رووداو دیجیتاڵ
بەرنامەی ئەمجارەی (لەگەڵ رەنج) لە تۆڕی میدیایی رووداو، تیشکی خستە سەر دۆخی نالەباری کرێکاران لە هەرێمی کوردستان؛ کێشەی کەمیی کار و گرانیی بازاڕ وەک دوو گرفتی سەرەکی خرانە روو. لە بەرنامەکەدا دەرکەوت کە جیاوازییەکی گەورە لە نێوان یاساکانی کار و راستی بازاڕدا هەیە و یاساکان کەمترین کاریان پێ دەکرێت.
کرێکارانی ناوخۆ: ژیانمان سفرە و بیمەمان نییە
لە راپۆرتێکی مەیدانیدا، ژمارەیەک کرێکار باسیان لە کوڵەمەرگیی ژیانیان کرد. عەدنان عومەر، کرێکارێکی بەتەمەنە و راگەیاند: "لە وڵاتی ئێمەدا کرێکاری رۆژانە هیچ ژیانێکی نییە، چونکە بیمەی کۆمەڵایەتی نییە. ئەگەر پەککەوتە بوویت، دەبێت لە ماڵەوە چاوەڕێی مردن بکەیت، چونکە هیچ دەزگایەکی حکومی نییە یارمەتیت بدات. ژیانی کرێکاری ئێرە سفرە، کەچی کرێکاری بیانی دەهێنن و خەڵکی خۆمان بێکارە."
دیار قادر، کرێکارێکی دیکە ئاماژەی بەوە کرد کە ئیش و کار دابەزیوە و باج و زەریبە لەسەر خەڵک زیادی کردووە گوتیشی: "خوێندن و نەخۆشخانە بووە بە پارە، داوا دەکەین کارتێکی هاوکاری بۆ کرێکاران دروست بکرێت بۆ ئەوەی لە فەرمانگە و نەخۆشخانەکاندا هاوکاری بکرێن."
هەروەها فەریق نامیق و حەسەن ساڵح، باسیان لەوە کرد کە پێشتر رۆژانە بە 35 هەزار دینار کاریان کردووە، بەڵام ئێستا بە 25 هەزاریش کار نییە.
حەسەن نەجیب، کرێکارێکی دیکە گوتی: "کارکردن بەهای چییە، رۆژێک هەتبێت 15 رۆژ نەتبێت، 15 هەزار چییە؟ من تەنیا 4 هەزار دەدەم بە کرێی سەیارە لە عەربەتەوە دێم بۆ کار، گاز و نەوت و کارەبا هەمووی گران بووە. سەندیکاکان تەنیا ساڵانە پارەمان لێ وەردەگرن و هیچمان بۆ ناکەن."
کرێکارانی بیانی: 20 کاژێر کار دەکەین و هەست بە بێ کەسی دەکەین
بەرنامەکەی لەگەڵ رەنج پەردەی لەسەر چەوسانەوەی کرێکارانی بیانیش لادا. جوبرائیل ئەحمەد، کرێکارێکی رۆژهەڵاتی کوردستان باسی لەوە کرد کاتێک دێنە هەرێمی کوردستان، ئاسایش پاسپۆرتەکانیان دەبات و دواتر ناچار دەبن سزای پێبژاردن بە بڕی 60 هەزار دینار بدەن.
ئایا ئەلەموون، کرێکارێکی بیانی لە ستۆدیۆ ئامادەبوو راگەیاند: "ژنانی کرێکار زیاتر تووشی کێشە دەبن، کرێکارانی بیانی پاسپۆرتیان لێ دەسەنرێتەوە و ناتوانن ئیقامە بکەن. هەیە 12 بۆ 15 کاژێر کار دەکات، بەڵام ئەو پارەیەی لەسەری رێککەوتوون نایدەنێ، بۆ نمونە لە سەرەتای کارکردن لەسەر 500 دۆلار رێکەوتن و سەری مانگ 300 دۆلار دەدەن، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی زوو زوو کار بگۆڕن. هیچ لایەنێک داکۆکیمان لێ ناکات و هەست بە بێ کەسی دەکەین."
کرێکارێکی خەڵکی بەنگلادیش-یش چیرۆکی خۆی گێڕایەوە و گوتی: "پێیان گوتین 500 دۆلار مووچە و خواردن و جێگەتان لەسەر ئێمەیە، کەچی ئێستا بە 400 هەزار دینار کار دەکەین. بۆ خۆمان قەرزمان کردووە تا هاتووینەتە ئێرە. 20 کاژێر کار دەکەین و تەنیا 100 هەزار دینار دەنێرمەوە بۆ وڵاتەکەم کە بەشی خێزانەکەم ناکات، لە بەنگلادیش دایک، باوک و دوو خوشکم بەخێودەکەم".
خاوەن کارگەکان: کرێکاری ناوخۆ پابەندی کات نییە
هەڵشۆ ئەبووبەکر، خاوەن کارگەیەک لە سلێمانی رای جیاوازی هەبوو و گوتی: "کرێکاری ناوخۆ کێشەی زۆرە و خولیی فێرکاری نەبینیوە. هەبووە بەهۆی مۆبایلەوە تاوەکو درەنگان ناخەوێت و بەیانیان دوا دەکەوێت. زۆرجار بە بیانووی جیاواز نایەن بۆ سەر کار، بەڵام کرێکاری بیانی 19 ساڵە لەگەڵمە و هیچ کێشەی نییە، بەڵام ناوخۆی ساڵی دووسێ جار پووری دەمرێت و باپیری نەخۆشە، هەیە پێی گوتم لە تەحزیەم کەچی رەسمم بۆ هاتووە لە شارباژێر لە سەیران بووە".
دونیا قادر، خاوەن کارێکی دیکە لە ستۆدیۆ ئامادەبوو گوتی: "گەنجانی کورد زۆر باش کار دەکەین و من هەموو کارمەندەکانمم زەمان کردووە، بەڵام نیگەرانین لەوەی ئەگەر کرێکار نەخۆش بکەوێت هیچ لایەنێک بە هانایەوە نایەت."
وەزارەتی کار: بۆ 100 هەزار کەس تەنیا 10 پشکنەرمان هەیە
ئەردەڵان محێدین، بەرپرسی پشکنینی کار و بەشدارییەکانی دەستەبەری کۆمەڵایەتی لە وەزارەتی کار کە لە ستۆدیۆی رووداو ئامادە بوو راگەیاند:"ئەو کرێکارە بیانیانەی لێرەن دەبێت بەپێی یاسا بزانین ئەوان سیفەتی کرێکارن و پێویستە ئیقامەی کار و مۆڵەتی کاریان هەبێت ئەو کات پێیان دەگوترێت کرێکار، نەک کەسێک تەنیا بە ڤیزا هاتبێتە هەرێمی کوردستان. هەروەها کێشەکە لە رێنمایی و ڤیزادایە نەک لە وەزارەتی کار نابێت رێژەی کرێکاری بیانی لە 25٪ زیاتر بێت."
بەرپرسی پشکنینی کار باسی لەوە کرد:"دوو جۆر کرێکاری بیانی هەیە؛ کرێکاری خزمەتگوزاریی ماڵان، کە بۆشایی یاسایی لە هەموو وڵاتان بۆیان هەیە، چونکە تەواوی سیفەتە یاساییەکانی کاریان بەسەردا جێبەجێ نابێت و هەموو کارێک دەکەن، هێشتا ئەو کێشەیە یەکلایی نەبووەتەوە کە ئایا خاوەنماڵەکان دەبنە خاوەنی کرێکارەکە یان کۆمپانیاکە".
ئەردەڵان محێدین دەڵێت:"کە رێنمایی ڤیزا و ئیقامە هەیە. لە هەموو وڵاتێک ڤیزا ناگۆڕێت بۆ ئیقامە، بەڵام لە هەرێمی کوردستان ڤیزا دەگۆڕێت بۆ ئیقامە، کە ئەمەش بەپێی فۆرمێکە پێی دەگوترێت "20"؛ بەپێی ئەو فۆرمە خاوەنکارەکە بەڵێن دەدات مۆڵەتی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆ کرێکارەکە دەربکات، چونکە هەموو کرێکاری بیانی بە ڤیزای گەشتیاری دێنە هەرێمی کوردستان".
بەرپرسی پشکنینی کار گوتی:" کە بۆ 100 هەزار کەس تەنیا 10 پشکنەرمان هەیە و ستافیان کەمە دەبێت کرێکار خۆی کاتێک دەچێتە وڵاتێک یاسای ئەو شوێنە بخوێنێتەوە، هەروەها ئەوەی زەمانی هەبێت و بۆی نەدرابێت دەتوانێت سکاڵا بکات و ئیحالەی دادگای کار (محکمی العمل) دەکرێت".
لەبارەی ئامارەکان ئەردەڵان محێدین راگەیاند: "305 هەزار کەس زەمان کراوە، 205 هەزار کەس لە ناو زەماندان و بەردەوامن، 107 خانەنشین هەیە کە مووچەی یەک ساڵیان ملیارێک و 500 ملیۆن دینارە هەروەها تەنیا لە ساڵی 2025دا هەشت هەزار و 500 کرێکار پاداشتی کۆتایی راژەیان وەرگرتووە بە بڕی 30 ملیار دیناری عێراقی".
"مامەڵەکرد بە کرێکاری ناو ماڵان، بازرگانیکردنە بە مرۆڤ"
یوسف کەریم، سەرۆکی لقی هەولێری سەندیکاکان راگەیاند: "مامەڵەکردن لەگەڵ کرێکاری ناوماڵ وەک بازرگانی بە مرۆڤە چونکە هیچ یاسایەکی کاری بەسەردا جێبەجێ نابێت".
لەبارەی کرێی کرێکارانەوە گوتی:"بەپێی یاسای ئەنجوومەنی وەزیران کراوە بە 450 هەزار دینار، بەڵام هێشتا بە لای ئێمەوە کەمە."
ئیبراهیم محەممەد، لە ژووری بازرگانی هەولێر گوتی: "لیژنەمان بۆ چاودێریی کۆمپانیاکان پێکهێناوە و نابێت مووچە لە 450 هەزار کەمتر بێت."
لەسەر هەمان پرس، بەرپرسی پشکنینی کار راگەیاند، بەپێی یاسای خانەنشینیی ساڵی 2014 نابێت مووچەی هیچ خانەنشینێک لە 500 هەزار دینار کەمتر بێت، گوتیشی: "نووسراومان بۆ بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینیی هەرێم کردووە روونکردنەوەمان پێ بدەن کە ئایا هیچ مەرجێک هەیە کەمتر وەربگرێت یان بڕەکە جێگیرە (سابتە)، بەڵام هێشتا وەڵامیان نەداوینەتەوە."
گرژیی ناو ستۆدیۆ؛ فڕێدانی واژۆی کرێکاران
لە بەشێکی بەرنامەکەدا، کرێکارێکی عەلەوەی هەولێر بە تووڕەییەوە 3000 واژۆی هاوکارەکانی فڕێدا و گوتی: "ساڵێکە واژۆمان کۆکردووەتەوە بۆ ئەوەی رۆژی 1ی ئایار و رۆژانی هەینی پشوومان هەبێت، بەڵام کەس حیسابمان بۆ ناکات."
خاوەنکارێکی عەلەوەش دانی بەوەدا نا کە رۆژانە 12 بۆ 15 کاژێر کار بە کرێکاران دەکەن و هیچیانی زەمان نەکردووە.
کرێکارێکی دیکەش گوتی: "10 ساڵە لەگەڵ خێزانم نانی نیوەڕۆمان نەخواردووە، داوا دەکەین هەینییەکان عەلەوە داخرێت." .
لە وەلامی قسەکانی ئەوەندا ئەردەڵان محێدین راگەیاند:"بەشێک لە پڕۆژەکان ناتوانن لە رۆژی کرێکاران دابخرێن، بەڵام 1ی ئایار پشووی فەرمییە و ئەگەر کرێکار ناچار بوو کار بکات، دەبێت خاوەنکارەکە لە هەمان هەفتەدا بۆی قەرەبوو بکاتەوە و کرێی زیادەی ئەو رۆژەشی پێ بدات، بەپێی یاسا هەفتەی رۆژێک ئۆفیان هەیە، بەڵام یاسا دیاری نەکردووە هەینی بێت و لەسەر رێککەوتنی کرێکار و خاوەنکار دەبێت".
دەرئەنجام
ئەم راپۆرتە دەریخست کە کەرتی کار لە هەرێمی کوردستان لە قەیراندایە؛ یاساکان تەنیا سەر کاخەزن، چاودێریی حکومەت بەهۆی کەمیی پشکنەرەوە لاوازە و کرێکاران لە نێوان بێکاری و پێشلکردنی رێککەوتنەکانیان بێباک ماونەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ