رووداو دیجیتاڵ
لە شارۆچکەی (شاخ)ی سەر بە پارێزگای وانی باکووری کوردستان، بەهۆی لێزمەباران و بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی رووبارەکان، رێگەی سەرەکیی نێوان وان و شاخ لە هەردوو ئاراستەوە داخرا.
لە پارێزگای وان، بارانی زۆر و توانەوەی بەفر کاریگەریی خراپیان لەسەر هاتووچۆ دروست کردووە. لە شارۆچکەی شاخ، رۆژی دووشەممە 4ـی ئایاری 2026، بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی رووبارەکان لافاو دروست بوو.
لەسەر رێگەی سەرەکیی شارۆچکەی شاخ و ناوەندی شاری وان، بەهۆی بارانی بەخوڕ و توانەوەی بەفر، بەرد و تاشەبەرد بەسەر رێگەکەدا هاتنە خوارەوە. بۆ ئەوەی سەلامەتیی گەشتیار نەکەوێتە مەترسییەوە، رێگەکە لە کاژێر 21:00ـی شەوی رابردووەوە داخراوە.
کاربەدەستانی پارێزگاکە دەڵێن، بۆ پاراستنی گیان و ماڵی هاووڵاتییان، رێگەکە لە هەردوو ئاراستەوە داخراوە. سەبارەت بە کردنەوەی رێگەکەش، ئاماژە بەوە دەکەن کە لە ماوەیەکی نزیکدا زانیاریی نوێ بڵاودەکەنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ