رووداو دیجیتاڵ
وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە هەرێمی کوردستان، لە کۆنفرانسێكی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیاران، عێراق مامەڵەیەکی "نایەکسان" دەکات و جیاوازی لەنێوان جووتیارانی هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی دیکەی عێراق دا دەکات.
کۆنفرانسەکەی بێگەرد تاڵەبانی، ئەمڕۆ سێشەممە لە هەولێر بەڕێوەچوو و رایگەیاند: "پێچەوانەی رابردوو، هەرێمی کوردستان سێ چوار ساڵە رێژەی بەرهەمی بنەتۆوی زۆر زیادکردووە و بەهۆیەوە هاوردەکردنی بە رێژەیەکی زۆر کەم بووەتەوە".
وەزیری کشتوکاڵ گوتی: "بەگوێرەی تایبەتمەندیی ناوچەکان، بەرهەمی بنەتۆو بەرهەمێندراوە بۆ ئەوەی بڕشتی باشیان هەبێ و جووتیاران بتوانن سوودی باشی لێ ببینن. ئەمساڵ بەرهەمی بنەتۆومان لە پار زیاتر دەبێ کە 11 هەزار تۆنمان بە نرخی پاڵپشتی دا بە جووتیاران. دەمانەوێ هەرێمی کوردستان بتوانێت بنەتۆوی هێندە زۆربێ بەرهەمی نێوخۆ پڕبکاتەوە".
بە گوتەی بێگەرد تاڵەبانی، "عێراق سیاسەتێک پیادە دەکات کە ناچێتە نێو هیچ چوارچێوەیەکی هاوئاهەنگی یەکدییەوە، چونکە جیاوازی دەکرێ لەنێوان جووتیارانی هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی دیکەی عێراق. ئێمە هەموو داتا پێویستییەکان بۆ وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق دەنێرن، بەڵام تاوەکو ئیستا دان بەوەدا نانێن مامەڵەیەکی یەکسانمان لەگەڵدا بکەن".
عێراق بڕیاریداوە ئەمساڵ تەنیا 292 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەربگرێت، بێگەرد تاڵەبانی دەڵێت بەو رێژەیە رازینابن.
وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە هەرێمی کوردستان گوتی: "نووسراوی تایبەتمان ئاراستەی جەنابی سەرۆککۆمار، سەرۆکوەزیران و لایەنە پەیوەندیدارەکان [لە عێراق] کردووە کە رەزامەند نین بەو بڕەی بۆ هەرێمی کوردستان دیاریکراوە، ئەوە پێشێلکردنی مافی جووتیارانە".
ئەو بڕە گەنمەی بۆ هەرێمی کوردستان دیاریکراوە وەربگرێتەوە دابەشی سەر پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دەکرێت؛ بەگوتەی بێگەرد تاڵەبانی، "بۆ هەر جووتیارێک لە چەند کیلۆیەک گەنم تێپەڕ ناکات، لەکاتێکدا بۆ جووتیارانی عێراق سەدان کیلۆ دەبێت".
بێگەرد تاڵەبانی گوتی، لەسەر هێڵ دەبن و داکۆکیی لە مافی جووتیارانی هەرێمی کوردستان دەکەن تاوەکو بتوانن رێژەی پێویست بۆ وەرگرتنی گەنم دەستەبەر بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ