رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای سلێمانی دەڵێت، بەهۆی پڕۆژەی رووناکی و هۆشیاریی هاونیشتمانییان لە بەکارهێنانی وزە، خواست لەسەر کارەبای نیشتمانی بە رێژەی 42% کەمیکردووە. گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتییەکە دەڵێت، تۆڕەکانی کارەبا لەم کاتی بەفرەدا پارێزراو بوون.
سیروان محەممەد، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای سلێمانی میوانی بەرنامەی "مژار"ی رادیۆی رووداو بوو، دوایین دۆخی کارەبای پارێزگاکەی خستەڕوو و رایگەیاند، "لەم شەپۆلی سەرمایەدا، کێشە و گیروگرفتەکان بەراورد بە ساڵانی رابردوو زۆر کەمتر بوون. جاران مانگانە نزیکەی 200 بگۆڕ دەسووتان، بەڵام ئێستا ئەو ژمارەیە بۆ کەمتر لە نیوە دابەزیوە."
نیو مەتر بەفر باریوە و کەمترین کێشە هەبووە
لەبارەی کاریگەریی بەفربارین لەسەر ناوچە شاخاوییەکان، گوتەبێژی کارەبای سلێمانی ئاماژەی بەوە کرد، لە پێنجوێن سەرەڕای ئەوەی نیو مەتر بەفر باریبوو، تەنیا 3 فیدەر کێشەیان تێدا دروستبوو و تیمەکان بە زوویی چارەسەریان کرد.
سەبارەت بە ناوچەکانی ماوەت، باسنێ و شارباژێڕ، سیروان محەممەد گوتی، "لەو ناوچانە بەهۆی سەختیی رێگاکان و درێژیی هێڵەکان کە هەندێکیان 30 بۆ 40 کیلۆمەترە، دۆزینەوە و چاککردنی شۆرتی کارەبا قورس بوو، بۆیە لە هەندێک شوێن چاککردنەوەی گرفتەکان یەک بۆ دوو رۆژی خایاند."
بەراورد بە 2024 خواست 42% کەمیکردووە
پڕۆژەی رووناکی (کارەبای 24 کاژێری) گۆڕانکاریی گەورەی لە بەکارهێنانی وزەدا دروستکردووە. بەگوێرەی ئامارەکانی کارەبای سلێمانی، 80%ی سنووری پارێزگای سلێمانی کەوتووەتە نێو پڕۆژەکەوە و لە کۆی زیاتر لە 547 هەزار هاوبەش، زیاتر لە 380 هەزار هاوبەش لە پڕۆژەی رووناکی سوودمەندن.
بە گوتەی سیروان محەممەد، بە بەراوردکردنی مانگی 12ی ساڵی 2024 لەگەڵ هەمان مانگی ساڵی 2025، خواست لەسەر کارەبا 42% کەمیکردووە بەهۆی وریایی هاونیشتمانییان و بەردەوامیی کارەباش رۆڵێکی گرنگی هەیە لە سەقامگیریی تۆڕی کارەبا.
پرۆژەکان لەسەر 8%ی داهاتی کارەبان
سەبارەت بە بودجە، گوتەبێژی کارەبای سلێمانی ئاشکرای کرد، بەهۆی نەمانی بودجەی ئاسایی، پشت بە 8%ی داهاتی کۆکراوەی کارەبا دەبەستن بۆ پڕۆژەکان. لەو چوارچێوەیەشدا لە دوو مانگی رابردوودا بە بڕی 3 ملیار دینار کەلوپەلی یەدەگ بۆ چاکسازیی تۆڕەکان و ئامادەکاری وەرزی زستان کڕدراوە.
هاوکات، لەو ناوچانەی پڕۆژەی رووناکییان تێدایە، سیستمی پسووڵە گۆڕدراوە بۆ "ئەندرا"، کە مانگانە پسووڵە بۆ هاوبەشان دەگەڕێتەوە و دەبێتە هۆی رێکخستنەوەی قەرزەکان.
سۆلار؛ داهاتووی وزە لە سلێمانی
بەرهەمهێنانی کارەبا لە رێگەی وزەی خۆر لە سلێمانی بازدانی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە. سیروان محەممەد دەڵێت، "ژمارەی هاوبەشانی سۆلار لە کۆتایی مانگی ئەیلوولی رابردوو لە 1,746 هاوبەشەوە بۆ 2,590 هاوبەش زیادی کردووە، بەوەش بەرهەمهێنانی کارەبا لە 26 مێگاواتەوە بۆ 76 مێگاوات بەرزبووەتەوە."
دیارترین پڕۆژەی وزەی خۆر لە سنوورەکە، پڕۆژەی کۆمپانیای چیمەنتۆی دەلتایە کە 50 مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنێت.
گوتەبێژی کارەبای سلێمانی گوتی، ئەو هاوبەشانەی خۆیان تۆمارکردووە و سیتمی وزەی خۆریان هەیە، کە ئەگەر کارەبای زیادەیان هەبێت و بیخەنە ناو تۆڕی نیشتمانییەوە، مانگانە بڕی کیلۆواتە زیادەکان لە پسووڵەکانیان بۆ دادەشکێندرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ