رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە لە نێوەڕاستی ئەم مانگەدا بزووتنەوەی گۆڕان بە سەرپەرشتیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، کۆنفرانسی نیشتمانیی خۆی لە شاری کەرکووک ببەستێت. رێپێدراوی بزووتنەوەکە لە کۆمیسیۆن دەڵێت، هەردوو ئاراستەکە ئاگادارکراونەتەوە.
رۆڤان سەروەت، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی و رێپێدراوی بزووتنەوەی گۆڕان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان (ئاراستەی کوردسات)، لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ی تۆڕی میدیایی رووداودا کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات رایگەیاند، پاڵپشت بە بڕیارێکی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران کە مۆڵەتی شەش مانگی دابووە بزووتنەوەکە، رۆژی 16-02-2026 لە شاری کەرکووک کۆنفرانس دەبەسترێت.
سەبارەت بە بەشداریکردنی ئاراستە ناکۆکەکان، رۆڤان سەروەت گوتی، "لە رێگەی ئۆفیسی پارێزگای سلێمانییەوە بە فەرمی نووسراوە بۆ ئێمە و ئەو برادەرانەی کە لەوێن (گردی زەرگەتە) رۆیشتووە."
ئەو ئەندامەی جڤاتی نیشتمانی گوتی، بانگهێشتنامە بۆ سەرجەم ئەندامانی دەستەی گشتی نێردراوە کە ژمارەیان 2 هەزار و 123 کەسە و ناویان لە کۆمیسیۆن تۆمار کراوە؛ ئاماژەی بەوەشکرد، "بانگەوازمان بۆ هەموو دڵسۆزان و ئەو هاوڕێیانەشمان کردووە کە لە گردی زەرگەتەن، چونکە بزووتنەوەی گۆڕان هی هەمووانە و دەبێت لەنێو کۆنفرانسدا کێشە و ناکۆکییەکان یەکلایی بکرێنەوە."
سەبارەت بە شێوازی بەڕێوەچوون و بڕیاردان لە کۆنفرانسەکەدا، رۆڤان سەروەت روونیکردەوە کە بڕیارەکان بە "زۆرینەی ئامادەبووان" دەدرێن نەک مەرجی (50+1)ی کۆی گشتی ئەندامان.
رۆڤان سەروەت رایگەیاند، "هەرکەسێک لەو 2123 کەسە بەشدار بێت، دەتوانێت دەنگ بدات. دانیشتنەکە بە زۆرینەی ئامادەبووان تەواو دەکرێ و پرسەکانی وەک دەستوور، هەڵبژاردنی رێکخەری گشتی و جڤاتی نیشتمانی یەکلایی دەکرێنەوە." ئاماژەی بەوەش دا کە لە کۆنفرانسی پێشوودا زیاتر لە 860 ئەندام ئامادەبوون.
سەبارەت بە دیاریکردنی شاری کەرکووک بۆ بەستنی کۆنفرانسەکە، رۆڤان سەروەت ئاماژەی بەوە دا کە ئەم هەنگاوە پەیامێکی نەتەوەییە و گوتی، "کەرکووک یەکێکە لە بنەما نەگۆڕەکانی بزووتنەوەی گۆڕان. ئەم شارە دەکەینە سەنتەری کۆکردنەوەی هەموو ئەندامان و هەڵسووڕاوانی بزووتنەوەکە و دووپاتکردنەوەی کوردستانیبوونی کەرکووک."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ