رووداو دیجیتاڵ
لە چەند رۆژی داهاتوودا شاندێکی دەم پارتی دەچێتە هەرێمی کوردستان و بەشداری لە رێوڕەسمی چەکدانانی گرووپێکی گەریلای پەکەکە دەکات. ئەو پارتە دەڵێت، ناوی رۆژنامەڤانان و چالاکڤانان تۆمار دەکەن بۆ ئامادەبوونیان لە رێوڕەسمەکە.
ئەمڕۆ شەممە، سەرچاوەیەکی ئاگادار بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "کۆتایی ئەم هەفتەیە یان سەرەتای هەفتەی داهاتوو شاندێکی دەم پارتی سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات."
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، شاندەکە راستەوخۆ دەچێتە سلێمانی و ئامانجی سەرەکیشی بەشداربوونە لە رێوڕەسمی چەکدانانی یەکەم گرووپی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە).
ناوی ئەندامانی شاندەکەی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) ئاشکرا نەکراوە.
ئایشەگوڵ دۆغان، گوتەبێژی دەم پارتی شەوی رابردوو رایگەیاند، "چاوەڕێین لە ماوەیەکی نزیکدا یەکەمین قۆناخی ماڵئاواییکردن لە چەک ببینین. ئەوە قۆناخێکی گرنگ و مێژوویی دەبێت."
هەر ئەمڕۆ، دەم پارتی رایگەیاند، لە چوارچێوەی "پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی"دا ژمارەیەک نووسەر و نوێنەری پارتەکان بانگهێشتی رێوڕەسمی چەکدانانی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان دەکەن و داواشی لە رۆژنامەڤانان کرد بۆ وەرگرتنی مۆڵەتی رووماڵکردن ناویان تۆمار بکەن.
لە راگەیێندراوەکەی دەم پارتیدا هاتووە، "ژمارەیەکی سنووردار (نزیکەی 15-20 کەس) لە نووسەران، نوێنەرانی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و پارتە سیاسییەکانی بانگهێشت دەکەن، لە رێگەی رێکخستنی ئەوانەوە بچنە هەرێمی کوردستان بۆ ئامادەبوون لە رێوڕەسمی چەکدانانی پەکەکە."
دەم پارتی داوایکردووە، بۆ رووماڵکردنی رێوڕەسمی چەکدانانەکە، رۆژنامەڤانانیش خۆیان تۆماربکەن بۆ ئەوەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان هاوئاهەنگییان بۆ بکەن بۆ رووماڵکردن.
دەم پارتی ئاماژەی بەوەشکردووە، بانگهێشتکردنی رۆژنامەڤان و چالاکڤانەکانی تورکیا و باکووری کوردستان بە "ئاگاداری حکومەتی تورکیا بەڕێوەدەچێت".
رووداو زانیویەتی، چەکدانانی گرووپەکەی پەکەکە لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین لە پارێزگای سلێمانی دەبێ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ