رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا - ئەنەکەسە رایگەیاند، بەهۆی کۆتاییهاتنی دەسەڵاتی بەشار ئەسەدەوە بڕیاری کشانەوەیان لە هاوپەیمانیی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا دا.
بڕیارەکەی ئەنەکەسە ئەمڕۆ هەینی 07-02-2025 لەلایەن فەیسەڵ یوسف، گوتەبێژی ئەنجوومەکەوە راگەیێندرا.
گوتەبێژی ئەنەکەسە ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێت: "شۆڕش کۆتاییهات و رژێمی بەعس رووخا. قۆناخێکی نوێ دەستیپێکردووە و ئێمەش بڕیارمان دا لە هاوپەیمانیی سووریا بچینە دەرەوە".
فەیسەڵ یوسف داوای گفتوگۆی لە حکومەتی نوێی سووریا کرد و گوتی: "قۆناخێکی نوێمان لە پێشە کە دانوستاندن لەگەڵ دەسەڵاتی نوێ بە دەسەڵاتداری بەڕێز ئەحمەد شەرع بکەین، بۆ ئەوەی مافەکانی گەلی کورد جێگیر بکرێن".
گوتەبێژی ئەنەکەسە ئاماژەی بە یەکهەڵوێستی کورد لە قۆناخی نوێی سووریا کرد و گوتی: "ئێمە چاوەڕێی لایەنی دیکەین لەگەڵیاندا کۆببینەوە، لای ئێمەوە هیچ لەمپەرێک نییە. ئێمە چاودێران و جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی ئاگادار دەکەینەوە".
فەیسەڵ یوسف باسی هۆکارەکانی کشانەوەی ئەنەکەسەی لە هاوپەیمانیی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا کرد و گوتی: "دوای ئەوەی دەسەڵاتی رژێمی بەعس رووخا، هیچ کاریگەرییەکی ئەو لایەنانە نەماوە کە بۆ رووخاندنی ئەوان دروستبوو".
ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد – ئەنەکەسە، نزیکەی 11 ساڵە لە هاوپەیمانیی ئۆپۆزیسیۆنی سووریادایە، یەکێک لە جێگرانی پۆستی سەرۆکی هاوپەیمانییەکە، لە پشکی ئەوان بوو.
گوتەبێژی ئەنەکەسە باسی لەوەشکرد، لەکاتێکدا بڕیاری کشانەوەیان لە هاوپەیمانیی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا داوە، "بۆ دیموکراسی و مافی گەلی کورد قۆناخێکی نوێ دەستیپێکردووە".
فەیسەڵ یوسف دەڵێت: "ئێمە لەگەڵ وڵاتپارێزانی سووریا سەرنجمان لەسەر کاری هاوبەش دەبێت".
گوتەبێژی ئەنەکەسە ئاماژەی بەوەشکرد، لەگەڵ هەموو لایەنە کوردییەکان گفتوگۆ دەکەن لەپێناو دروستکردنی شاندێکی هاوبەشدا.
هاوپەیمانیی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا ساڵی 2012 لە قەتەر دامەزرا، لەنێویدا ژمارەیەک لایەنی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا هەن، (ئەنەکەسە) یەکێک بوو لەو لایەنانە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ