ئانۆ جەوهەر لە واشنتن: پێویستە میلیشیاکان لە ناوچەی پێکهاتەکان دەربکرێن

05-02-2026
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوەی هەرێمی کوردستان لە واشنتن زنجیرەیەک کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا کرد و تێیدا جەختی لە پاراستنی مافی پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان لە عێراق و سووریا کردەوە؛ هاوکات بانگهێشتی بەرپرسانی ئەو وڵاتەی کرد بۆ بەشداریکردن لە "رۆژی نزا و پاڕانەوەی نیشتمانیی کوردستان".
 
لە پەراوێزی لووتکەی جیهانیی ئازادییە ئایینییەکان لە واشنتن، ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوە و گەیاندن (وەک نوێنەری پێکهاتەی کریستیان)، لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوە، کۆنگرێس، ناوەندەکانی بڕیاردان و کۆمیسیۆنی ئەمریکا بۆ ئازادییە ئایینییە نێودەوڵەتییەکان (USCIRF) کۆبووەوە.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی ئانۆ جەوهەر، لە کۆبوونەوەکاندا تیشک خراوەتە سەر ئەو مەترسییانەی بەهۆی دەستوەردانی گرووپە چەکدارەکان و میلیشیاکانەوە رووبەڕووی خەڵکی دەشتی نەینەوا دەبنەوە. وەزیری گواستنەوە جەختی کردووەتەوە کە "دەرکردنی گرووپە چەکدارەکان لە ناوچە مەسیحی و ئێزدینشینەکان، مەرجێکی بنەڕەتییە بۆ گەڕانەوەی سەقامگیری و پاراستنی مێژوویی ئەو پێکهاتانە."
 
هەروەها ئاماژە بەو گوشارانە دراوە کە دەخرێنە سەر سەرکردە ئایینییەکان، بەتایبەتی پاتریارک مار لویس ساکۆ، سەرۆکی کەنیسەی کلدانی لە عێراق و جیهان.
 
تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکانی وەزیری گواستنەوە لە واشنتن، تایبەت بوو بە یاسای هەڵبژاردنەکانی عێراق. ئانۆ جەوهەر جەختی کردووەتەوە کە دەبێت سیستمی کۆتا وەک گەرەنتییەکی دەستووری بپارێزرێت و "دەنگدانی تایبەت بە کۆتاکان تەنیا بۆ خودی پێکهاتەکان بێت، نەک لایەنەکانی دیکە ویستی سیاسیی پێکهاتەکان زەوت بکەن."
 
لە دیدارەکاندا باس لە پێویستیی جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال کرا بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی ناوچەکە و دوورخستنەوەی چەکی نافەرمی. هاوکات، دۆخی پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان لە رۆژئاوای کوردستان و باکووری سووریا تاوتوێ کرا و داوا کرا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گرنگیی زیاتر بە مافەکانیان بدات.
 
ئانۆ جەوهەر داوای کردووە مەسیحی و ئێزدییەکان لە حکومەتی داهاتووی عێراقدا هاوبەشییەکی راستەقینەیان هەبێت. هەروەها دۆسیەی ئێزدییە رفێندراوەکانی وەک "ئەرکێکی ئەخلاقی و مرۆیی" ناوبرد و داوای بەردەوامیی هەوڵەکانی کرد بۆ دۆزینەوەیان.
 
لە کۆتایی دیدارەکانیدا لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا، ئانۆ جەوهەر بانگهێشتنامەیەکی فەرمی ئاراستە کردن بۆ بەشداریکردن لە "رۆژی نزا و پاڕانەوەی نیشتمانیی کوردستان" کە بڕیارە لە نیسانی 2026 بە چاودێری و ئامادەبوونی سەرۆک مەسعود بارزانی بەڕێوەبچێت.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و مایکڵ واڵتز، نوێنەری ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان

مەسرور بارزانی و باڵیۆزی ئەمریکا لە UN تاوتوێی هەناردەکردنەوەی نەوتیان کرد

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە نوێنەری ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان پێگەیشت. لە پەیوەندییەکەدا باس لە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا کرا وەک هەنگاوێک بۆ کەمکردنەوەی قەیرانی دارایی عێراق و هەرێمی کوردستان.