رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، پار هەزار و 666 سەرپێچیی ژینگەیی تۆمار کراون، گوتیشی، هەر لەو ماوەیەدا نزیکەی 956 هەزار و 300 دۆنم پووش و پاوان سووتاوە.
ئەمڕۆ هەینی 07-02-2025، رائید فوئاد ئەحمەد زراری، بەڕێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەرێمی کوردستان لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 10:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە محەممەد عیزەدین پێشکێشیکرد، رایگەیاند، ساڵی 2024 لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ هەزار و 444 کەس کراوەتەوە.
رائید فوئاد ئەحمەد زراری گوتی، پار نزیکەی 63 هەزار و 350 داری تەڕ بڕاونەتەوە.
بەگوتەی بەڕێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی دارستان و ژینگە، بڕینەوەی دار و سووتانی دارستان کاریگەریی زۆری لەسەر ژینگەی هەرێمی کوردستان هەبووە، ''بەڵام هۆشیاریی بەرامبەر ژینگە، وایکردووە بەراورد بە رابردوو سەرپێچییەکان کەم ببنەوە''.
ژمارەیەک لە خاوەن چێشتخانەکان دار دەبڕن و بۆ سوورکردنەوە و برژاندنی ماسی بەکاری دێنن، وەک رائید فوئاد ئەحمەد زراری دەڵێت، ''یاداشتمان بۆ بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزار کردووە کە بە هیچ شێوەیەک رێگە نەدرێت لە چێشتخانەکان داری تەڕ بۆ برژاندنی ماسی و ئامادەکردنی خواردن بەکاربهێنرێت.''
بەپێی یاسای ژمارە 10ـی ساڵی 2010ـی وەزارەتی کشتوکاڵ، هەر کەسێک داری تەڕ ببڕێتەوە، بە پێبژاردن و بەندکردن سزا دەدرێت. پێبژاردنەکەش بە پارە و چاندنەوەی پێنج دار دەبێت کە تەمەنیان لە سێ بۆ پێنج ساڵ کەمتر نەبێت. بەڕێوەبەری گشتیی راگەیاندنی پۆلیسی دارستان و ژینگە دەڵێت: ''لە کوردستان هەندێک دار هەن کە نایابن و نابێت بە هیچ شێوەیەک خەڵک نزیکی ئەم دارانە بکەونەوە یان لەنێوببرێن، چونکە ژمارەیان زۆر کەمە.''
بەگوتەی فوئاد ئەحمەد زراری، لە زۆربەی ناوچە شاخاوییەکان و شوێنە ژینگەپارێزییەکان، کامێرای چاودێری داندراوە و بە وردی چاودێریی سەرپێچیکاران دەکرێت. هەروەها بەڕێوەبەرایەتییەکە بە فەرمی داوای دابینکردنی فلای کامی کردووە، بۆ ئەوەی بتوانن باشتر چاودێریی دارە نایابەکان و ژینگەی ناوچە جیاجیاکانی کوردستان بکەن.
بەڕێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەرێمی کوردستان گوتی، راوکردنی ئاژەڵی کێوی بە شێوەیەکی گشتی قەدەخەیە و دەبێت بەپێی رێککەوتننامەی ''سایتز'' بکرێت.
ئەو رێککەوتننامەیە پرۆگرامێکی جیهانییە کە عێراقیش تێیدا ئەندامە و بەگشتی پۆلێنی ئاژەڵە رێگەپێدراو و رێگەپێنەدراوەکان دەکات بۆ راوکردن. فوئاد ئەحمەد زراری باسی لەوە کرد، ''ئەوانەی ئاژەڵە نایابەکانی وەکو ئاسک، پڵنگ و هەڵۆ راو دەکەن، پێبژاردنەکەیان تاوەکو 25 ملیۆن دینار دەبێت و بەگوێرەی رێنماییەکان بەندکردنیشیان هەیە.''
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ