فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق: لێپرسینەوە لەگەڵ پارێزگاری کەرکووک نەکرێت دەنگ بە بودجە نادەین

05-04-2023
هێمن عەساف
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هۆشداری دەدات کە دەنگ بە پڕۆژەیاسای بودجەی دارایی ساڵی 2023 نادەن، ئەگەر چاودێرییەکی چڕ و رژدی "پڕۆژە گوماناوییەکان" نەکرێت و بەر بە "گەندەڵییەکانی پارێزگاری کەرکووک بە وەکالەت" نەگرن. 
 
ئەمڕۆ چوارشەممە، 5ـی نیسانی 2023، پەرلەمانتارانی بازنەی کەرکووکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانییان رێکخست. دیلان غەفوور راگەیێندراوی فراکسیۆنەکەی خوێندەوە و رایگەیاند، راپۆرتی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق دەریدەخات کێشەی نەبوونی میکانیزمی روونی دابەشکردنی پرۆژە خزمەتگوزارییەکان لە پارێزگای کەرکووک بەدی ناکرێت. 
 
دیلان غەفوور گوتی، ئەو راپۆرتەی دیوانی چاودێریی دارایی دوای هەوڵێکی زۆری ئەوانەوە هاتووە و لە کاتێکدایە بەپێی رێنماییەکانی یاسای ئاسایشی خۆراک و گەشەسەندنی ژمارە 2 بۆ ساڵی 2022، دەبێت پارێزگار بەگوێرەی ژمارەی دانیشتووان و بەرنامە و پلانی بەرپرسانی یەکە ئیدارییەکان لە کاتی جێبەجێکردنی یاساکەدا راوێژ بکات، بەڵام پارێزگاری کەرکووک پێچەوانەی ئەمە کاردەکات و بە ئەنقەست پێشێلی یاسا دەکات و گوێ بەبنەمای یەکسانی لە جێبەجێکردنی پڕۆژەکان نادات. ئەمەش پێچەوانەی یاسا و دەروازەیەکی فراوانە بۆ زنجیرە گەندەڵییەکانی لەم پارێزگایەدا. 
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی فراکسیۆنی یەکێتیی کە دیلان غەفوور خوێندییەوە: "پارێزگاری کەرکووک پۆست و دەسەڵاتەکانی بۆ بەدەستهێنانی بەرژەوەندیی کەسی و گرووپی تەسکی خۆی دەقۆزێتەوە و تەنیا بۆ بەرژەوەندیی خۆی و ئەو ناوچەیەی هەژموونی بەهێزی هەیە و بۆ بەرژەوەندیی حیزبەکەی بەکاریان دەهێنێت." 
 
دیلان غەفوور گوتی: "یەکێک لە بەرچاوترین گەندەڵییەکانی پارێزگاری کەرکووک بە وەکالەت، رێژەی 15٪ـی بودجەی پارێزگاکە بەشێوەیەکی گوماناوی بەبێ بوونی هیچ پاڵپشتییەکی یاسایی لە چوارچێووەی پرۆژە ستراتیژییەکان بەکاردەهێنێت. هەروەها بەبێ ئاماژەدان و ئاشکراکردنی رێژە و بڕی بەکارهێنانی داهاتەکانی یاسای ئاسایشی خۆراک، ژمارە و گوژمەکان بەپێی ویستی خۆی دەیکات. 
 
دیلان غەفوور داوایەکی لە سەرۆکوەزیران کرد کە بەجدی چاو بە "پێشێلکاری و گەندەڵییەکان"ی پارێزگاری کەرکووک بخشێنێتەوە و گوتیشی: "هۆشداری دەدەین کە ئێمە دەنگ بە پڕۆژەی بودجەی ساڵی 2023 نادەین ئەگەر چاودێرییەکی چڕ و ورد بۆ سەرجەم پڕۆژە گوماناوییەکانی پارێزگار نەکرێت. بەرپرسیارێتییەکانمان هانمان دەدات رێگە بە پارێزگار نەدەین دەست بۆ ئەو پرۆژانە ببات کە تەنیا خزمەت بە چینێکی دیاریکراوی پارێزگاکە دەکات و هەزاران هاووڵاتیی ئەم شارە بێبەش دەکرێن". 
 
ئەو پەرلەمانتارەی یەکێتی ئاماژەی بەوەکرد، سەرجەم دۆسیەکان دەخەنە بەردەم لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ ئەوەی ئاگاداربن لە کەرکووک چی دەگوزەرێت. داواش لە لایەنە پەیوەندیدارەکان بە دیوانی چاودێریی داراییشەوە دەکات هەوڵەکانیان چڕ بکەنەوە بۆ بەرگرتن لە بەهەدەردانی بێسنووری داهاتی وڵات کە بە گوتەی ئەو، لە رێگەی گرێبەستی پرۆژە پەیوەندیدارەکانەوە لە پارێزگاکە دەکرێت.
 
دیلان غەفوور لە بەشی کۆتایی راگەیێندراوەکەدا ئاماژەی بە جیاوازیی لە پێشکێشکردنی خزمەتگوزاری لە پارێزگاکە دا و گوتی: "بەهیچ شێوەیەک چاوپۆشی لەو جیاکاریی و ناعەدالەتییانە ناکەین لە ناوچە کوردییەکانی وەک قەرەهەنجیر و شوان و ناوچەکانی دیکەش دەکرێت کە کورد، تورکمان و عەرەب پێکەوە دەژین. رێژەی ئەو خزمەتگوزارییانەی پێشکێشی ئەم ناوچانە کراون زۆر کەمن."  

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دروێنەی گەنم. وێنە: Reuters

جووتیاران ئاگادار دەکرێنەوە؛ لە 4ـی 1ـەوە ناوی خۆتان تۆماربکەن

وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان پلانی ساڵانەی خۆی بۆ تۆمارکردنی زانیاریی ئەو جووتیارانە دەستپێدەکات کە گەنمیان چاندووە. بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر دەڵێ، هەر جووتیارێک ناوی تۆمارنەکرێ، بۆ وەرزی داهاتوو گەنمەکەی لێ وەرناگیرێ.