تورکیا راگرتنی گەشتەکانی بۆ فڕۆکەخانەی سلێمانی درێژکردەوە

06-10-2025
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری راگەیاندنی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی دەڵێ، تورکیا راگرتنی گەشتەکانی بۆ فڕۆکەخانەی سلێمانی تاوەکو کانوونی دووەمی 2026 درێژکردووەتەوە.
 
رۆژی دووشەممە، 6ـی تشرینی یەکەمی 2025، دانا محەممەد، بەڕێوەبەری راگەیاندنی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "تورکیا راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی درێژکردووەتەوە."
 
دوایین جار لە 6ـی تەممووزی 2025، بەڕێوەبەرایەتیی رێکخستنی جووڵەی ئاسمانیی تورکیا ئاگانامەیەکی بڵاوکردەوە و تێیدا قەدەخەی ئاسمانیی وڵاتەکەی بۆ ئەو فڕۆکانەی لە فڕۆکەخانەی سلێمانییەوە دەفڕن بۆ 3 مانگی دیکە و تاوەکو 6ـی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵ درێژکردەوە.
 
وەک دانا محەممەد گوتی: "ئەمجارە راگرتنی گەشتەکان تاوەکو 6ـی کانوونی دووەمی 2026 درێژکراوەتەوە."
 
سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاری داوە ناوی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بگۆڕدرێ بۆ "فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی جەلال تاڵەبانی."
 
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، هەندێک رێکار و پرۆسە بۆ گۆڕینی ناوەکە ماون و دوای تەواوبوونی رێکارەکان، لە رێوڕەسمێکدا ناوەکەی دەگۆڕدرێ.
 
یەکەمجار تورکیا لە 3ـی نیسانی 2023، ئاسمانی وڵاتەکەی بەڕووی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانیدا داخست، ئەوەش بە پاساوی زیادبوونی چالاکییەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە سنوورەکە و زیادبوونی هەژموونی ئەو پارتە لە فڕۆکەخانەکەدا، وەک تورکیا دەیگوت. 
 
فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی لە ساڵی 2003 بەردی بناخەی دانرا و لە ساڵی 2005 بە فەرمی کرایەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

چیرۆکەکانی نێو خانەی بێسەرپەرشتان

هیچ باوەشێک جێگەی دایک ناگرێتەوە؛ چیرۆکەکانی نێو خانەی بێسەرپەرشتان

لەنێو هۆڵەکانی خانەکە، سەرنجی دوو گەنجی تەمەن 19 و 21 ساڵانم دا. ئەوان چیرۆکێکی جیاوازیان هەبوو، بەڵام لەسەر یەک راستیی تاڵ کۆک بوون: "رەنگە خەڵکانێک هەبن باوەشی گەرمت پێدا بکەن، بەڵام هیچ باوەشێک هەرگیز نابێتە باوەشی دایک و باوکی خۆت".