قایمقامی پشدەر دەڵێت کۆچی گەنجان کەمبووەتەوە و سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەران رەتیدەکاتەوە

04-10-2025
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

قایمقامی قەزای پشدەر رایگەیاند، بەراورد بە مانگی تەممووز، کۆچی گەنجان لە ناوچەکەیان کەمبووەتەوە. بەڵام سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی ئەورووپا دەڵێت: "وەکو خۆیەتی و بگرە زیاتریش بووە، لە مانگی تەممووزەوە زیاتر لە هەزار هاونیشتمانی کۆچیان کردووە."
 
ڕۆژی شەممە، 04ـی تشرینی یەکەمی 2025، بەکر بایز، قایمقامی قەزای پشدەر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "مانگی تەممووز لێشاوێکی کۆچی گەنجان لە ئیدارەی راپەڕین و قەزای پشدەر سەریهەڵدابوو، بەڵام ئێستا بەراورد بەو کاتە کەمی کردووە؛ ئەمەش نەک لەبەرئەوەی ئاوڕ لە دۆخەکە درابێتەوە، بەڵکو بەهۆی هەندێک هۆکاری سرووشتی و دۆخی وڵاتانی دەرەوەیە."
 
لەبارەی هۆکارەکانی کەمبوونەوەی کۆچی گەنجان قایمقامی قەزای پشدەر گوتی: "لە وەرزی سەرمادا کۆچکردن کەم دەبێتەوە، بەهۆی ئەوەی مانەوە لەنێو دارستان و جەنگەڵەکان قورس دەبێت و رێگاکان سەختتر دەبن، هەروەها وڵاتان رێکارە یاساییەکانی وەرگرتنی پەنابەریان تووندکردووە؛ ئەمانە هۆکارن بۆ کەمبوونەوەی کۆچ."
 
ئەبوبەکر عەلی، سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی ئەورووپا بە رووداوی گوت: "کەشوهەوای هەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە جیاوازە، کۆچکردنی گەنجان بۆ دەرەوە کەمی نەکردووە و وەکو خۆیەتی، بگرە زیادیشی کردووە. لە مانگی تەممووزەوە تاوەکو ئێستا زیاتر لە 1000 هاونیشتمانی کۆچیان بۆ دەرەوەی وەڵات کردووە."
 
بە گوتەی سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی ئەورووپا، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە زیاتر لە شەش هەزار هاونیشتمانی کۆچیان کردووە. گوتیشی: "ئەوانەی کۆچیان کردووە زۆرینەیان خەڵکی ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕینن، پاشان ئیدارەی گەرمیان، ئیدارەی زاخۆ و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران".
 
بەشێکی زۆری ئەو گەنجانەی کۆچ دەکەن، دەستگیر دەکرێن. ئەبوبەکر عەلی ئاماژەی بەوەش کرد: "ئێستا نزیکەی 300 هاونیشتمانی لە لیبیا، توونس، بولگاریا، ئەرمینیا و تایلاند دەستگیرکراون. ئەم ساڵ چەند وەجبەیەکیش لە دەستگیرکراوان گەڕێندراونەتەوە هەرێمی کوردستان کە بە کۆی گشتی نزیکەی 70 کەس دەبن."
 
ئەمڕۆ، ئەحمەد سەحاف، هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی عێراق لە تەرابلوس، میوانی بووڵتەنی کاژێر 17:00ـی رووداو بوو. لەگەڵ شەهیان تەحسین، بێژەری بووڵتەنەکە گفتوگۆیان لەبارەی دۆخی کۆچبەرانی کورد کرد و گوتی: "تاوەکو ئەم کاتە 68 کۆچبەری عێراقیمان گەڕاندووەتەوە و ئێستاش 41 کۆچبەری دیکە بە تەواوی ئامادەن بۆ گەڕانەوە، کە زۆرینەی کۆچبەران خەڵکی هەرێمی کوردستانن، بەشی هەرە زۆریان خەڵکی پارێزگای سلێمانین و لەنێو ئەوانیشدا زۆرینەیان خەڵکی قەزای رانیەن".
 
ئەحمەد سەحاف، هەروەها باسی لە رزگارکردنی دوو گرووپی کۆچبەران کرد کە یەکێکیان 5 کەس و ئەوی دیکەیان 13 کەس بوون و گوتی: "ئەوان لە ناوچەی زارییە لە کەناراوەکانی دەریا بوون، کە ناوچەیەکی ئارام نییە و تۆڕەکانی قاچاخچێتی و بازرگانی بە مرۆڤەوە تێیدا بەربڵاون. ئێمە بە هەوڵێکی تایبەت و ناوازە و بە 'هێزی نەرم' توانیمان بە یارمەتیی دەزگا ئەمنییەکان لەو ناوچەیە دەریانبهێنین."
 
رۆژی 10ـی ئەیلوول، فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، 25 گەنجی کورد دوای ئازادکردنیان لە لیبیا، گەیشتنەوە هەرێمی کوردستان.
 
ئەو گەنجانە زیاتر لە رێگەی تورکیا، ئوردن، میسر و وڵاتانی دیکەوە خۆیان دەگەیێننە لیبیا، تاوەکو لەوێوە لە رێگەی دەریاوە بچنە وڵاتانی ئەورووپا.
 
لیبیا بەسەر دوو حکومەتدا دابەش بووە؛ حکومەتی تەرابلووس کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دانپێدانراوە و حکومەتێکی دیکەش لە رۆژهەڵاتی لیبیا هەیە کە فەرمانڕەواییی بەشێکی خاکی ئەو وڵاتە دەکات.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەو کرێکارانە لە کارگەیەکدا خنکاون

لە ئیسفەهان 9 کرێکار بە گاز خنکان

بەڕێوەبەری گشتیی هۆبەی رووبەڕووبوونەوەی قەیرانی پارێزگای ئیسفەهان رایدەگەیێنێت، لە یەکێک لە کارگەکانی ئەو پارێزگایە 9 کرێکار بەهۆی دزەکردنی گازەوە گیانیان لەدەستداوە.