رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، وەکو رێگەخۆشکردنێک بۆ پرۆسەی چارەسەری و چەکدانانی پەکەکە، زیاتر لە مانگێکە تورکیا هیچ بۆردوومانێکی سنووری بناری قەندیلی نەکردووە. رووداو زانیویەتی، رێوڕەسمی چەکدانانی یەکەم گرووپی گەریلا لە ئیدارەی راپەڕین دەبێت و پەیامی تێدا پێشکێش دەکرێت.
30ی حوزەیران، بۆ یەکەم جار تۆڕی میدیایی رووداو لە دوو سەرچاوەی تایبەتەوە بڵاویکردەوە، لە سەرەتاکانی مانگی تەممووزدا وەکو "نیازپاکی" بۆ سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری لە تورکیا، ژمارەیەک گەریلای پەکەکە چەک دادەنێن.
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، کە ئەمڕۆ شەممە لە زیاتر لە سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە وەری گرتوون، یەکەم گرووپی گەریلای پەکەکە لە رێوڕەسمێکدا لە ناوچەیەکی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین لە پارێزگای سلێمانی چەکەکانیان دادەنێن.
"بۆردوومانی بناری قەندیل راگیراوە"
لە سەرەتای پرۆسەی چارەسەریدا چەند جارێک فەرماندەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) رایانگەیاند، "بۆردوومان و هێرشی تورکیا بەردەوامە"، ئەوەش وادەکات پرۆسەی چەکدانان و ئاشتی بکاتە ئەرکێکی قورس.
ئەو ناوچەیەی بڕیارە رێوڕەسمەکەی تێدا بەڕێوەبچێت، ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕینە. هیوا قەرەنی، سەرپەرشتیاری ئیدارەکە ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "هێندەی ئاگاداربین، زیاتر لە مانگێکە هیچ بۆردوومانێکی ناوچەکەمان و سنووری قەندیل نەکراوە."
هەر ئەمڕۆ کامەران عوسمان، ئەندامی رێکخراوی (سی پی تی) ئەمریکی لە هەرێمی کوردستان، کە بۆردوومانەکانی سەر هەرێمی کوردستان تۆمار دەکەن، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەم مانگە و مانگی رابردووش هیچ بۆردوومان و هێرشێک بۆ سنووری بناری قەندیل نەکراوە و دۆخەکە ئارامە."
"چەکەکان لەنێودەبرێن"
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، گەریلاکان چەکەکانیان رادەستی هیچ لایەنێک ناکەن و لەکاتی رێوڕەسمەکەدا لەنێویان دەبەن (سووتاندن یان شێوەیەکی دیکە بۆ لەنێوبردن).
بڕیارە لە رێوڕەسمی چەکدانانەکەدا، ژمارەیەک میدیا، رێکخراو، کەسایەتیی سیاسی لە کوردستان و دەرەوە ئامادەبن.
هەر بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، ئەو گرووپەی چەک دادەنێن، دەگەڕێنەوە شوێنەکانی خۆیان.
زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، لەو ژمارە گەریلایەی بڕیارە لە رێوڕەسمەکەدا چەکەکانیان دابنێن، فەرماندەی باڵای پەکەکە هەیە. هەرچەند ناوی چەند فەرماندەیەکی گەریلا دەهێندرێت لە میدیاکانی تورکیا، بەڵام سەرچاوەکانی نزیک لە پارتەکە رەتی دەکەنەوە ناوی هیچ کەسێک ئاشکرا کرابێت.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت، "پەکەکە دەیەوێت نیشانی بدات کە خوازیاری ئاشتییە، هاوکات دەرفەتێکی نوێ بداتە تورکیا، کە رێکارە یاساییەکان بگرێتەبەر."
"ئۆجەلان و رێوڕەسمەکە پەیامی جیایان دەبێت"
یەکێکی دیکە لە چاوەڕوانییەکان پێش رێوڕەسمی چەکدانانی پەکەکە، پەیامێکی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستانە.
بەپێی بەدواداچوونی رووداو، "بە ئەگەری زۆر" ئۆجەلان لە رێگەی پەیامی ڤیدیۆییەوە داوای چەکدانان و هەنگاوی کرداری لە پەکەکە دەکات و ئەوانیش لەسەر بنەمای داواکەی، رێوڕەسمەکە بە شێوەی ئاشکرا و بە ئامادەبوونی میدیاکان بەڕێوەدەبەن.
رۆژی چوارشەممە 2ی تەممووز، زاگرۆس هیوا، گوتەبێژی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) وێڕای پشتڕاستکردنەوەی زانیارییەکانی رووداو بۆ ژمارەی ئەو گەریلایانەی چەک دادەنێن، بە ئاژانسی هەواڵیی ئەسۆشیەیتد پرێسی راگەیاند، "لە 10 بۆ 12ی تەممووز یەکەم گرووپ چەک دادەنێن."
دوای بڵاوبوونەوەی زانیارییەکان لە رووداوەوە، میدیای نزیک لە پەکەکە رایگەیاند، "بۆ نیشاندانی نیازپاکی، ژمارەیەک گەریلا لە هەرێمی کوردستان رێوڕەسمی چەکدانان ئەنجام دەدەن و چەکدانانەکەش بە شێوەی راستەوخۆ پەخش دەکرێت."
بەگوێرەی ئەو میدیایانە، لە رێوڕەسمەکەدا پەیامی "ئێمە ئامادەین بۆ بەشداریکردن لە سیاسەتی دیموکراسی" لەلایەن پەکەکەوە پێشکێشی جیهان دەکرێت.
"ئەردۆغان و دەم پارتی کۆدەبنەوە"
بڕیارە ئەم هەفتەیە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و شاندی دەم پارتی – ئیمراڵی کۆببنەوە.
چاوەڕوان دەکرێت، دوای کۆبوونەوەکەی ئەردۆغان و دەم پارتی، "لە نزیکترین ماوەدا" رێوڕەسمی چەکدانان بەڕێوەبچێت.
شاندی دەم پارتی دەیەوێت لەژێر چاودێریی پەرلەمانی تورکیادا کۆمیسیۆنێک پێکبهێندرێت بۆ پڕۆسەی چارەسەری، بۆئەوەی دوای هەنگاوەکانی پەکەکە ئەوانیش کارەکانیان دەستپێبکەن، کە دیارترینیان گۆڕینی چەند یاسایەکی تورکیایە لە بەرژەوەندیی کورد.
"رێگەخۆشکردنەکانی دیکە بۆ پرۆسەی چارەسەری"
یەکێکی دیکە لە رێگەخۆشکردنەکان بۆ پڕۆسەی چارەسەری ئەوەیە کە هێرشی میدیایی نێوان دەوڵەتی تورکیا و پەکەکە دژی یەکدی کەمی کردووە.
لە چەند رۆژی رابردوودا میدیاکانی دەوڵەتی تورکیا هێرشی کەمیان کردوەتە سەر پەکەکە. بەشێک لە میدیای پەکەکەش جیاواز لە پێشتر، بۆ سەرۆککۆماری تورکیا پێشگری "سەرۆککۆمار ئەردۆغان"یان بەکارهێناوە.
یەکێکی دیکە لەو رێگەیانەی دەکرێت ئاماژەبن بۆ جیدیەتی پرۆسەی چارەسەری، کەمبوونەوەی دەستگیرکردنی ئەندامانی دەم پارتییە لە تورکیا و باکووری کوردستان.
بەگوێرەی بەدواداچوونی رووداو، لە یەک مانگی رابردوودا هیچ کوردێکی ئەندام لە دەم پارتی بە تۆمەتی "رێکخستنی قەدەخە" دەستگیر نەکراوە، جگە لە چەند گەنجێکی کورد لە هەفتەی رابردوو بۆ ماوەی چەند کاژێرێکی کەم دەستبەسەر کران و دواتر ئازاد کران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ