رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان رایدەگەیێنێت، تووندوتیژیی ئەلیکترۆنی لە هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی مەترسیدار زیادی کردووە و دەڵێت، تەنیا لە ساڵی 2025دا زیاتر لە 14 هەزار سکاڵای تووندوتیژیی خێزانیتۆمارکراون.
رۆژی دووشەممە 04-05-2026، فێنک شەفیق، بەڕێوەبەری گشتیی بەرەنگاربوونەوەی متووندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان، لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 07:00ـی بەیانیی تۆڕی میدیایی رووداو، کە نالین حەسەن پێشکێشی دەکات، رایگەیاند، "لە هەموو جیهان تووندوتیژی دژی ژنان هەیە، چ ئەوانەی لە ماڵەوەن یان ئەوانەی لە دەرەوە کار دەکەن؛ بەتایبەتی تووندوتیژیی ئەلیکترۆنی کە ئێستا باوترین جۆرە و بووەتە دێوەزمە بۆ ژنان، کچان و تەنانەت پیاوانیش."
بە گوتەی فێنک شەفیق، بەهۆی ئەوەی ئێستا بەکارهێنانی مۆبایل لەنێو خەڵکدا گەیشتووەتە 100%، ئامارەکانی تووندوتیژی روویان لە زیادبوون کردووە.
بەپێی ئەو ئامارانەی بەڕێوەبەری گشتیی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی لە رێگەی (رووداو)ەوە بڵاوی کردنەوە، لە ساڵی 2025دا تەنیا لە چوارچێوەی "خێزاندا" 14هەزار و 456 سکاڵا تۆمارکراون، کە وردەکارییەکەی بەم شێوەیە:
- تووندوتیژیی جەستەیی (لێدان): 3 هەزار و 500 کەیس.
- شەڕ و کێشەی ناو خێزان: 3 هەزار کەیس.
- تووندوتیژیی ئەلیکترۆنی (تەنیا لەناو خێزان): 95 کەیس.
- بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆ: 99 کەیس.
- تووندوتیژیی سێکسی لەناو خێزان: 73 حاڵەت.
داوای هەموارکردنەوەی یاسا دەکرێت
فێنک شەفیق ئاماژەی بەوە کرد کە یاساکانی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی کۆنن و مێژووەکەیان بۆ ساڵی 2008 دەگەڕێتەوە، گوتیشی، "داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین لە کاتی کارابوونەوەی پەرلەماندا، یاساکە هەموار بکرێتەوە یان یاسایەکی نوێ دابنرێت کە بە شێوەیەکی باشتر کچان و ژنان بپارێزێت."
بەڕێوەبەری گشتیی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی ئافرەتان ئاماژەی بە هێڵی گەرمی (119) کرد و رایگەیاند، هێڵەکە بە شێوەیەکی بێبەرانبەر بۆ هەرسێ هێڵی (ئاسیاسێل، کۆڕەک و زەین) بەردەستە و بە هەرسێ زمانی (کوردی، عەرەبی و ئینگلیزی) وەڵامی پەیوەندیی ئافرەتانی ناوخۆیی و بیانی دەدرێتەوە و بەدواداچوون بۆ کێشەکانیان دەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ