دانیشتووانی گوندەکانی کۆیە داوای نۆژەنکردنەوەی رێگەوبان دەکەن؛ 'وەڵاممان نەدرێتەوە رێکاری دیکە دەگرینەبەر'

04-10-2025
پەیمان محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دانیشتووانی حەوت گوندی سنووری قەزای کۆیە گلەیی لە خراپیی رێگەوبانی گوندەکانیان دەکەن و دەڵێن، ئەگەر لایەنە پەیوەندیدارەکان بە دەم داواکارییەکانیانەوە نەچن، رێگەکان دادەخەن.
 
رۆژی شەممە 04-10-2025، ژمارەیەک لە دانیشتووانی حەوت گوندی سنووری قەزای کۆیە کە بریتین لە گورزەیی، شاخە پیسکە، بانی ماران، بایزئاغا، سماقە، میرکە و نێرەگین، گردبوونەوە و داوای نۆژەنکردنەوە و قیرتاوکردنی رێگەوبانی گوندەکانیان کرد.
 
ئەو رێگەیەی هاتووچۆی گوندەکانی لەسەرە، نزیکەی 20 کیلۆمەترە کە پێشتر حکومەت بەردی بناخەی نۆژەنکردنەوەکەی داناوە و کاری لەسەر کردووە. فەلاح مەحموود عوسمان، مامۆستای ئایینی و نوێنەری دانیشتووانی حەوت گوندەکە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: ''کارکردن لەلایەن بەڵێندەرەوە نزیکەی ساڵێکە راگیراوە و تەنیا 10 کیلۆمەتری ماوە نۆژەن بکرێتەوە.''
 
فەلاح مەحموود عوسمان گوتی، لە وەرزی بارانباریندا هاتووچۆی قوتابیان و مامۆستایانی گوندەکان زۆر ئەستەم دەبێت و ''بۆیە داواکارین لایەنە پەیوەندیدارەکان بەر لە هاتنی ئەو وەرزە بەدەم داواکارییەکانمانەوە بێن.''
 
بە گوتەی ئەو مامۆستا ئایینییە، ئەمڕۆ گەنجانی ناڕازیی گوندەکان، ویستوویانە رێگە لە هاتووچۆی ئۆتۆمبێلەکان بگرن، ''بەڵام ئێمە رێگریمان لێ کردن. ئەگەر تاوەکو یەک یان دوو رۆژی داهاتوو وەڵاممان نەدەنەوە، رێکاری دیکە دەگرینەبەر.''
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە