بەڕێوەبەرایەتیی عەفرین بۆ رووداو: 20 هەزار ماڵباتی کورد لە حەلەبەوە گەڕانەوە عەفرین

دوێنێ کاژێر 11:27
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی چڕبوونەوەی شەڕ و گەمارۆ لە شاری حەلەب، شەپۆلێکی گەورەی گەڕانەوەی ئاوارەکان بەرەو عەفرین دەستیپێکرد؛ "تەنیا لە یەک رۆژدا 20 هەزار خێزان گەیشتنەوە ناوچەکانیان."
 
رۆژی چوارشەممە، 07-01-2026، بەڕێوەبەرایەتیی عەفرین بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەمڕۆ 20 هەزار خێزانی کورد کە پێشتر ئاوارە ببوون و لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییەی حەلەب دەژیان، گەڕانەوە عەفرین."
 
بەپێی زانیارییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی عەفرین، ئەو خێزانانە هەموویان خەڵکی رەسەنی ناوچەی عەفرینن و بەهۆی نالەباریی دۆخی حەلەب بڕیاری گەڕانەوەیان داوە. 
 
سەبارەت بە نیشتەجێبوونیان، بەڕێوەبەرایەتییەکە ئاماژەی بەوە کرد کە "هیچ کەسێک لە دەرەوە و لە ژێر چادردا نەماوەتەوە؛ هەموو خەڵکەکە چووەتە لای خزم و کەسوکاری خۆیان لە نێو سەنتەری شاری عەفرین، ناحیەکان و گوندەکاندا."
 
ئەم گەڕانەوە بەکۆمەڵەی کورد لە کاتێکدایە کە رێڕۆی نێوان حەلەب و باکووری سووریا دوای ململانێیەکی تووند، بە رووی ئاوارەکاندا کراوەتەوە.
 
ئەم شەپۆلە گەورەیەی گەڕانەوە دوای هەشت ساڵ لە ئاوارەبوونی بەشێکی زۆری کوردانی عەفرین دێت، کە بەهۆی ئۆپەراسیۆنی بە ناو (چڵە زەیتوون) لە ساڵی 2018 روویان لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە لە حەلەب و ناوچەی شەهبا کردبوو.
 
گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە کەوتوونەتە ژێر هێرشی تووندی سوپای سووریا و میلیشیاکانی سەر بە دیمەشق (عەمشات و حەمزات). تۆپبارانی چڕ و بەکارهێنانی درۆنی بۆمبڕێژکراو بووەتە هۆی کوژران و برینداربوونی دەیان سڤیل.
 
بەگوێرەی هەسەدە، حکومەتی سووریا زیاتر لە دوو هەفتەیە گەمارۆیەکی تووندی خستووەتە سەر ئەو دوو گەڕەکەی حەلەب و رێگە نادات سووتەمەنی و پێداویستیی پزیشکی بچێتە ژوورەوە. ئەمەش وایکردووە نەخۆشخانەکان لەکار بکەون و مۆلیدەکانی کارەبا بوەستن.
 
بە گوێرەی ئامارەکان، هیچ لایەک لە زیان بێبەش نەبووە. لە گەڕەکە کوردییەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە، ئاماری قوربانییان بۆ 7 گیان لەدەستدان و 54 بریندار بەرزبووەوە، کە زۆربەیان ژن و منداڵن.
 
گەڕەکەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتیش (وەک مەیدان) بەشێکیان لە ئاگرەکە بەرکەوتووە. تەندروستیی حەلەب باسی 5 کوژراو و 27 بریندار دەکات، جگە لە کوژرانی سەربازێک و برینداربوونی 3 ئەندامی ئاسایشی نێوخۆ.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە