رووداو دیجیتاڵ
لەسەر گوژمەی پارێزگاری هەولێر جووتسایدی سەرەکیی ناحیەی دارەتوو قیرتاو دەکرێت و پارێزگاری هەولێر رایدەگەیێنێت حکومەت رەزامەندی داوە بە گوژمەی یەک ملیار دینار رێگای حاجی ئۆمەران نۆژەن بکەنەوە و گوتیشی لە هەفتەی داهاتووەوە دەست بە نۆژەنکردنەوەی ئەو رێگەیەش دەکرێت.
پارێزگاری هەولێر دەشڵێ "دروشم و پلانی ئێمە ئەوەیە بەرەو ئەو شوێنانە بڕۆین کە خەڵکی هەژارنشین و کەمدەرامەتی تێدایە، بەرەو ئەو گەڕەک و کۆڵان و گوندو قەزاو ناحیانە بڕۆین کە کەمترین دەستی خزمەتگوزاریان پێگەیشتووە".
ئێوارەی رۆژی شەممە 2020/09/05 پارێزگاری هەولێر بە یاوەری جێگری پارێزگار و بەڕێوەبەری گشتیی ئاوەدانکردنەوە و بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکان و قائمقامی دەشتی هەولێر و بەڕێوەبەری ناحیە و سەرۆکی شارەوانیی دارەتوو سەردانی ناحیەکەیان کرد.
فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "دیارە دەمێکە جووتسایدی دارەتوو کێشەی قیرتاوکردنی هەیە، بڕیارماندا لەسەر ئەرکی پارێزگا بە گوژمەی 170 ملیۆن دینار ئەو جووتسایدە قیرتاو بکەین. پشتیوان بە خودا هەفتەی داهاتوو تەواو دەبێت و لە دووبەیانییەوە کارەکانی قیرتاوکردن دەستپێدەکەن".
فرسەت سۆفی ئاماژەی بەوە دا، ئەمڕۆ دوای وەرگرتنی رەزامەندیی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاردرا بە گوژمەی زیاتر لە یەک ملیار دینار رێگەی حاجی ئۆمەران کە رێگەیەکی نێودەوڵەتییە و بە تەواوەتی تێکچووە، نۆژەن بکرێتەوە.
رێگەی حاجی ئۆمەران لە چەند رۆژی دهاتوودا کارکردن تێیدا دەستپێدەکات کە بارهەڵگری ئێجگار زۆر پێیدا هاتووچۆ دەکەن و بە گوتەی پارێزگاری هەولێر، لە هەفتەی داهاتووەوە دەست بە کارکردن دەکرێت و پێش هاتنی وەرزی زستان ئەویش تەواو دەکرێت.
پارێزگاری هەولێر باسی لەوەش کرد، بۆ شوێنەکانی دیکەش ئەوەی لە توانایاندابێت هەوڵی خۆیان دەخەنەگەڕ و گوتی، "درووشم و پلانی ئێمە ئەوەیە بەرەو ئەو شوێنانە بڕۆین کە خەڵکی هەژارنشین و کەمدەرامەتیان تێدایە، بەرەو ئەو گەڕەک و کۆڵان و گوند و قەزا و ناحیانە دەڕۆین کە کەمترین دەستی خزمەتگوزارییان پێگەیشتووە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ