رووداو دیجیتاڵ
بڕیار بوو ئەمڕۆ لە نۆیەمین دانیشتندا لە دادگەیەکی کەرکووک، نوێنەرێکی جووتیارانی سەرگەڕان دادگایی بکرێت. نوێنەرەکەی جووتیاران دەڵێ، لەسەر داوای لایەنی سکاڵاکار، دادگاییکردنەکە بۆ 19ـی کانوونی دووەم دواخراوە.
دادگاییکردنە تایبەتە بە رووداوەکانی 17ی شوباتی پار و بڕیار بوو ئەمڕۆ دووشەممە 05-01-2026 لە دادگەی دوبزی سەر بە پارێزگای کەرکووک، لە نۆیەمین دانیشتندا یەکلایی بکرێتەوە، بەڵام دووبارە دواخرا.
محەممەد ئەمین، ئەو جووتیارەی لەلایەن کەڕار شاکر، سەربازی سوپای عێراق و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان سکاڵای لەسەر تۆمارکراوە، بە هەردی محەممەد، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، ''دادگە لەسەر داوای لایەنی بەرامبەر دادگاییکردنەکەی بۆ 19-01-2026 دواخست.''
بەگوتەی محەممەد ئەمین، هۆکاری داوای سکاڵاکاران بۆ دواخستنی دادگاییکردنەکە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ''بەڵگەکانیان لاوازە، پێشبینی دەکەن دادگە لە بەرژەوەندیی من بڕیار بدات و سکاڵاکەی ئەوان هەڵبوەشێنێتەوە.''
سکاڵاکان تایبەتن بەو گرژییەی لە 17ی شوبات لە سەرگەڕان روویدا، کاتێک محەممەد ئەمین لەسەر زەوییەکەی خۆی لەسەر تراکتۆرەکەی، سەربازێکی سوپای عێراق بە ملپێچەکەی رایکێشا و رێگەیان نەدا زەوییەکەی بکێڵێت، کە لەگەڵ عەرەبی هاوردە کێشەی لەسەر دروستبووە.
ئەو تۆمەتەی ئاراستەی جووتیارە کوردەکەی کەرکووک کراوە ئەوەیە گوایە قسەی نەشیاوی بە سوپا و سەربازەکە گوتووە. محەممەد ئەمین گوتی، ''ئەوانە هەمووی قسەی بێبنەما و تۆمەتی ناڕەوان. ئەوان بوون پەلەماری منیان دا و خەریک بوو بمخنکێنن.''
هاوکات ئەو جووتیارەی سەرگەڕان سکاڵای لەسەر سەربازە عێراقییەکە تۆمار کردووە و دەڵێت، ''ئەوان دەیانەوێت من تاوانبار بکەن، بۆ ئەوەی من بکشێمەوە، بەڵام بەڵێنم داوە لە سکاڵاکەی خۆم پاشگەز نابمەوە و دەبێ بگاتە کۆتایی.''
لەدوای رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017ـەوە، جووتیارانی کورد لە سنووری پارێزگای کەرکووک رووبەڕووی چەندین گوشاری هێزە عێراقییەکان و عەرەبی هاوردە بوونەتەوە و بۆ جێهێشتنی زەوی کشتوکاڵی و ماڵ و موڵکی خۆیان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ