رووداو دیجیتاڵ
لەبارەی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا لە تویتێکدا رۆژی سێشەممە رایگەیاند: "ئەمڕۆ لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبوومەوە بۆ جەختکردنەوە لە هاوبەشیی نێوان ئەمریکا و حکومەتی هەرێمی کوردستان."
لۆید ئۆستن دەڵێت: "وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا پابەندە بە راوێژدان، یارمەتیدان و هاوکاریکردنی هێزە ئەمنییەکانی عێراق بە وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستانیشەوە، بۆ دڵنیابوونەوە لە تێکشکاندنی بەردەوامی داعش."
رۆژی سێشەممە 07-03-2023، لۆید ئۆستن لە چوارچێوەی گەشتێکی بەرفراوانیدا بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بە سەردانێکی پێشتر رانەگەیێندراودا، گەیشتە بەغدا و دواتریش هەولێر و لەگەڵ بەرپرسانی هەردوولا کۆبووەوە.
ئۆستن لە تویتێکی دیکەیدا سوپاسی محەممەد شياع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکات لە بەرامبەر پێشوازیکردن لێی. ئۆستن نووسیویەتی، لە بەغدا "جەختم لە پابەندبوونمان بە هاوبەشیی 360 پلەیی نێوان ئەمریکا و عێراق و ئەرکی بەردەوامی ئێمە بۆ راوێژدان، یارمەتیدان و هاوکاریکردنی هێزە ئەمنییەکانی عێراق بۆ تێكشکاندنی بەردەوامی داعش کردەوە."
ئەمە یەکەمین سەردانی لۆید ئۆستن بوو وەکو وەزیری بەرگری بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان.
لە هەولێر، دوای کۆبوونەوەکەی لەگەڵ سەرۆک و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی هەرێمی کوردستان، ئۆستن داوای یەکڕیزی لە سەرکردەکانی کورد و باشکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغدا کرد.
ئۆستن هەروەها دووپاتیکردەوە کە ئەمریکا پابەندە بە پشتیوانیکردنی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان لە شەڕی دژی داعش. هاوکات نێچیرڤان بارزانی دڵنیایی دا لەوەی کە هەرێمی کوردستان "سوورە لەسەر رێکخستنەوەی پێشمەرگە و تەگەرەکانی بەردەمیان تێدەپەڕێنین."
فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی هەرێمی کوردستان گوتیشی: "لە هەوڵەکانمان بەردەوامدەبین بۆ یەکڕیزی و چارەسەرکردنی کێشەکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان. هاوڕابووین کە چارەسەرکردنی کێشەکانی هەولێر و بەغدا ئارامی و سەقامگیریی سیاسی و ئەمنی و ئابووری بۆ عێراق لەگەڵ خۆیدا دێنێت."
دەقی تویتەکەی لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا
ئەمڕۆ لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبوومەوە بۆ جەختکردنەوە لە هاوبەشیی نێوان ئەمریکا و حکومەتی هەرێمی کوردستان. وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا پابەندە بە راوێژدان، یارمەتیدان و هاوکاریکردنی هێزە ئەمنییەکانی عێراق بە وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستانیشەوە، بۆ دڵنیابوونەوە لە تێکشکاندنی بەردەوامی داعش.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ