رووداو دیجیتاڵ
کاژێر 12:00ـی شەوی 6ی شوبات، لە رێگەی بەغدا-دیالە رووداوێکی دڵتەزێنی هاتووچۆ روویدا کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی حەوت کەسی یەک خێزان.
یاسر موسەوی تەمەن 37 ساڵ، لەگەڵ هاوژینەکەی نوور تەمەن 26 ساڵ، فاتیمەی دایکی تەمەن 58 ساڵ، سێ کچەکەی مریەمی 8 ساڵان، دیمای 7 ساڵان، ئایەی 3 ساڵان و براژنەکەی سەجای تەمەن 22 ساڵ لە ئاهەنگێکی هاوژینی لە بەغداوە دەگەڕانەوە بۆ ماڵەوە کاتێک رووداوەکە روویدا.
حەسەن موسەوی، ئامۆزای یاسر بە رووداوی راگەیاند: "بینیمان ئۆتۆمبێلەکە وەرگەڕابوو، تەواوی سەرنشینەکانیشی کەس رزگاریان نەبوو، هەموویان گیانیان لەدەستدابوو. بارهەڵگرێک دوای ئەوەی لە رێڕەوی خۆی دەردەچێت و دەچێتە رێڕەوی بەرامبەر، رووبەڕوو خۆی بە ئۆتۆمبێلەکەیاندا کێشا."
کازم مەعموری، دراوسێی خێزانەکە گوتی: "حەوت کەس بوونە قوربانی. سێ منداڵ، سێ ژن و پیاوەکە سەرۆک خێزان پێکەوە گیانیان لەدەستدا. ئەم خێزانە دەرگە بە دەرگە دراوسێمانە، بەداخەوە لەناوچوون کەسیان لەژیاندا نەما."
بەپێی زانیارییەکان، خێزانەکە لە ناحیەی جەدیدەلشەت نیشتەجێ بوون و براژنی یاسر بۆ بەشداریکردن لە ئاهەنگەکە لەگەڵیان چووبوو.
پۆلیسی هاتوچۆی دیالە دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە و شۆفێری بارهەڵگرەکە کە لە رووداوەکە سەلامەتە، دەستگیر کراوە. تەرمی قوربانییەکانیش لە نەجەف بەخاک سپێردران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ