رووداو دیجیتاڵ
سەرپەرشتیاری لیژنەی کۆکردنەوەی زانیارییەکانی زیانلێکەوتووانی چەمچەماڵ رایگەیاند، دوو هەزار و 185 کەس فۆڕمی زیانەکانی لافاوەکانیان پڕ کردووەتەوە. گوتەبێژی بۆردی چاودێری و هاوکاریی زیانلێکەوتووانیش دەڵێ، ''دەمانەوێت سەقفی کەمترین بڕی هاوکارییەکان بەرزبکەینەوە''.
ئەمڕۆ دووشەممە 22-12-2025، هەر یەکە لە وریا عەبدولخالق، گوتەبێژی بۆردی چاودێری و هاوکاریی زیانلێکەوتووانی چەمچەماڵ، شوان جەبار، سەرپەرشتیاری لیژنەی کۆکردنەوەی زانیارییەکانی زیانلێکەوتووان و شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی بەشداری بووڵتەنی کاژێر 14:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو بوون کە ئارێز خالید پێشکێشیکرد و کۆمەڵێک زانیارییان تایبەت بە دۆخی ناوچەکە دوای لافاو و قۆناخی یەکەمی دابەشکردنی هاوکارییەکان خستەڕوو.
شاهۆ عوسمان ئاماژەی بە گۆڕانکاری لە هەندێک پۆستی کارگێڕیی قەزای چەمچەماڵ کرد و رایگەیاند، ''ئیدارەکە بەردەوام پێویستی بە نوێبوونەوە و گۆڕانکاری هەیە. ئێستا پێنج بەرپرس گۆڕاون و بێگومان گۆڕانکارییەکانیش بەردەوام دەبن.''
ژمارەیەک لە زیانلێکەوتووان رەخنەیان لەوە گرتووە کە ئەو هاوکارییەی لەلایەن کۆمیسیۆنی فریاگوزارییەوە دابەش دەکرێ، قەرەبووی سەرجەم زیانەکانیان ناکاتەوە. جێگری پارێزگاری سلێمانی گوتی، ''پڕۆسەکە بەرفراوانە، بێگومان سەرجەم زیانەکان بە وردی تۆمار کراون. چونکە تیمەکان بە شێوەی مەیدانی سەردانی ماڵەکانیان کردووە.''
شاهۆ عوسمان ئەوەشی خستەڕوو، ئەو کەسانەی کە سکاڵا تۆمار دەکەن ''بێگومان سکاڵاکانیان لەلایەن بۆردی چاودێرییەوە وەردەگیرێت و تیمەکان سەردانیان دەکەنەوە.''
پێشبینی دەکرێ شەپۆلێکی تووندی سەرما و بەفر و باران لە 26ـی مانگەوە باشووری کوردستان بگرێتەوە. جێگری پارێزگاری سلێمانی لەبارەی ئامادەکارییەکان بۆ رێگری لە دروستبوونەوەی لافاو لە چەمچەماڵ دەڵێت، ''هەنگاوی کردەیی بۆ پاککردنەوەی ئەو رێڕۆی ئاوەی کە کارەساتەکەی لێکەوتەوە، دەستیپێکردووە.''
بەگوتەی شاهۆ عوسمان، ''بە تەواوکردنی ئەو رێکارانەی گیراونەتەبەر، مەترسیی دروستبوونی لافاو ئەگەر بشمێنێت، زۆر کەم دەبێتەوە.''
''دوو هەزار و 185 فۆڕمی زیان تۆمار کراون''
سەرپەرشتیاری لیژنەی کۆکردنەوەی زانیارییەکانی زیانلێکەوتووان دەڵێت، ''لەوانەیە رێژەیەکی کەم لە خێزانەکان لەکاتی تۆمارکردنی زیانەکاندا لە شوێنی خۆیان نەبووبن. بۆردی چاودێری دەسەڵاتی رەهای هەیە کە بەدواداچوون بۆ گلەیی و سکاڵای خەڵک بکات و بە شێوەی مەیدانی سەردانی شوێنەکان بکرێتەوە.''
قۆناخی یەکەمی دابەشکردنی هاوکارییەکان لە چەمچەماڵ لە کاژێر 09:00ـی بەیانییەوە دەستیپێکردووە و هاوکاریی 639 خێزان دەکرێ. سەرپەرشتیاری لیژنەی کۆکردنەوەی زانیارییەکانی زیانلێکەوتووان ئاماژەی بەوە کرد، ''تاوەکو ئیستا لەو ژمارەیە، نزیکەی 295 کەس چەکەکانیان وەرگرتووە و چوونەتە بانک.''
بەگوتەی شوان جەبار بەگشتی لە قەزای چەمچەماڵ دوو هەزار و 185 فۆڕم بۆ زیانەکان تۆمارکراون کە هەزار و 302ـیان تایبەتن بە خانوو و شوێنی نیشتەجێبوون، 662ـیان تایبەتن بە ئۆتۆمبێل و 220ـیان بازرگانین.''
سەرپەرشتیاری لیژنەی کۆکردنەوەی زانیارییەکانی زیانلێکەوتووان ئەوەشی خستەڕوو، هەوڵ دەدرێ تاوەکو کۆتایی ساڵ، سەرجەم زیانلێکەوتووان، بەدەر لە شوێنە بازرگانییەکان قەرەبوو بکرێنەوە و کۆتایی بە پڕۆسەی دابەشکردنی هاوکارییەکان بهێنرێ.
هەرچی قەرەبووی شوێنە بازرگانییەکانە، شوان جەبار گوتی، بەهۆی ئەوەی قەرەبووی شوێنە بازرگانییەکان زیاتر لە چوار ملیار و 500 ملیۆن دینارە و پێویستی بە بەدواداچوون و خەمڵاندنی دووبارە هەیە، دەمێنێتەوە بۆ دوای سەری ساڵ.
سەرپەرشتیاری لیژنەی کۆکردنەوەی زانیارییەکانی زیانلێکەوتووان گوتیشی، بەگشتی زۆرترین هاوکاری کە دەدرێتە ئەو کەسانەی زیان بەر خانووەکانیان کەوتووە، چوار ملیۆن و 900 هەزار دینارە و لە ئۆتۆمبێلەکانیشدا 20 ملیۆن دینارە.
''دەمانەوێت سەقفی کەمترین هاوکارییەکان بەرزبکەینەوە''
وریا عەبدولخالق، گوتەبێژی بۆردی چاودێری و هاوکاریی زیانلێکەوتووانی چەمچەماڵ ئاماژەی بە گلەیی ژمارەیەک لە زیانلێکەوتووان کرد لە بڕی هاوکارییەکان و گوتی، ''دەمانەوێت کەمترین سەقفی هاوکارییەکانی تایبەت بە زیانی خانووەکان بەرز بکەینەوە بۆ نموونە بۆ 400 هەزار دینار.''
بەگوتەی وریا عەبدولخالق، بڕیاری بەرزکردنەوەی کەمترین هاوکارییەکان دەگەڕێتەوە بۆ دەسەڵاتی بۆردی چاودێری و هاوکاریی زیانلێکەوتووانی چەمچەماڵ و گفتوگۆی لەسەر دەکرێ.
وەک گوتەبێژی بۆردی چاودێری و هاوکاریی زیانلێکەوتووانی چەمچەماڵ دەڵێت، ژمارەیەک لە زیانلێکەوتووان رایانگەیاندووە تیمەکانی کۆمیسیۆنی فریاگوزاری سەردانیان نەکردوون و زیانەکانیان تۆمار نەکراوە، ''لەوانەیە ژمارەیان بگاتە 100کەس. ئێمە ناو، ژمارەی مۆبایل و لیژنە تایبەتمەندەکان سەردانیان دەکەن.''
وریا عەبدولخالق گوتیشی، سەردانی ئەو ماڵانەش دەکرێتەوە کە لە بڕی هاوکارییەکان ناڕازین و زیانەکانیان سەرلەنوێ دەخەمڵێندرێنەوە.
سەبارەت بە قەرەبووی زیانی ئۆتۆمبێلەکان گوتەبێژی بۆردی چاودێری و هاوکاریی زیانلێکەوتووانی چەمچەماڵ ئاماژەی بەوەدا، بڕی هاوکارییەکانیان لە 25 هەزار دینارەوە دەستپێدەکات بۆ 20 ملیۆن دینار.
بەهۆی بارانبارینەوە لە 9ـی کانوونی یەکەم لە بەشێکی باشووری کوردستان بەتایبەتی لە سنووری چەمچەماڵ لافاو دروستبوو.
بەگوێرەی دوایین ئاماری ناوەندی هەماهەنگی قەیرانەکان، بەهۆی لافاوەکەوە 5 کەس خنکان و 19 کەسیش بریندار بوون؛ هەروەها 394 هەزار و 900 سەر ئاژەڵ، ماسی و پەلەوەر لەنێوچوون و 2 هەزار و 225 ماڵ، 202 ئۆتۆمبێل، 215 دووکان و شوێنکار و 534 پڕۆژەش زیانیان بەرکەوت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ