هەولێر؛ کەسێک بە بیانووی خانووێکی گەورەتر، ژنێک بێ ماڵ دەکات

04-06-2025
پەیام سەربەست
پەیام سەربەست @paya_m_
 ژنەکە بە تەنیا نۆ منداڵ بەخێو دەکات.
ژنەکە بە تەنیا نۆ منداڵ بەخێو دەکات.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ژنێکی تەمەن 50 ساڵ و خاوەنی 9 منداڵ، دوای ئەوەی بە "قسەی باق و بریق" و بەڵێنی پێدانی خانوویەکی گەورەتر، خانووە 110 مەترییەکەی پێ فرۆشراوە و 68 هەزار و 300 دۆلاری لێسەندراوە، ئێستا لە خانووی کرێدا دەژی و داوای هاوکاری دەکات.
 
ئەو ژنە دانیشتووی گەڕەکی باداوەی شاری هەولێرە، پێشتر خاوەنی خانوویەکی 110 مەتری بووە کە خێرخوازێک بۆی دروستکردبوو. دوو کوڕی کرێکارن و خۆیشی کاری پاککردنەوەی ماڵان دەکات.
 
بە گوتەی خۆی، لە مانگی 9ـی ساڵی رابردوو، پیاوێک پەیوەندیی پێوەکردووە و خۆی وەک پاسەوانی راوێژکارێکی یەکێک لە بەرپرسە باڵاکانی هەرێمی کوردستان ناساندووە. پێی گوتوون، وەک دیاری، خانوویەکی گەورەیان پێدەدات، بە مەرجێک خانووەکەی خۆیان بفرۆشن و پارەکەی بە ئەو بدەن.
 
ئەو ژنەی فێڵلێکراوە دەڵێت: "وای لە ئێمە کرد هیچ گومانێک لەو کوڕە نەکەین، منیش لەبەر خاتری ئەوەی ناوی پیاوێکی ئاوا نازداری هێنا گوتم دیارە راستە، خانووی پێفرۆشتم ناو ماڵی پێفرۆشتم و گوتی ناو ماڵت کۆنە هی نوێت بۆ دەکڕم و دەیبردمە دووکانان، قەنەفەی پێ هەڵبژاردم و ناو ماڵی پێ هەڵبژاردین، رۆژ بە رۆژ ئەو کوڕە ئێمەی دەخافڵاند، ئێمەش نەماندەزانی هەڵماندەخەڵەتێنی."
 
دوای ئەوەی فێڵبازەکە هەموو شتێکیان لێوەردەگرێت، بۆیان دەردەکەوێت کە فێڵیان لێکراوە و کەوتوونەتە داوەوە.
 
ژنە هەڵخەڵەتێندراوەکە دەشڵێت: "نە خانوو نە ژیان هیچمان نەما، هاتوومەتە ناو خانووی کرێ بە کرێی 300 هەزار دینار، پارەکەمان بۆ بگەڕێننەوە قەرزی پێبدەینەوە وەڵا تاوەکو بەیانی لەبەر قەرز خەوم لێناکەوێ لە خانووەکە."
 
ئەو ماڵەی کە فرۆشتیان و پارەکەیان دایە فێڵبازەکە، تەنیا سەرمایەیان بوو. ئێستا لە خانوویەکی کرێدان و زیاتر لە 20 هەزار دۆلاریش قەرزارن.
 
کوڕی ژنە فێڵلێکراوەکە دەڵێت: "هیچ گومانم لەو کوڕە نەکرد، بەتەنیاش قسەم لەگەڵ کردووە لەگەڵی رۆشتووم بۆ جێیان، هیچ جێی گومان نەبوو."
 
ئەو ئافرەتە سکاڵای یاسایی تۆمارکردووە و پۆلیس کەسی فێڵبازی دەستگیرکردووە. هەروەها بڕیاری گرتن بۆ هاوکارێکی دیکەشی دەرچووە.
 
عەلی سەلیم، پارێزەرە و سەبارەت بە سزای یاسایی ئەو جۆرە تاوانانە بە رووداوی راگەیاند: "تاوانەکە بەپێی مادەی 456 لە یاسای سزادانی عێراقی سزاکەی تاوەکو 5 ساڵ بەندکردنە و هەر کەسێکیش دەستی لەم تاوانە هەبێت بەپێی مادەی 47،48،49 لە یاسای سزادانی عێراقی کە پێی دەڵێ هاوبەش لە تاوان بەهەر لە شێوەکان بێت هەمان سزای ئەو کەسە وەردەگرن کە کارەکەی کردووە."
 
رووداو پەیوەندیی بە تۆمەتبارەکەوە کرد لەنێو گرتووخانە. ئەو دەڵێت، مەبەستی خێر بووە نەک فێڵکردن و ویستوویەتی دووکانێکیان بۆ بکڕێت تاوەکو ببێتە سەرچاوەی داهات بۆیان. تۆمەتبارەکە لە تۆمارێکی دەنگیدا، پێش دەستگیرکردنی، بە ژنەکە دەڵێت چی بە پۆلیس بڵێت.
 
تۆمەتبارەکە لەو تۆمارە دەنگییە دەڵێت، "بڵێ من خانوو بۆ تۆ ناکڕم تۆ خانووت بۆ دووکان فرۆشتووە، دووکانت لەگەڵ من کڕیوە تێدەگەی لە من، بڵێ ئێستاش پەشیمان بووینەوە لە دووکان و هەرکەسە و لە رێگەی خۆمان."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بانەری خولەکە

گەورەشارەوانیی ئامەد خولی فێربوونی زمانی کوردی دەکاتەوە

گەورەشارەوانیی ئامەد، خولەکانی فێربوونی زمانی کوردی بە شێوەزارەکانی کورمانجی، سۆرانی و زازاکی و زمانەکانی دیکەشی راگەیاند. رۆژی 16ـی شوبات دوایین وادەی ناونووسینە.