مەزڵووم عەبدی لەبارەی پشتیوانی ئیسرائیل بۆ هەسەدە: هەر کەسێک پشتگیریمان بکات پێی دڵخۆش دەبین

06-03-2025
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

فەرماندەی گشتیی هێزەکانی هەسەدە لەبارەی هەڵوێست و لێدوانەکانی بەرپرسانی ئیسرائیل لەسەر کورد رایگەیاند: "هەر کەسێک پشتگیریمان بکات پێی کەیفخۆش دەبین، ئینجا هەر کەسێک بێت."
 
مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە هەڤپەیڤینێکی تەلەفزیۆنیدا باسی لە هەڵوێستی بەرپرسانی ئیسرائیل بۆ گەلی کورد کرد.
 
رۆژنامەڤانی کورد ژیار گوڵ، لە کەناڵی (بی بی سی) لە مەزڵووم عەبدی دەپرسێت، "راپۆرت هەیە لەبارەی پەیوەندیی ئیسرائیل و رۆژئاڤا، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل چەند جارێک گوتوویەتی، دەبێت یارمەتی کورد بدرێت، تا چ رادەیەک پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل هەبووە و ئێوە قسەتان لەگەڵ کردوون؟"
 
مەزڵووم عەبدی بەشێوەیەکی گشتی وەڵامی پرسیارەکەی داوەتەوە و دەڵێت: "هەر کەسێک پشتگیریمان بکات، ئێمە پێی کەیفخۆش دەبین."
 
رۆژنامەڤانەکە دەپرسێت: "ئەگەر ئیسرائیلیش بێت؟" عەبدی دەڵێت: "هەر کێ بێت، پشتگیریمان بکات بۆ بەدەستهێنانی مافەکانمان و پاراستنی دەستکەوتەکانمان، ئەو هێرشەی لەسەر گەلەکەمان هەیە، بیوەستێنێت بۆ ئێمە جێی دڵخۆشییە."
 
فەرماندەی گشتیی هێزەکانی هەسەدە گوتی: "ئیسرائیل وڵاتێکە کاریگەری لەسەر ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاوا هەیە."
 
لە دوای نەمانی بەشار ئەسەد لە سووریا، بەرپرسانی ئیسرائیل تائێستا چەندین جار داوای پاراستنی گەلی کوردییان لە سووریا کردووە.
 
رۆژی دووشەممە، 4-03-2025 بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە پەرلەمانی وڵاتەکەی، ناسراو بە کنێست گوتارێکی پێشکەش کرد. 
 
نەتەنیاهوو گوتی: "رێکخراوە تیرۆریستییەکان ناتوانن چیدی لە سنوورەکانماندا بمێننەوە. لە لوبنان چۆکمان بە حیزبوڵڵا دا، سوپای ئەسەدمان لەنێوبرد. رێگە نادەین دووژمنەکانمان لە لوبنان و سووریا جارێکی دیکە بەهێز ببنەوە. هاوکات، دەستمان درێژە بۆ هاوپەیمانە دروزییەکانمان و هاوڕێ کوردەکانمان لە ناوچەکەدا."
 
هەروەها رۆژی یەکشەممە، 2ی ئاداری 2025، جەدعون سار، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لەبارەی حکومەتی ئێستای سووریا گوتبووی، "ئەو حکومەتە هەڵبژێردراوی گەلی سووریا نییە. تەنیا ژمارەیەک خەڵک و گرووپی جیهادین کە لە رابردوودا کۆنترۆڵی ئیدلبیان کردبوو و بەزەبری هێزیش چەند ناوچەیەکی دیکە و دیمەشقیشیان گرتووە، بەڵام ئەوە بەو مانایە نایەت کە دووژمنکاری لە دژی کەمینەکان بکەن، ئینجا چ دروزەکان، یان کوردەکان یانیش عەلەوییەکان بن."
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.