پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ کەیسی داربەڕووە بڕدراوەکانی شەقڵاوە دەکرێتەوە

08-05-2023
رەنجە جەمال
رەنجە جەمال
داربەڕووە بڕدراوەکان لە یەک ریز بوون
داربەڕووە بڕدراوەکان لە یەک ریز بوون
نیشانەکردن داربەڕوو
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە سنووری گوندی بەرەکەی قەزای شەقڵاوە، چەند کەسێکی نەناسراو دەیان داربەڕوویان بڕیوەتەوە و هەڵاتوون، ئەو دارانەی بڕدراون تەمەنیان لەنێوان 25 بۆ 100 ساڵ دەخەمڵێندرێت، پۆلیسیش لەگەڵ دادوەری لێکۆڵینەوە پەڕاوی بۆ بەدواداچوونی بۆ ئەو کەیسە کردووەتەوە.
 
دارەکان لە نزیک زەوییە کشتوکاڵییەکانی عەبدولسەمەد ئیبراهیم، بەڕێوەبەری قوتابخانەی گوندەکە لە بنەوە بڕدراون. مامۆستا عەبدولسەمەد لەمبارەیەوە قسە بۆ رووداو دەکات و دەڵێ پێدەچێت کارەکە بە شەو کرابێت، "چونکە بە رۆژ ئێرە ئاوەدانە. 30 بۆ 40 داریان بڕیوە، کە داری گەورە و بەتەمەن و ناوەندی و بچووکن".
 
دارەکان بە موشار بڕدراون و پارچەپارچە کراون، مامۆستا عەبدولسەمەدیش وای مەزەندە دەکات، سەرجەم دارە بڕدراوەکان پڕ بە چوار بۆ پێنج پیکئاب بووبن.
 
بەڕێوەبەری قوتابخانەی گوندەکە بڕیاری داوە سکاڵا تۆماربکات و گومانی نییە دارەکان بۆ بەدەستهێنانی پارە و بەرهەمهێنانی خەڵووز بڕدراون، چونکە وەرزی سەرما نییە تاوەکو خەڵک بۆ خۆگەرمکردنەوە بڕیبێتیاننەوە.
 
داربەڕووە بڕدراوەکان لە یەک ڕیزن، بە گوتەی مامۆستا عەبدولسەمەد "بە خێرایی بڕیویانەتنەوە بۆ ئەوەی بارەکانیان زوو تەواوبکەن و بۆی دەربچن".
 
لە سنوورەکە، بەگشتی تاوەکو چاوبڕدەکات سەوزایی و داربەڕووە، ناوبەناویش ژمارەیەک لەو دارانە دەبڕدرێنەوە. 
 
لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا، چەندان داری بە تەمەن بڕدراون کە ژمارەیەکیان تەمەنیان لەنێوان 100 بۆ 200 ساڵ دەخەمڵێندرێت، نموونەش چەند دارێکی بڕدراوە کە بەشی پۆلیسی دارستانی شەقڵاوە دەستیان بەسەرداگرتووە، تەمەنی ئەو دارانە بە زیاتر لە 150 ساڵ دادەندرێت. 
 
لە بەشی پۆلیسی دارستان و ژینگەی شەقڵاوە، چەندین تۆن داری بڕدراو دەستیان بەسەرداگیراوە. لە ئامارەکانیاندا دەردەکەوێت لە یەک ساڵی رابردوودا نزیکەی 170 کەس بە تۆمەتی جیای پەیوەست بە ژینگەوە دەستگیرکراون و دراونەتە دادگە.
 
عەقیدی مافپەروەر وەلید حەمەد خزر، بەڕێوەبەری بەشی پۆلیسی دارستان و ژینگەی شەقڵاوە سەبارەت بەو کەیسەی بڕینەوەی دار. دەڵێ "پەڕاوی لێکۆڵینەوەمان لەگەڵ دادوەری لێکۆڵینەوەی شەقڵاوە کردووەتەوە، رێکاری یاسایی دەگرینەبەر بۆ ئەوەی کاتێک تۆمەتباران دەستگیرکران، بە سزای خۆیان بگەن".
 
بەگوێرەی ماددەی 21 لە یاسای ژمارە 10ـی ساڵی 2012ـی تایبەت بە دارستان و پاوان لە هەرێمی کوردستان، سزای بڕینەوەی دار لەنێوان سێ ملیۆن بۆ پێنج ملیۆن دینارە و هەندێکجاریش زیندانیکردنە، کە ماوەکەی لە ساڵێک تێپەڕ نەکات.

 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دکتۆر رەشاد میرانی و ئیدریس نێچیرڤان بارزانی.

ئیدریس نێچیرڤان بارزانی سەردانی زانای دیاری کورد رەشاد میران دەکات

ئیدریس نێچیرڤان بارزانی، سەردانی دکتۆر رەشاد میرانی کرد بەمەبەستی لە نزیکەوە پیرۆزبایی لێکردنی بەبۆنەی وەرگرتنی خەڵاتی نێودەوڵەتی (پووشکین) وەک یەکەمین کورد کە لە رووسیا ئەم خەڵاتەی بردووەتەوە.