لە چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان کێشەی کەمی کارەبا هەیە؛ "تەنیا 3 کاژێر کارەبا هەیە"

دوێنێ کاژێر 02:33
محەممەد رەحیم کەریم @Mohammed_mrk
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لەگەڵ هاتنی شەپۆلی سەرما و وەرزی زستان، قەیرانێکی نوێ بەرۆکی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە؛ کەمیی کاژێرەکانی پێدانی کارەبای نیشتمانی هاونیشتمانییانی لە زۆرینەی ناوچەکان بێزار کردووە. دانیشتووانی خەلیفان، کۆیە و کەڵەکچی بەدەست ئەم کێشەیەوە دەناڵێنن و لە هەندێک شوێن نەبوونی کارەبا بووەتە هۆی پچڕانی ئاوی خواردنەوەش. بەرپرسانی ئیداریی ئەو ناوچانە دەڵێن، گرفتەکە گشتییە و پەیوەستە بە "کۆنتڕۆڵی ناوەندیی هەرێم" و چاوەڕێی بڕیاری وەزارەتی کارەبان.
 
خەلیفان؛ دانیشتووانی دۆڵی ئالانە: "تەنیا 5 کاژێر کارەبامان دەوێت"
 
لە سنووری قەزای خەلیفان، بەتایبەت لە "دۆڵی ئالانە"، خەڵک داوا دەکەن لانیکەم 5 کاژێر کارەبایان بۆ دابین بکرێت. مەغدید عەریف ئەحمەد، قایمقامی قەزای خەلیفان بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، کێشەی کارەبا تەنیا خەلیفان نییە، بەڵکو هەموو دەوروبەری هەولێر و ئیدارەی سۆران (جگە لە سەنتەری سۆران) یەک خشتەیان هەیە.
 
قایمقامی خەلیفان ئاماژەی بەوە کرد: "دیاریکردنی کاتەکان لە دەسەڵاتی کۆنتڕۆڵی ناوەندیدایە و رۆژانە دەگۆڕێت. کێشەی گوندنشینەکان ئەوەیە کارەبا لە درەنگی شەو دەدرێتەوە کە سوودی لێ نابینن." ناوبراو هیوای خواست کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزارەتی کارەبا کە بڕیارە ئەمڕۆ بەڕێوەبچێت، چارەسەرێکی گونجاو بدۆزێتەوە.
 
کەڵەکچی؛ بێکارەبایی بووەتە هۆی بێئاوی
 
لە ناحیەی کەڵەکچی سەر بە قەزای شێخان، کەمیی کارەبا گرفتی ئاویشی دروست کردووە. جەواد رەشاد، دانیشتوویەکی ناحیەکە دەڵێت: "نزیکەی مانگێکە کارەبامان زۆر خراپە، دوێنێ 15 کاژێر بەبەردەوامی کارەبا بڕابوو، ئەمەش وایکردووە ئاویشمان نەمێنێت، چونکە بیرەکان بە کارەبا کار دەکەن."
 
هەڤاڵ ئاکرەیی، بەڕێوەبەری ناحیەی کەڵەکچی لە پارێزگای دهۆک بۆ رووداو پشتڕاستی کردەوە کە ئەم دۆخە هەموو ناوچەکانی ئاکرێ، بەردەڕەش و شێخانی گرتووەتەوە و وتی: "بەرنامەکە ناوەندییە و وەک یەک دابەش کراوە؛ ئەگەر چارەسەرێک لە دەستی ئێمەدا بووایە دەمانکرد، بەڵام کێشەکە سەرتاسەرییە."
 
کۆیە؛ نرخی هەر ئەمپێرێک موەلیدە گەیشتووەتە سەروو 20 هەزار دینار
 
لە قەزای کۆیەش هاونیشتمانییان ناڕەزایەتی دەردەبڕن. محەممەد ئەحمەد، دانیشتووی گەڕەکی ئازادی دەڵێت: "دوو هەفتەیە کارەبای نیشتمانی لە کاژێر 7ی بەیانی تاوەکو 1ی شەو دەبڕێت. بەو هۆیەوە مانگی رابردوو بۆ هەر ئەمپێرێکی موەلیدە 20 هەزار و 500 دینارمان داوە."
 
تارق حەیدەری، قایمقامی قەزای کۆیە رایگەیاند، بڕی کارەبای نیشتمانی بەشێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە و تەنیا 2 بۆ 3 کاژێر کارەبا هەیە. ئاماژەی بەوەش کرد کە ناوچەکانی دەرەوەی "پڕۆژەی رووناکی" وەک تەقتەق، مەسیف، مەخموور و شەقڵاوە هەمان گرفتیان هەیە و چاوەڕێی ئەنجامی کۆبوونەوەی وەزارەتی کارەبان.
 
هەولێر؛ دانیشتووانی گەڕەکەکانی دەرەوەی 120 مەتری: "موەلیدەکانمان بۆ بخرێنەوە گەڕ"
 
دانیشتووانی گەڕەکەکانی تووڕەق، کانی قرژاڵە و مەلائۆمەر لە پارێزگای هەولێر، سەرەڕای ئەوەی کەوتوونەتە نێو "پڕۆژەی رووناکی"، بەڵام گلەیی لە تێکچوونی کارەبا دەکەن.
 
سەنگەر ئەحمەد، دانیشتووی گەڕەکی تووڕەق دەڵێت: "مانگ و نیوێکە شەوان کارەبامان نییە و ژیانمان لەبەردەم لایت و چرایە. ئەگەر حکومەت ناتوانێت کارەبا بدات، با موەلیدەکان بخرێنەوە کار." شۆڕش حەسەن، دانیشتووی کانی قرژاڵەش وێڕای دەربڕینی نیگەرانی، داوا دەکات لایەنە پەیوەندیدارەکان بە هانایانەوە بچن، چونکە لەم سەرمایەدا خوێندکاران ناتوانن لەبەردەم چرا و لایتدا بخوێنن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە