سیروان بارزانی: زانیاریی هەواڵگری هەیە کە داعش هێرشی زیاتر ئەنجام دەدەن

07-05-2021
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
گفتوگۆی رووداو لەگەڵ سیروان بارزانی
گفتوگۆی رووداو لەگەڵ سیروان بارزانی
نیشانەکردن داعش هێرشی سەر پێشمەرگە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

هاوئاهەنگی نێوان هەواڵگری و هێزە ئەمنییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستا بووەتە هۆی دەستگیرکردن و لەنێوبردنی چەندین سەرکردەی و ئەندامی رێکخراوی داعش. لەگەڵ ئەوەشدا لە سەرەتای ئەم مانگەوە چەکدارانی داعش چەندین هێرشیان بۆ سەر هێزەکانی پێشمەرگە و سوپا و حەشدی شەعبی و بیرەکانی نەوت لە کەرکووک و دیالە و چەند ناوچەیەکی دیکە ئەنجامداوە. سیروان بارزانی دەڵێت، زانیاریی هەواڵگری هەیە کە داعش هێرشی زیاتر ئەنجام دەدەن.
 
وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارتی بەرگریی عێراق ماوەیەکی زۆرە رێککەوتوون لەسەر دروستکردنی شەش ژووری ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی نێوانیان لە دیالە، کەرکووک، مەخموور، موسڵ، هەولێر و بەغدا، بەڵام تائێستا تەنیا ژوورەکانی هەولێر و بەغدا دروستکراون.
 
سیروان بارزانی، سەرپەرشتیاری میحوەری گوێڕ - مەخمووری هێزی پێشمەرگە لە میانی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی هەواڵەکانی کاژێر 08:00ـی رووداو رایگەیاند، نزیکەی دوو ساڵە بڕیاردراوە شەش ژووری ئۆپەراسیۆنی هاوبەش دابمەرزرێندرێن، بەڵام هیچیان دانەمەزرێندراون، "ئەوەش زۆر خراپە و بووەتە هۆکاری زیادبوونی جموجوڵی داعش.. بۆشایی ئەمنیی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و هێزەکانی عێراق وایکردووە داعش لەو نێوەندەدا هاتووچۆ بکات."
 
پێشتر سەباح نوعمان، گوتەبێژی دەزگای دژە تیرۆری عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەمڕۆ هەماهەنگییەکی هەواڵگری زۆر باڵا هەیە لەنێوان دەزگای دژە تیرۆر و برایانمان لە ئاسایش و پێشمەرگە، هەروەها لەگەڵ دەزگەکانی دژە تیرۆر لە هەولێر و سلێمانی، لە ماوەی رابردوودا هەماهەنگییەکی باڵامان هەبوو کە بووە هۆی دەستگیرکردنی چەندین سەرکردەی داعش لە ناوچە جیاکەرەوەکان لەنێوان ناوەند و هەرێمی کوردستان، تەنانەت تیرۆریست هەبوون خۆیان لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان حەشاردابوو، بەڵام بە هاوئاهەنگی و هەماهەنگی لەگەڵ برایانمان لە ئاسایش و دەزگاکانی دژە تیرۆر دەستگیرکران."
 
هاوکات لیوا تەحسین خەفاجی، گوتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق بە رووداوی راگەیاند، "پشت بە خودا نیازمان هەیە لەگەڵ هێزەکانی پاسەوانی هەرێمی کوردستان کاری هاوبەش بکەین، سەرجەم لێدوانەکان و راگەیاندنەکان هاندەرن بەو ئاراستەیە، حکومەتی هەرێم[ی کوردستان] و حکومەتی ناوەندی جەخت لە کاری هاوبەش دەکەنەوە بۆ ئەوەی بۆشایی ئەمنیی نێوان هەردوولا پڕبکرێنەوە، هیوا دەخوازین لە رۆژانی کەمی داهاتوودا کاریان بۆ بکرێت."
 
لیوا قارەمان شێخ کەمال، جێگری سەرۆک ئەرکان بۆ ئۆپەراسیۆنەکان لە وەزارەتی پێشمەرگەش بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە کۆبوونەوەی یەکشەممەی رابردووی سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ شاندەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی عێراق داواکرا چوار ژووری ئۆپەراسیۆنی هاوبەش دروستبکرێن، "بۆیە چاوەڕوانین لە داهاتوویەکی نزیکدا ئەو ژوورانە کارا بکرێن."
 
لە سەرەتای ئەم مانگەوە چەکدارانی داعش چەندین هێرشیان ئەنجامداوە، لەوانەش هێرشی 1ی مانگ بۆ سەر سەنگەرەکانی پێشمەرگە لە سنووری پردێ؛ هێرشی 3ـی ئایار بۆ سەر سوپای عێراق و حەشد لە سنووری رەشاد و هێرشی 5ی مانگ بۆ سەر کێڵگەی نەوتی بای حەسەن لە کەرکووک.
 
سیروان بارزانی ئاماژەی بەوەشکرد، "جموجوڵی داعش زۆر زۆرە، زانیارییە هەواڵگرییەکان کە پێمان دەگات ئەوەیە بەنیازن هێرشی زیاتر بکەن... ئێستا جموجوڵیان زیادی کردووە و بە دووربینی شەو چەکدارەکان دەبینین و دەگەڕێنەوە ناوچەکان."
 
هێرشی دوو هەفتەیی هاوپەیمانان بە گوتەی سیروان بارزانی، جموجوڵی چەکدارانی داعشی "زۆر لاوازتر و کەمتر کردبووەوە، بەڵام ئێستا دەگەڕێنەوە و زیاد دەبن... لە دەشتی قەراج و هەموو شوێنەکانی دیکەش هەن."
 
هەوراز گوڵپی، پێشکێشکاری رووداو لە سیروان بارزانی پرسی ژمارەی چەکدارەکان زیادبوون؟ ئەو وەڵامی دایەوە، "بەڵێ ژمارەی چەکدارانیش زیادبوون و هەوڵی گەڕانەوە دەدەن بۆ ئەو ئەشکەوت و شوێنانەی پێشتر بۆردوومان کرابوون."
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

فڕۆکەیەکی سویسری لە ئاسمانی عێراق. وێنەکە بە ژیریی دەستکرد دروستکراوە

سویسرا قەدەخەی گەشتکردن بۆ هەرێمی کوردستان و چەند پارێزگایەکی عێراق هەڵدەگرێ

وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەڵێت، حکومەتی سویسرا بڕیاری داوە قەدەخەی گەشتکردن بۆ ژمارەیەک شاری عێراق و هەرێمی کوردستان هەڵبگرێ. بڕیارەکە هەریەک لە بەغدا، بەسرە، نەجەف، بابل، کەربەلا و هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.