رووداو دیجیتاڵ
هێزەکانی پاراستنی ئێزدخان لەسەر داوای خەڵک لە کۆمەڵگەی دووگری قەزای شنگال کشانەوە، فەرماندەی هێزەکەش ئاماژە بەوە دەدات، "ئەگەرچی ململانێیەکە لە نێوان هێزەکانی سوپا و ئەو هێزانەن کە سەر بە پەکەکەن"، بەڵام ئەوان لەسەر داوای خەڵک هێزەکانیان کشاندووەتەوە.
لە دوای شەڕ و ئاڵۆزییەکانی شنگال لەنێوان هێزەکانی سوپای عێراق و هێزەکانی یەبەشە و ئاوارەبوونی زیاتر لە 1700 خێزانە لەو قەزایە، ماوەی چەند رۆژێکە خەڵکی شنگال گردبوونەوەی ناڕەزایەتی ئەنجام دەدەن و داوا لەو هێزانە دەکەن لەناو گوند و شارەکان بچنە دەرەوە.
هەر لەسەر ئەو بنەمایە هێزەکانی پاراستنی ئێزدخان لە کۆمەڵگەی دووگر کشانەوە، حەیدەر شەشۆ، فەرماندەی هێزی پاراستنی ئێزدخان، لەبارەی ئەو هەنگاوەیان قسەی بۆ یوسف رابح، پەیامنێری رووداو لە شنگال کرد و رایگەیاند، "هەر کاتێک لەلایەن خەڵکی خۆمانەوە داوامان لێبکرێت، لەسەر داخوازی خەڵکی خۆمان ئامادەین پابەندی داوا و داخوازییەکانیان بین."
حەیدەر شەشۆ دەڵێت، "راستە ئێمە بەشێک نەبووین لەو ململانێیە، هاتنی سوپای عێراق بۆ ناوچەکە و ئەو ململانێیەی دروست بووە لەگەڵ ئێمە نەبووە، بەڵکو ململانێیەکە لە نێوان هێزەکانی سوپا و ئەو هێزانە بووە کە سەر بە پەکەکە بوون."
فەرماندەی هێزەکانی پاراستنی ئێزدخان دەڵێت، "لە هەر شوێنێک داوامان لێبکرێت هێزەکانمان بکشێنینەوە، دەکشێینەوە. لە هەمان کاتدا هەر کاتێک پێویستیان بە ئێمە بێت، ئێمە لە خزمەتی میللەتی خۆمان دەبین لە هەر کوێیەکی شنگال بێت."
بە تێڕوانینی حەیدەر شەشۆ، "ئەو هێزانەی ئێستا لەنێو شنگالن لە خزمەتی خەڵکی شنگالدا نین، هیوادارین سوپای عێراق بەشێوەیەکی دروست بە ئەرکی خۆی هەستێت، بازگەکانیش رادەستی پۆلیسی خۆجێی بکات کە خەڵکی شنگال پێکهاتوون، پارێزگاری لەو خەڵکە بکەن و سوپا و هێزە سەربازییەکانی دیکەش بکشێنەوە دەرەوەی شار و گوندەکان، تاوەکو سوپا پارێزگاری لە سنووەرەکان بکات و لایەنەکانی دیکەش بە ئەرکی خۆیان هەستن. هێزەکانیان و کێشەکانیان نەهێننە نێو خەڵکی سڤیل بۆ ئەوەی ئەو خەڵکە نەبنە قوربانی، تاوەکو ئێستا بە سەتان خێزان بە هۆی ئەو ململانێیەوە ماڵەکانیان جێهێشتووە و زیانمەندبوون."
بە بڕوای حەیدەر شەشۆ، ئەگەر بێت و ئەو هێزانەی لەنێو شنگال هەن نەکشێنەوە، "بە دووری نابینین شەڕ رووبدات، داوا لە خەڵکی خۆمان دەکەین لە هەموو کۆمەڵگەکانی دیکە و لە ناوەندی ناحیە و قەزا بێنە سەر شەقام مانەوەی ئەو هێزانە قبووڵ نەکەن، بە تیڕوانینی من ئەو هێزانەی ئەمڕۆ لە نێو شنگالن ئەوان بوونە هۆکاری ئەوەی رێککەوتنی شنگال جێبەجێ نەکرێت، ئەمەش هەنگاوی سەرەتایە بۆ جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنە و دەبێت هەموو لایەکمان و خەڵکی شنگالیش هاوکاربین لە جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ