رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکایەتیی شارەوانی هەولێر رایگەیاند، بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر رووداوێکی نەخوازراو بەهۆی بارانبارینەوە، هەموو تیمەکانیان خستووەتە ئامادەییەوە.
لە راگەیێندراوێکدا رۆژی هەینی شارەوانیی هەولێر رایگەیاند: "بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا و هاتنی شەپۆلێکی بارانبارین، سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر بە هاوئاهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارن سەرجەم تیمەکانی دەخاتە ئامادەییەوە".
شارەوانیی هەولێر ئاماژەی بەوەشکردووە، دوای پلانی وەرزی زستان و خاوێنکردنەوەی مەنهۆڵ و رێڕەوەکانی ئاو "ئێستا ئامادەکاری بۆ هاتنی شەپۆلێکی بارانبارین دەکرێت و لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان چەندین لیژنە و تیمی شارەزا لە تەواوی سنووری سەرۆکایەتیی شارەوانی هەولێر لەنێو گەڕەک و شەقامەکان جێگیر دەکرێن".
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە دوو ساڵی رابردوو کاری بەردەوامیان بۆ رێگریی لە لافاو کردووە. گوتیشی: "700 کیلۆمەتر رێڕەوە سرووشتییەکانی ئاومان خاوێنکردووەتەوە".
وەکو هەنگاوێکی دیکە بۆ رێگری لە لافاو، لە هەولێر ژمارەیەک پڕۆژەی ئاوەڕۆی سندووقی و لوولەیی دروستکراون، ئەمەش بە گوێرەی قسەکانی ئومێد خۆشناو.
شارەوانیی هەولێر رایگەیاندووە، دانیشتووانی هەولێر لەکاتی بارانباریندا "بۆ هەر پێشهات و رووداوێکی نەخوازرا و بەهۆی کۆبوونەوەی ئاو یاخود دروستبوونی لافاو، دەتوانن بەزووترین کات پەیوەندی بە تیمی فریاگوزاری شارەوانییەوە بکەن".
بە گوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، لە یەکشەممەوە شەپۆلێکی بارانبارین هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و کەشناسانیش پێشبینی دەکەن، لە چەند ناوچەیەک "بەرزبوونەوەی ئاو یان لافاو دروست ببێت".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ