگای دهۆک هەن، 11 ساڵە تاکسیی نوێ تۆمار نەکراون. دوای ئەو بڕیارە، نرخی هەندێک ئۆتۆمبێل بە بڕی 1500 بۆ 2000 دۆلار زیادی کردووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەو کرێکارانە لە کارگەیەکدا خنکاون

لە ئیسفەهان 9 کرێکار بە گاز خنکان

بەڕێوەبەری گشتیی هۆبەی رووبەڕووبوونەوەی قەیرانی پارێزگای ئیسفەهان رایدەگەیێنێت، لە یەکێک لە کارگەکانی ئەو پارێزگایە 9 کرێکار بەهۆی دزەکردنی گازەوە گیانیان لەدەستداوە.