رووداو دیجیتاڵ
شارەزایەکی سیاسی و سەربازیی بەریتانی پێیوایە، بەردەوامی و فراوانبوونی هێرشەکانی ئەمدواییەی تورکیا لە هەرێمی کوردستان پەیوەستە بە بەهێزبوونی پێگەی کورد لە رۆژئاوای کوردستان.
بیڵ پارک، لێکۆڵەرێکی سەربازییە لە لەندەن و نووسەری چەند کتێبێکە لەبارەی تورکیا و سیاسەتی ئەنقەرە بەرامبەر گەلی کورد، وەک "سیاسەتی تورکیا بەرامبەر باکووری عێراق: کێشە و روانگەکان" لە ساڵی 2005؛ "تورکیای مۆدێرن: گەل، دەوڵەت و سیاسەتی دەرەوە لە جیهانێکی گرێدراو"دا لە ساڵی 2011 و دوا کتێبیشی لە ساڵی 2014 بووە بە ناونیشانی "پەیوەندییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و تورکیا دوای کشانەوەی سوپای ئەمریکا: دانانی کورد لەسەر نەخشەیە؟"
ئەو شارەزایەی بواری سەربازیی لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو ئاماژە بەوە دەکات کە ئیدارەی بایدن نایەوێت لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بکشێتەوە، بەتایبەتی لە عێراق و سووریا کە هێشتا مەترسی بەهێزبوونەوەی داعش هەیە. دەشڵێت، "حکومەتی عێراق توانای نییە هەڵوێستێکی جیدی بەرامبەر هێرشەکانی تورکیا هەبێت."
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ بیڵ پارک، شارەزای سیاسی و سەربازیی بەریتانی
رووداو: چۆن دەڕوانیتە ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا لە هەرێمی کوردستان کە لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیان کردووە؟
بیڵ پارک: پێم وایە زیادبوونی ئەو هێرشانە دەگەڕێتەوە بۆ فراوانبوونی ئەو دەسەڵاتەی کورد لە سووریا هەیەتی و ئەو ئۆتۆنۆمیەی لەوێ رایگەیاندووە، ئەمەش تورکیای زۆر نیگەران کردووە. بێگومان پێشهاتی ناوچە کوردییەکانی سووریا کاریگەری لەسەر هەرێمی کوردستانی عێراقیش هەیە و هەربۆیە چاوەڕێ دەکەم تورکیا لەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییانە بەردەوام بێت کە ئەنجامیان دەدات؛ هەروەها تورکیا پێیوایە کە دەتوانێت ئازادانە ئەو هێرشانە بکات و کاردانەوەش لە بەرامبەریدا نەبێت.
حکومەتەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان یان وڵاتانی ناتۆ ناتوانن هەڵوێستێکی ئەوتۆیان هەبێت. هەربۆیە بۆ تورکیا ئەو ئۆپەراسیۆنانە زیانێكی ئەوتۆیان نەبووە. هەروەها هەندێک خەڵک پێیانوایە کە ئەوەی دەبیندرێت کارتێکی دیکەی ئەردۆغانە، ئەویش کارتی ناسیۆنالیستییە لە پرۆسەی سیاسیی نێوخۆی تورکیادا و دەیەوێت پێگەی خۆی لە نێو تورکە نەتەوەپەرستەکاندا بەهێزتر بکات؛ بەڵام من لەگەڵ ئەو بۆچوونە نیم و پێم وایە ئەردۆغان چەندین رێگەی دیکە هەیە کە دەتوانێت بەکاریان بهێنێت بۆ بەهێزکردنی پێگەی خۆی لەنێوخۆی تورکیادا، وەک کارتی ئابووری.
رووداو: ئایا حکومەتی عێراق ناتوانێت داوا لە تورکیا بکات ئۆپەراسیۆنەکەی رابگرێت؟ حکومەتی عێراق ناتوانێت داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان بکات گوشار بخرێتە سەر تورکیا تاوەکو ئەو هێرشانە بووەستێنێت؟
بیڵ پارک: راستییەکەی پێم وا نییە حکومەتی ناوەندیی عێراق توانای ئەوتۆی هەبێت هەڵوێستی جیدی بەرامبەر ئەو پرسە هەبێت. بێگومان هەروەکو خۆشتان دەزانن، بە دەنگێکی بەرز ناڕەزایەتی لە کەناڵە دیپلۆماسییەکانەوە دەردەبڕدرێت، بەڵام پێم وانییە بەغدا بتوانێت هیچ کاردانەوەیەکی دیکەی هەبێت. لەو بڕوایەدام تاوەکو ئەو کاتەی وڵاتانی رۆژئاوا کە هاوپەیمانیی تورکیان، پشتگیریی بەغدا و هەولێر نەکەن و پێکەوە رووبەڕووی تورکیا نەبنەوە، کارێکی ئاسان دەبێت بۆ تورکیا لەم ئەم ئۆپەراسیۆنانە بێ کێشە دەربازی بێت. هەولێر چی بکات؟ راستییەکەی ئەمەیان پرسێکی ئاڵۆزە، چونکە هەرێمی کوردستان لە زۆر رووەوە پشت بە تورکیا دەبەستێت، بۆ نموونە لە رووی ئابووری و سیاسییەوە. هەربۆیە ئەگەر لە شوێنێ هەولێر بیت، دەزانی کە دەستت بەستراوە.
رووداو: بەڵام چەند جارێک هەرێمی کوردستان داوای کردووە پەکەکە بکشێتەوە و شەڕ و ئاڵۆزییەکان لە هەرێمی کوردستان دووربخاتەوە. پێتوایە پەکەکە ئەو کارە بکات؟
بیڵ پارک: راستییەکەی ئەوە ئامانجی هەولێرە کە پەکەکە لە ناوچەکە بکشێتەوە یان چالاکییەکانی کەمبکاتەوە، بەڵام پێم وانییە پەکەکە ئەوە بکات و بکشێتەوە. هەروەها زەحمەتیشە تێبگەیت هەولێر لەو بوارەوە چی دەکات بێ ئەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا نەخاتە مەترسییەوە کە ئەوەش پەیوەندییەکی بەهێزە.
رووداو: ترسی ئەوە هەیە کە رووبەڕووبوونەوە لەنێوان هێزە کوردییەکان رووبدات؟
بیڵ پارک: هەمیشە ئەو ئەگەرە هەیە، بەتایبەتی لەنێوان هێزی پێشمەرگە و پەکەکە، چونکە چاوەڕێ ناکەم پەکەکە چالاکییەکانی لەنێو عێراق کەمبکاتەوە، بەهۆی ئەوەی ناوچە شاخاوییەکانی کوردستانی عێراق باشترین شوێنن بۆ خۆپاراستنیان لە هێرشەکانی تورکیا و هەروەها بۆ پەڕینەوە لەوێوە بۆ نێو سووریا.
دەبێت ئەوەش بڵێین کە لەم ماوەیەی دواییدا بەکارهێنانی درۆن لەلایەن تورکیاوە بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی و هەروەها بۆ دەستکەوتنی زانیاری هەواڵگری زیادیکردووە؛ پێم وایە ئەوەش ئەرکی سەربازیی پەکەکەی زەحمەتتر کردووە. بەڵام پێم وانییە پەکەکە چالاکییەکانی کەمبکاتەوە؛ بۆیە هەمووی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کوردانی عێراق چی رێگەیەک هەڵدەبژێرن؛ ئایا رووبەڕووی پەکەکە دەبنەوە یان بە ئاشکرا دژی تورکیا دەوەستنەوە؛ بۆیە ئەمە بڕیارێکی ئاسان نییە.
رووداو: باسی ئۆپەراسیۆنی درۆنەکانی تورکیات کرد. پێت وایە ئەو هێرشانەی تورکیا لە رۆژئاوای کوردستان لەسەر ئەو بنچینەیە کە گڵۆپی سەوزی لەلایەن ئێران و رووسیاوە بۆ هەڵکراوە؟
بیڵ پارک: پێم وایە تورکیا درۆنەکانی بەشێوەیەکی کاریگەر بەکاردەهێنێت. پێم وایە حکومەتی ئەسەد ئەو کارەی زۆر پێ خراپ نییە، هەرچەندە جاروبار ناڕەزایەتی دەردەبڕێت، بەڵام ئەویش نایەوێت ئۆتۆنۆمی کورد لە سووریا ببینێت و چاوەڕوان ناکەم رووسیاش گوشاری زۆر بخاتە سەر تورکیا بەرامبەر بەو هێرشانە، بەتایبەتی دوای ئەو دۆخەی لە ئۆکراینا دووچاری بووە. هەربۆیە تورکیا هەست دەکات ئازادە لە بەکارهێنانی درۆن و پێم وایە ئەو رێگەیەشی پێ باشترە لەوەی بیەوێت هێز لەو ناوچانە جێگیر بکات، چونکە پێم وایە لە رووی سەربازییەوە رەوانەکردنی هێز کارێکی سەرکەوتوو نەبووە. هەربۆیە ئەوان لەم هێرشە درۆنیانە بەردەوام دەبن.
رووداو: هەمیشە تورکیا و بەتایبەت رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا دەبینین هەڕەشەی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی نوێ بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان دەکات. پێت وایە تورکیا دەیەوێت ئەو هەڕەشانە بکاتە راستی؟
بیڵ پارک: هەموو لایەک ئەردۆغانی ئاگادار کردووەتەوە کە ئۆپەراسیۆنی سەربازیی نوێ بۆسەر رۆژئاوا یان با بڵێم باکووری رۆژهەڵاتی سووریا نەکات؛ رووسیاییەکان هۆشدارییان پێداوە؛ ئەمریکییەکان ئاگاداریان کردووەتەوە؛ تەنانەت ئەسەدیش هۆشداری پێدا؛ هەربۆیە ئەنجامدانی ئەو ئۆپەراسیۆنە دواخراوە و ئێستاش بەرەو وەرزی زستان دەچین؛ رەنگە تورکیا ئەو ئۆپەراسیۆنە ئەنجام نەدات. بۆیە پێم وایە ئەردۆغان و تورکیا پلانی ئەنجامدانی ئەو ئۆپەراسیۆنەیان دواخستووە بەهۆی هاتنی وەرزی زستان. سەرەڕای ئەوەش، پێم وایە کە رەنگە گوشارەکانی ئیدارەی بایدن و ئەمریکا زۆر زیاتربن لەسەر تورکیا بەراورد بە رابردوو؛ بۆیە رەنگە تورکیا بەهۆی ئەو هۆشداریانەی لە هەموو لایەکەوە پێیگەیشتووە جموجووڵە سەربازییەکانی راگرتبێت؛ تەنانەت ئێرانیش لەگەڵی نەبوو. بۆیە وا دەردەکەوێت تورکیا پلانی ئۆپەراسیۆنەکەی راگرتبێت، ئەمەش لە ئەنجامی ئەو ئاگادارکردنەوانەیە کە پێیگەیشتووە.
رووداو: ئایا ئەو نیگەرانییەی تورکیا هەیەتی لەجێگەی خۆیەتی یانیش تورکیا فۆبیای کوردی هەیە؟
بیڵ پارک: ئەوە راستە کە تورکیا فۆبیای کوردی هەیە. باشترین نموونە بۆ ئەو بۆچوونە ئەوەیە کە تورکیا دژی گشتپرسی سەربەخۆیی کوردستان بوو لە ساڵی 2017، چونکە تورکیا پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ سەرکردایەتی هەرێمی کوردستانی عێراق هەبوو، بەتایبەتی پارتی دیموکراتی کوردستان. تورکیا بە جۆرێک لە جۆرەکان راهاتبوو لە رووی سیاسی و ئابوورییەوە پشت بە کوردی عێراق ببەستێت، کەچی ئەردۆغان هەڵوێستێکی تووندی بەرامبەریان هەبوو. پێم وایە تورکیا فۆبیای کوردی هەیە، بەتایبەتی لە سووریا کە ئەوان پێیانوایە و بڕواش ناکەم هەڵە بم، بزووتنەوەی کوردی لە سووریا پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ پەکەکە هەیە و زۆربەی سەرکردەکانی کوردانی سووریا لەنێو پەکەکە بوون و ژمارەیەکی کەمیشیان لەدایکبووی تورکیان. بەرپرسانی تورکیا پێیانوایە ئەوەی لە سووریا روودەدات لە بەرژەوەندی پەکەکەدایە و ئەوانیش بنکەیەکی سەربەخۆی پەکەکەیان لەسەر سنوورەکانیان لەگەڵ سووریا ناوێت. دەتوانم بڵێم تارادەیەکی زۆریش هەڵە نین؛ راستییەکەی کوردانی سووریا لە ناوچەکانیانەوە هێرشیان نەکردووەتە سەر تورکیا و نابێت
تورکیاش لەوە بترسێت ( کە لەودیو سنوور هەیە)، بەڵام تێدەگەم کە تورکیا ئەو بەشەی سووریا بە بەشێک لە شەڕەکەی لەگەڵ پەکەکە دەبینێت و لەوبڕوایەدایە کە کوردانی سووریا بەشێکن لە شەڕە گەورەکەی لەگەڵ پەکەکە.
رووداو: ئەی لەبارەی هەڵوێستی ئەمریکا، هەست دەکرێت ئیدارەی بایدن یاریزانێکی دیار نییە لە پێشهاتەکانی عێراق و سووریا؟ تۆ چۆن سیاسەتەکانی ئیدارەی بایدن لە سووریا دەبینی؟
بیڵ پارک: هیچ گومان لەوەدا نییە کە ئیدارەی بایدن لە عێراق سیاسەتێکی لاوەکی پەیڕەو دەکات؛ لە سووریاش هەندێک جیاوازە و لەبیرشمان نەچێت ئەوە بایدن بوو هێزەکانی ئەمریکای لە سووریا هێشتەوە، لەو کاتەی ترەمپ ئەوەندەی نەمابوو هێزەکانی ئەمریکا لەوێ بکشێنێتەوە. هەروەها ئەمریکا هێشتا نیگەرانە لە بوونی چەکداری داعش لە سووریا و عێراق و بۆیە باوەڕ ناکەم ئەمریکا بیەوێت بە تەواوەتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکشێتەوە و پەیوەندییەکانی لەگەڵ کوردانی سووریاش بپچڕێنێت، چونکە واشنتن بەو جۆرە سەیری کوردی سووریا دەکات کە هاوبەشێکی سەرەکییەتی لە سووریا و لە شەڕی دژی داعش.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ