قایمقامی چەمچەماڵ: سبەی قەرەبووی ئۆتۆمبێلەکان دەستپێدەکات

دوێنێ کاژێر 04:42
محەممەد رەحیم کەریم @Mohammed_mrk
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

قایمقامی قەزای چەمچەماڵ رایدەگەیێنێت، سبەی قەرەبووی زیانی ئۆتۆمبێلەکان دابەش دەکرێت و تاوەکو نێوەڕاستی مانگ تەواوی قەرەبووەکان کۆتایی دێت. دەشڵێت: "زیاتر لە 14 ملیار دینار کۆکراوەتەوە و هەر پارەیەک بمێنێتەوە دەکرێتە پڕۆژەی خزمەتگوزاری."
 
ئاسۆ بەکر، قایمقامی چەمچەماڵ لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی (مژار)ـی رادیۆی رووداو رایگەیاند، ئەمڕۆ دووشەممە کۆمیسیۆنی فریاگوزاری چەمچەماڵ کۆدەبنەوە و بڕیارە لە سبەی سێشەممەوە دەست بە دابەشکردنی چەکی پارە بەسەر خاوەنی 700 ئۆتۆمبێلی زیانلێکەوتووی لافاوەکەدا بکرێت.
 
سەبارەت بە چۆنیەتی دیاریکردنی بڕی قەرەبووەکان، قایمقامی چەمچەماڵ روونیکردەوە کە لیژنەی پسپۆڕی هاتووچۆ هەڵسەنگاندنیان کردووە و بڕی پارەکە بەپێی "جۆری ئۆتۆمبێل، مۆدێل و ئاستی زیانەکە" دیاری کراوە.
 
قایمقامی چەمچەماڵ گوتیشی: "کۆمپانیای جیهان ئەرکی چاککردنەوەی ئەو ئۆتۆمبێلانەی گرتووەتە ئەستۆ کە مۆدێلیان 2019 بۆ 2025ـە، بەڵام رەنگە ژمارەیەکی کەم سوودمەند بن، چونکە زۆربەیان پێشتر ئۆتۆمبێلەکانیان چاککردووەتەوە."
 
بەگوێرەی ئامارەکانی قایمقامیەت، تاوەکو ئێستا 1400 ماڵ هاوکاری کراون. ئاسۆ بەکر دەڵێت: "نزیکەی 200 ماڵ ماون کە پێشتر تۆمار نەکرابوون و ئێستا لە قۆناخی وردبینیدان بۆ سەلماندنی زیانەکانیان."
 
ئاماژەی بەوەشکرد، دوای تەواوبوونی ئۆتۆمبێلەکان، راستەوخۆ دەست بە قەرەبووکردنەوەی خاوەن دووکان و کۆگاکان دەکرێت و "پلانمان وایە لەماوەی ئەم مانگەدا دۆسیەی قەرەبووکردنەوە بە تەواوی دابخەین."
 
بەپێی داتاکانی ماڵپەڕی 'هاوکاری کوردانە'، کۆی گشتیی ئەو پارەیەی وەک هاوکاری بۆ چەمچەماڵ کۆکراوەتەوە، بڕەکەی زیاترە لە 14 ملیار و 600 ملیۆن دینار.
 
قایمقامی چەمچەماڵ دڵنیایی دەدات کە خەرجکردنی پارەکە لەژێر چاودێریی دیوانی چاودێریی دارایی و دەستەی مافی مرۆڤدایە و گوتی: "هەر بڕە پارەیەک لە پرۆسەی قەرەبووکردنەوەکە زیادبێت، بۆ پڕۆژەی خزمەتگوزاری وەک ئاوەڕۆ و کۆنکرێتکردن لەناو سەنتەری چەمچەماڵ و ناحیەکان خەرج دەکرێت."
 
ئاسۆ بەکر ئاشکرای کرد، بە بڕیاری قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران، سێ خانوو دابین دەکرێت؛ دوو خانوو بۆ کەسوکاری ئەو دوو هاونیشتمانییەی لە لافاوەکەدا گیانیان لەدەستدا، لەگەڵ خانووێک بۆ خێزانی "شەهید ئاکۆ" کە لەکاتی گەیاندنی هاوکاریدا گیانی سپارد.
 
قایمقامی چەمچەماڵ سوپاسی تۆڕی میدیایی رووداو و رەنج سەنگاوی کرد بۆ ئەو هەڵمەتەی کردیان بۆ کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ خەڵکی چەمچەماڵ.
 
لەبارەی پرۆژەی ئاوی چەمچەماڵیشەوە گوتی: "کارکردن لە پڕۆژەکە بەردەوامە و 35٪ـی تەواو بووە، جێگری سەرۆکوەزیرانیش بەڵێنی داوە گرفت بۆ نەختینەی پڕۆژەکە دروست نەبێت."
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

خەندە جێی دایکی بۆ کۆرپە یەک مانگییەکەیان گرتووەتەوە. وێنە: رووداو

چیرۆکێکی دوای لافاوەکەی چەمچەماڵ؛ 4 منداڵ دوای لەدەستدانی دایکیان 'بە شیر و چپس' ژیان بەڕێدەکەن

نزیکەی مانگێک دوای لافاوەکەی چەمچەماڵ، هێشتا چیرۆکە خەمناکەکانی بەردەوامن، سەرەڕای ئەوەی بەشێکی خەڵک ماڵیان چوو و هیچیان بۆ دەرنەچوو، بەڵام هەندێک لەوانە سەر و ماڵیان چووە و ئیدی ژیانیان بە یەکجاری گۆڕاوە، چونکە سەرچاوە و بژێوییان لەدەستداوە، خەمێكی قووڵیش سەردڵی گرتوون کە نەبوونی سۆزی گەرمی دایک و بەجێهێشتنی چوار منداڵە