رووداو دیجیتاڵ
لە شارى بۆسۆی بەلجیکا، سێ گەنج بەهۆى خواردنی کەپسوولى هەزار میلیگرامی پاراستیمۆلەوە گەیێندرانە نەخۆشخانە. گەنجێک دەڵێت، چاڵێنجێکی تیکتۆکی بینیوە و چووەتە نێو چاڵێنجەکەوە. یەکێتیی ئەورووپاش هەڕەشەی سزای تووند دەکات.
ئەو گەنجە باس لەوە دەکات، "بۆ ئەوە بوو هەستێکی خۆشم هەبێت، کەمێک سەرخۆش بم. دوای بینینی ترێندێک لە تیکتۆک دەرمانەکانم خوارد. رۆژی دواتر، هەستم بە باشی نەکرد و زانیم کارێکی گەمژانەم کردووە و پەشیمانم."
ئەگەرچى پاراستیمۆل دەرمانێکى قورس نییە، بەڵام بەکارهێنانى زۆر دەبێتەهۆى ژەهراویبوونی جگەر.
کێڤن نۆئێل، سەرۆکی پەرستاران ئاماژە بەوە دەکات، "ئەو گەنجانە لەگەڵ دایک و باوکیان هاتنە لامان و پێیان گوتین کە ڤیدیۆیەکیان لە تیکتۆک بینیوە و چاڵنجێک هەبووە کە بریتی بووە لە خواردنی پاراسیتامۆڵ. دەرمانەکە دەخۆن و لە کاتی خواردنیدا وێنەی ڤیدیۆیی خۆیان دەگرن."
بەگوێرەی بەڵگەنامەکانى تیکتۆک، تەنیا بینینی 260 ڤیدیۆ کە رەنگە 35 خولەک بخایێنێت، بەسە بۆ ئەوەی بەکارهێنەرێک خوو بە ئەپەکەوە بگرێ.
کۆمیسیۆنی ئەورووپاش رایگەیاندووە دیزاینی تیکتۆک پێشێلکاریی یاسای خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییەکانی یەکێتیی ئەورووپاى کردووە، بەهۆی ئەوەی نەیتوانیوە مەترسییەکانی ئەو تایبەتمەندییە کەمبکاتەوە.
تۆماس رێنیەر، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی ئەورووپا گوتی، "تیکتۆک هەڵسەنگاندنی بۆ مەترسیی تایبەتمەندییە ئالوودەکارەکانی نەکردووە. ئەگەر بە دروستی ئەم کارە نەکات، رووبەڕووی سزایەکی دارایی دەبێتەوە کە یەکسانە بە 6%ـی کۆی داهاتی ساڵانەی جیهانیی کۆمپانیاکە."
پەیمانگەی نیشتمانیی تەندروستیی ئەمریکا (NIH) دەڵێت، ئەو ڤیدیۆیانەی تیکتۆک بۆ بەکارهێنەرانی هەڵدەبژێرێ، سیستمی چێژ و پاداشت لە مێشکدا بە تووندی چالاک دەکەن. ئەمەش وا دەکات بەکارهێنەران خووی پێوە بگرن و وازهێنان لەو بەرنامەیە بۆیان زۆر قورس بێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ