رووداو دیجیتاڵ
دوای دەستنیشانکردنی رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و پێشوازی نێودەوڵەتی لە بڕیارەکە، لایەنە سیاسییەکان لە هەرێمی کوردستان ئامادەیی خۆیان بۆ بەشداری لە پرۆسەکە نیشان دەدەن.
یەکگرتووی ئیسلامی، کۆمەڵی دادگەری و بزووتنەوەی گۆڕان کە لە گفتوگۆیەکی بەرفراوانیی رووداوی ئەمڕۆدا بەشداربوون و باسیان لەوە کرد، ئۆباڵی دواخستنی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان لەئەستۆی هەردوو حیزبە دەسەڵاتدارەکەیە.
"دەسەڵاتمان نییە"
نزار مەحموود، ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان لەبارەی دەستنیشانکردنی رۆژی هەڵبژاردن و ئامادەیی بزووتنەوەکەیان بۆ پرۆسەکە دەڵێت، "ئێمە ئامادەین بۆ هەڵبژاردن، بەڵام پێمان وانییە لەو کاتەدا هەڵبژاردنەکە بکرێت کە دیاریکراوە، چونکە هەمان ئەو کێشانەی بوونە هۆی دواخستنی هەڵبژاردن ئێستاش هەن".
ئەو ئەندامەی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان پێیوایە کە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رۆڵی یاسایی خۆی گێڕاوە، بەڵام گوتیشی، "لە هەرێمی کوردستان بڕیار لای پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە و تەنانەت ئەو کاتەشی بزووتنەوەی گۆڕان هێزی دووەم بوو لە هەرێمی کوردستان، نەیتوانی رۆڵ بگێڕێت وەکو هێزی دووەم".
نزار مەحموود گوتیشی، "لە هەرێمی کوردستان هەڵبژاردن ناتوانێت گرفتەکان چارەسەر بکات و ئێستاش گوشارێکی نێودەوڵەتی بۆ ئەنجامدانی پرۆسەکە هەیە".
"چوارچێوەی نیشتمانی"
هەر لە رووداوی ئەمڕۆدا د. سەڵاحەدین بابەکر، کارگێڕی ئەنجوومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان باسی لەوە کرد کە هەڵبژاردنی 25 شوبات ناچارییە و دەبێت ئەنجامبدرێت.
کارگێڕی ئەنجوومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان گوتی، ئەوان لەماوەی رابردوودا بەهۆی دواخستنی هەڵبژاردنەوە لە پەرلەمانی کوردستان کشانەوە و کشانەوەکەشیان گوشارێکی ناوخۆیی و دەرەکی لەسەر دەسەڵاتی سیاسیی هەرێمی کوردستان دروستکرد تا هەڵبژاردن ئەنجام بدەن.
د. سەڵاحەدین بابەکر رایگەیاند، کارنامەیەکی سیاسییان بۆ کۆکردنەوەی هێزەکانی دەرەوەی دەسەڵات بۆ هەڵبژاردن ئامادەکردووە و دەڵێت، "پڕۆژەیەکمان هەیە بەناوی "چوارچێوەی نیشتمانیی دەنگە ناڕازییەکان" کە بە نووسراو ئاراستەی لایەنەکانی دەرەوەی دەسەڵاتیان کردووە بۆئەوەی لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتییەکی بەرفراواندا کۆببنەوە؛ گوتیشی، ئەو پرۆژەیە بۆ لایەنەکانی دەرەوەی دەسەڵاتە و ئەو حیزبانە لەخۆی ناگرێت کە لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا بەشداربوون.
"چڕکردنەوەی گوشارەکان"
هەر لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆدا ئەندامێکی ئەنجوومەنی باڵای کۆمەڵی دادگەریی کوردستان گوتی، ئەوان گوشارەکانیان لەسەر دەسەڵاتی سیاسیی هەرێمی کوردستان چڕدەکەنەوە تا هەڵبژاردن لەو کاتەی دەستنیشانکراوە ئەنجام بدرێت.
شوان رابەر، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای کۆمەڵی دادگەریی کوردستان گوتی، ئەنجامدان و ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن بەدەست دەسەڵاتە و هەر ئەوانیش لێی بەرپرسن و ئۆپۆزیسیۆن ناتوانێت هەڵبژاردن ئەنجام بدات.
شوان رابەر گوتیشی، "سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان راوێژی بە لایەنەکان کردووە لەبارەی دەستنیشانکردنی رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان" و ئەوانیش گوشارەکانیان چڕدەکەنەوە تا چی دیکە هەڵبژاردن لەو کاتەی دەستنیشانکراوە دوانەخرێت.
بە گوتەی شوان رابەر، تا ئێستا کۆمەڵی دادگەریی کوردستان بڕیاری نەداوە بەشداریی هاوپەیمانێتی "چوارچێوەی نیشتمانیی دەنگە ناڕەزاییەکان" و هیچ هاوپەیمانێتییەکی دیکە بکات و هێشتا دەرگاکانیان واڵان بۆ گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن لەگەڵ سەرجەم لایەنەکاندا.
رۆژی پێنجشەممە، 3-8-2023 دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانییدا رایگەیاند، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رۆژی 25-02-2024ی وەکو رۆژی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرد، ئەوەش دوای راوێژ و گفتوگۆ لەگەڵ سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان.
دوابەدوای مەرسوومەکەش بەشێک لە وڵاتانی جیهان بەگەرمی پێشوازییان لە دیاریکردنی رۆژی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە کرد و داوا لە لایەنەکان دەکەن بەیەکەوە هەڵبژاردنەکان سەربخەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ