رووداو دیجیتاڵ
هێرشەکەی ئەمریکا بۆ سەر ڤەنزوێلا نیگەرانی لەبارەی ئاشتی جیهانی دروست دەکات، ئەم هەموو کامێرا و هێزی پۆلیس و خۆپیشاندەرانە لە دەرەوەی دادگایەکی شاری نیویۆرک دەری دەخەن دادگاییەکی چەندە نائاسایی لێرە بەڕێوە دەچێت.
پەیامنێری رووداو لە بەردەم دادگای ناوچەی باشووری نیویۆرک بوو کە تێیدا نیکۆلاس مادورۆی سەرۆکی ڤەنزوێلا لەلایەن دادوەرێکی بە ئەزموونی تەمەن 92 ساڵەوە دادگایی دەکرێت.
ئەمە دادگاییەکی نێودەوڵەتی نییە، دادگاییەکە یاسای ئەمریکا جێبەجێ دەکات. بەڵام ئەوەی لە ژوورەوە دادگایی دەکرێت سەرۆکی وڵاتێکی خاوەن سەروەرییە لەگەڵ ژنەکەیدا، کە کۆتایی ئەم هەفتەیە هێزێکی کۆماندۆی ئەمریکی رفاندنی.
گابریێل ئینجڵ، چالاکڤان، بە رووداوی گوت: "ئەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکان ئەنجامی دا بە رفاندنی سەرۆک نیکۆلاس مەدورۆ، بەپێی یاسای نێودەوڵەتی کارێکی نایاساییە. ناتوانیت رێگە بدەیت وڵاتان سەرۆکەکانی نەتەوە خاوەن سەروەرییەکان بەو شێوەیە بڕفێنن. پێموایە هەموو ئەمە پەیوەندی بەو راستییەوە هەیە کە ڤەنزوێلا ئەو وڵاتەیە کە زۆرترین یەدەگی نەوتی هەیە لە هەموو جیهاندا."
بەڵام هەموو خۆپیشاندەران پرسی یاساییبوونی گرتنی مەدورۆیان بەلاوە گرنگ نەبوو. مارینیس سو، خۆپیشاندەرێکی ڤەنزوێلی، بە رووداوی گوت، "هەست بە دڵخۆشییەکی زۆر دەکەم. زۆر بەپەرۆشم بۆ بینینی مەدورۆ لەوێ (لەناو دادگا). دەتوانم بڵێم ئەمڕۆ باشترین رۆژی ژیانم بوو."
ویلفریدۆ بریسێنۆ، خۆپیشاندەرێکی ڤەنزوێلی، بە رووداوی راگەیاند: "ڤەنزوێلا لە ساڵانی حەفتاکان و هەشتاکاندا وڵاتێکی نایاب بوو. ئێمە وڵاتێکی سەرسوڕهێنەر بووین و هەمووان دەرفەتی گەورەیان لە بەردەمدا بوو. ئێستا ئەوە کۆتایی پێ هات، بەڵام ئێستا ئەو سەردەمە خەریکە دەگەڕێتەوە."
چەند کیلۆمەترێک لە دووری ئێرەوە، لە نەتەوە یەکگرتووەکان، نیگەرانی لەبارەی داهاتووی سەقامگیری جیهانەوە دەربڕدرا.
ستێفان دوجاریک، وتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانیش لەوبارەیەوە رایگەیاند: "سکرتێری گشتی رایگەیاند کە زۆر نیگەرانە لە ئەگەری چڕبوونەوەی ناسەقامگیری لە ڤەنزوێلا و کاریگەرییە چاوەڕوانکراوەکانی لەسەر ناوچەکە، هەروەها نیگەرانە لەو پێشینەیەی کە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی ئەمریکا دروستی کردووە بۆ چۆنیەتی بەڕێوەچوونی پەیوەندییەکانی نێوان دەوڵەتان."
لە ئەنجوومەنی ئاسایش کۆبوونەوەیەکی نائاسایی بەسترا.
لیۆنۆر زالاباتا، باڵیۆزی کۆڵۆمبیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوە دا: "ئەگەر وڵاتێک، بەتایبەتی وڵاتێک کە ئەندامی هەمیشەیی ئەم ئەنجوومەنەیە، بێڕێزی بەو یاسا نێودەوڵەتییانە بکات کە لە سان فرانسیسکۆ داڕێژراون، ئەوا رۆڵی ئەم ئەنجوومەنە چییە؟ و بناغەکانی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی لە کوێن؟"
ڤاسیلی نێبێنزیا، باڵیۆزی روسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی: "ئەوانەی لە هەلومەرجەکانی تردا کەفی دەم دەهێنن و داوا دەکەن ئەوانی تر رێز لە میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان بگرن، ئەمڕۆ بە شێوەیەکی تایبەت دووڕوو و نەشیاو دەردەکەون."
سون لێی، جێگری باڵیۆزی چین لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت: "چین بە توندی شۆک بووە و سەرکۆنەی ئەو کارە تاکلایەنە، نایاسایی و زۆردارییانەی ویلایەتە یەکگرتووەکان دەکات."
لە وەڵامدا، ئەمریکا مەدورۆ بە تاوانی گەورە دژی ئەمریکییەکان تۆمەتبار دەکات.
مایکل واڵتز، باڵیۆزی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە نەتەوە یەکگرتووەکان لەوبارەیەوە ئاماژەی بەوە دا: "ئەمە ئۆپەراسیۆنێکی جێبەجێکردنی یاسا بوو بۆ جێبەجێکردنی ئەو داوایەی دادگا کە چەندین دەیەیە بوونی هەیە. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بازرگانێکی ماددە هۆشبەرەکانی دەستگیر کردووە کە ئێستا بەپێی سەروەری یاسا لە ئەمریکا دادگایی دەکرێت، بەهۆی ئەو تاوانانەی ماوەی 15 ساڵە دژی گەلەکەمان ئەنجامی داون."
تەنیا یەک شت وای کردووە ئەمریکا بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی گوێ بە نیگەرانییە نێودەوڵەتییەکان نەدات. ئەویش پێشکەوتنی ئاستی تەکنۆلۆژی چەکەکانیەتی، کە واشنتن وادیارە پێی وایە بێ رکابەرە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ