رووداو دیجیتاڵ
هورمز یەکێک لە بەهێزترین چەکەکانی ئێران بوو لەم جەنگەدا، بەڵام بڕیاری ترەمپ بۆ گەمارۆدانی، کاریگەرییەکەی پێچەوانە کردووەتەوە. شرۆڤەکارێک دەڵێت: "بەردەوامی گەمارۆدانی هورمز ناسەقامگیری لە نێوخۆیی ئێران دروست دەکات".
رۆژی 14ـی نیسانی 2026، نوێنەر فاتیح، پێشکێشکاری رووداو لە رووماڵی پێشهاتەکانی دوای جەنگی ئێران، ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ میوانەکانی د. هیوا مەجید، لێکۆڵینڤان و د. سەردار موسا، پسپۆڕی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان باسی کاریگەرییەکانی گەمارۆدانی تەنگەی هورمزیان لەلایەن ئەمریکاوە کرد.
د. هیوا مەجید جێبەجێکردنی گەمارۆی تەنگەی هورمزی لەلایەن ئەمریکاوە بە کارتێکی گوشار دژی ئێران ناوبرد و گوتی: "داخستنی هورمز لەلایەن ئێرانەوە کارتێکی کورتمەودا بوو و بۆ ئیفلیجکردنی ئابووری جیهانی بەکاری دەهێنا، بەڵام ئێستا دژی خۆی بەکاردەهێندرێتەوە و کاریگەری لەسەر دۆخی دارایی لە نێوخۆیی ئێران دەبێت".
ئەو لێکۆڵینڤانە گوتی: "بەردەوامبوونی گەمارۆکە لە هورمز ناسەقامگیری ئابووری و کۆمەڵایەتی لە ئێران دروست دەکات، بە تایبەت لە دەستکەوتنی بەشێک لە کاڵاکان".
لە دووەم رۆژی جەنگەکەی لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکا، کۆماری ئیسلامیی ئێران تەنگەی هورمزی داخست، هەرچەندە ئەمریکا و چەند وڵاتێکی دیکە داوای کردنەوەیان کرد، بەڵام ئێران رەتیکردەوە.
بەپێی ئامارەکانی حکومەتی ئێران، رۆژانە بایی نزیکەی 90 ملیۆن دۆلار ئاڵوگۆڕی کاڵا لە بەندەرەکانییەوە دەکات. بە جێبەجێکردنی گەمارۆکان نزیکەی 90٪ـی ئەو بازرگانییە لە دەست دەدات.
د. هیوا مەجید لەبارەی جێگرەوەی تەنگەی هورمز بۆ ئێران گوتی: "ئێران هیچ رێگەیەکی دیکەی نییە بتوانێت جێگەی تەنگەی هورمزی بۆ بگرێتەوە".
لەبارەی هەمان بابەت، د. سەردار موسا، پسپۆڕی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان گوتی، بەردەوامیی شەڕ و گەمارۆی سەر تەنگەی هورمز، دەبێتە هۆکارێک بۆ داتەپینی ئابووریی ئێران و وادەکات نەتوانێ دۆخی ئابووریی خۆی بەڕێوەبەرێت.
ئێران لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا چەندین گرووپی پاڵپشیتکاری هەیە. د. سەردار موسا گوتی: "تێکچوونی ئابووری ئێران هۆکارێکە کە چی دیکە ئەو وڵاتە نەتوانێ پشتیوانی ئەو گرووپانە بکات و هەژموونی بەرەو لاوازی بڕوات".
ئەو پسپۆڕەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، لە ئەگەری جێبەجێبوونی هەموو ئەو پلانانەدا دەکرێ ئێران ناچار بێت بە رازیبوون بەو مەرج و داواکارییانەی کە ئەمریکا رایگەیاندوون.
رۆژی سێشەممە، 14ـی نیسانی 2026، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا باسی لە شێوازی دانوستاندن لەگەڵ ئێرانییەکان کرد و رایگەیاند: "ئێرانییەکان دانوستاندنکارێکی زۆر جیاوازن. ئەوەی من، جارێد کۆشنەر و ستیڤ ویتکۆف کردمان، روونکردنەوەی تەواوی شتەکان بوو. ئێمە زۆر بە روونی پێمان گوتن کە چی دەبەخشین و چیمان دەوێ."
جێگری سەرۆکی ئەمریکا هێڵە سوورەکانی وڵاتەکەی بۆ رێککەوتن دیاری کرد و گوتی: "دەبێت هەمو یۆرانیۆمە پیتێنراوەکە لە ئێران بچێتە دەرەوە و دەبێت پابەندییەکی یەکلاییکەرەوەیان هەبێت بۆ ئەوەی هەرگیز پەرە بە چەکی ئەتۆمی نەدەن." ڤانس ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەر ئێرانییەکان ئامادە بن لەم خاڵەدا لەگەڵ ئەمریکا رێکبکەون، ئەوا رێککەوتنەکە بۆ هەردوو وڵات زۆر باش دەبێت.
هەفتەی رابردوو، ئێران و ئەمریکا لەسەر ئاگربەستێکی دوو هەفتەیی رێککەوتن، بەڵام گفتوگۆی ئاشتی لە پاکستان لە رۆژی یەکشەممە بێ ئەنجام کۆتایی هات. لە وەڵامی ئەوەدا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا فەرمانی بە هێزی دەریایی وڵاتەکەی کرد کە گەمارۆ بخاتە سەر بەندەرەکانی ئێران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ