بەرپرسی بەشی هەڵبژاردنی پارتی: بێ کورد سەرۆکوەزیرانی داهاتوو دانانرێت

05-11-2025
ئەحمەد تەڵعەت
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

بەرپرسی بەشی هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: "لە حکومەتی داهاتوودا بێ کورد، سەرۆکوەزیران دانانرێت، حکومەتیش بێ کورد سەرکەوتوو نابێ".
 
هەڵبژاردنی عێراق بەسەر 18 بازنە دابەشکراوە. جەعفەر ئیمینکی، بەرپرسی بەشی هەڵبژاردنی پارتی رۆژی چوارشەممە لە پانێلێکدا لە دهۆک رایگەیاند: "سەرەتا وادانرا هەمووی یەک بازنە بێ، دەنگی زیاتر بنەمای کورسی زیاتر بوو، بەڵام ترسێک دروست بوو کورد بەشداریی کارا بکات لە هەڵبژاردندا، عەرەبیش بەشدارییەکەی کەمە، کورد ببێتە زۆرینە.''
 
جەعفەر ئیمینکی ئەوە بە "تێگەیشتنێکی هەڵە" ناودەبات و دەڵێت: "سیستەم بۆ عێراق سەرەتا لەسەر بنەمای ژیرانە و بەرژەوەندیی عێراق دانرا، بەڵام دواتر دەستکاری کرا بۆ بەرژەوەندیی پێکهاتەیەک.'' 
 
بەرپرسەکەی پارتی دەڵێ: "هەڵەیەکی گەورە کرا و کورسییەکان دابەشکرا بەسەر چەند بازنەیەک، چونکە ناکرێت بێ سەرژمێری کورسی و بازنە دابنێی بۆ پارێزگاکان، سەرژمێری بۆ ئەوە دەکرێت دادپەروەرانە کورسی دابەش بکەی نەک یاسا بۆ مەبەستێک هەموار بکەیەوە.''
 
هەرێمی کوردستان لە هەڵبژاردنی 2024 دا بەسەر چوار بازنەی هەڵبژاردن دابەشکرا، جەعفەر ئیمینکی ئەوەش بە "کێماسی" دادەنێت بۆ هەرێمی کوردستان و دەڵێت: "لە هەرێمی کوردستانیش ئەو کێماسییە هەیە.'' 
 
بەرپرسەکەی پارتی نموونە بە رواندا لە ئەفریقا دێنێتەوە: "لە شەڕی نێوخۆوە بوونەتە وڵاتێک چاوی وەبەرهێنانی جیهانیان لەسەرە، سیستەمێکیان دانا هەموو پەرلەمانی وڵاتەکە 80 کورسی بێ  و 53 کورسی یەک بازنەی بۆ دانرا." داوا دەکات عێراقیش یەک بازنە بێت بۆ ئەوەی دەنگ ببێتە بنەمای نوێنەرایەتی لە پەرلەمان.
 
جەعفەر ئیمینکی دانانی کۆتا بۆ ژنان لە پەرلەمان بەمشێوەیەی ئێستا بە "سوکایەتی" بۆ ژنان ناودەبات و دەڵێت، دەبێ ئەوان رکابەری پیاوان بن لە گەیشتن بە پیاوان نەک چەند کورسییەکیان بۆ دابنرێت.
 
لەبارەی رۆڵی کورد لە حکومەتی داهاتوو، جەعفەر ئیمینکی دەڵێت: "کورد ئامادەیە بۆ گۆڕانکارییەکان، لە قۆناخی داهاتوودا، بێ کورد سەرۆکوەزیران دانانرێت، کابینەی داهاتووش کوردی تێدا نەبێ سەرکەوتوو نابێت، هەروەها سیاسەتی عێراقیش بۆ ناوچەکە بە بێ کورد بەڕێوەناچێت.''
 
بە بڕوای بەرپرسەکەی پارتی، هێشتا گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە بەردەوامن و ئەنجامی ئەو گۆڕانکارییانە دەرنەکەوتوون، بۆیە چارەسەر وەکو جەعفەر ئیمینکی دەڵێت: "دەبێ عێراق بگەڕێنینەوە ئەو خاڵەی ببێتە دەوڵەتی دامەزراوەیی، با کورسیمان 50 کورسی بێ، بەڵام گرنگ ئەوەیە وڵاتێکی دامەزراوەیی هەبێ.'' 
 
پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق 175 بەربژێری هەیە، لە 7 پارێزگا بەربژێری هەیە و لە بەغداش پشتیوانی بەربژێرێکی کوردی فەیلی دەکات.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە