حکومەتی ئیسرائیل بڕیار لەسەر پلانەکەی نەتەنیاهوو بۆ کۆنترۆڵکردنی تەواوی غەززە دەدات

06-08-2025
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بڕیارە ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل سەرپەرشتی کۆبوونەوەی کابینەی ئەمنیی وڵاتەکەی بکات، بەمەبەستی بڕیاردان لەسەر پلانە نوێیە سەربازییەکەی سەرۆکوەزیران بۆ دەستبەسەرداگرتنی تەواوی کەرتی غەززە.
 
رۆژی چوارشەممە 6ـی ئابی 2025، نووسینگەی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، بڕیارە نەتەنیاهوو، سبەی پێنجشەممە کاژێر 6ـی ئێوارە بەکاتی ئۆرشەلیم، سەرپەرشتیی کۆبوونەوەی کابینەی ئەمنی وڵاتەکەی بکات، بەڵام وردەکاریی مژاری کۆبوونەوەکەی ئاشکرا نەکردووە. 
 
بەگوێرەی میدیای ئیسرائیل مژاری سەرەکی ئەو کۆبوونەوەیە بڕیاردانە لەسەر دەستبەسەرداگرتنی تەواوی ئەو کەرتە لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە، کە بیرۆکەی نەتەنیاهوو و ئەنجوومەنی سیاسیی ئیسرائیلە، بەڵام فەرماندە سەربازییەکان و سوپاسالاری سوپای ئسیرائیل دژی ئەو پلانەن.
 
بەپێی زانیارییەکانی میدیای ئیسرائیل لە کۆبوونەوەی شەوی سێشەممەی کابینەی ئەمنیی ئیسرائیل کە سێ کاژێری خایاندووە و تێیدا، ئەیال زەمیر، سوپاسالاری ئیسرائیل، چەندین بژاردەی بۆ بەردەوامیی ئۆپەراسیۆنەکان لە غەززە خستووەتەڕوو، بەڵام لە هەمان کاتیشدا هۆشداری داوە لەئەگەری هەوڵدان بۆ دەستبەسەرداگرتنی تەواوی کەرتەکە. 
 
زەمیر هۆشداریی داوە کە دەستبەسەرداگرتنی تەواوی کەرتی غەززە وەک "چوونە ناو تەڵەیەک" وایە. سوپاسالار بژارەی دیکەی وەک گەمارۆدانی ناوچە دیاریکراوەکانی هەیە، کە گومان دەکرێت چەکدارانی حەماس خۆیان تێدا حەشار دابێت.
 
لە وەڵامدا، یسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، لە پۆستێکدا لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی: "ماف و ئەرکی سوپاسالارە کە هەڵوێستی خۆی لە سەکۆ گونجاوەکاندا دەرببڕێت، بەڵام سوپا پابەندە بەو بڕیارانەی کە لەلایەن حکومەتەوە دەدرێن."
 
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل هەروەها دەڵێت، "کاتێک بڕیارەکان لەسەر ئاستی سیاسییەوە دران، سوپای ئیسرائیل بە سووربوون و پیشەییبوونەوە جێبەجێیان دەکات."
 
میدیاکانی ئیسرائیل، بە پشتبەستن بە لێدوانی بەرپرسان، پێشبینیی پەرەسەندنی ئۆپەراسیۆنەکان دەکەن، لەنێویاندا هێرشکردنە سەر ناوچە چڕەکانی دانیشتووان وەک شاری غەززە و کەمپی پەنابەران، کە گومان دەکرێت بارمتەکانی لێبێت.
 
رۆژی چوارشەممە، سوپا فەرمانێکی نوێی چۆڵکردنی بۆ بەشێک لە شاری غەززە لە باکوور و خان یونس لە باشووری کەرتەکە دەرکرد، گوتەبێژی سوپاش رایگەیاند، هێزە زەوینییەکان خۆیان ئامادە دەکەن بۆ "فراوانکردنی سنووری ئۆپەراسیۆنەکان".
 
ئەمەش لەکاتێکدایە جەنگی غەزە لە 23ـەمین مانگییەوە نزیک دەبێتەوە و نەتەنیاهوو پێداگریی دەکات کە ئیسرائیل دەبێت "تێکشکاندنی بزووتنەوەی حەماس تەواو بکات، بۆ ئەوەی ئازادکردنی ئەو بارمتانە مسۆگەر بکات کە هێشتا لە غەززە دەستبەسەرن." 
 
لەلایەکی دیکەوە، یائیر لاپید، سەرۆکی ئۆپۆزیسیۆنی ئیسرائیل، سەبارەت بەو پلانە نوێیەی نەتەنیاهوو رایگەیاند، "دەستبەسەرداگرتنی تەواوی غەززە بیرۆکەیەکی زۆر خراپە؛ لە رووی سەربازی، ئەخلاقی و ئابوورییشەوە."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.