یەکەمین کۆنفرانسی نیشتمانی بۆ لێکۆڵینەوە لە ژینگەی دەریاچەی زرێبار بەڕێوەدەچێت

07-05-2025
ژیلا ئەسعەد
ژیلا ئەسعەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

یەکەمین کۆنفرانسی نیشتمانی بۆ لێکۆڵینەوە لە ژینگەی دەریاچەی زرێبار لە سنە دەستیپێکرد.

رۆژی چوارشەممە، 7ی ئایاری 2025، ناسیح حوسێنی، ژینگەپارێز لە شاری مەریوان بە رووداوی گوت، "یەکەمین کۆنفرانسی نیشتمانی بۆ لێکۆڵینەوە لە ژینگەی زرێباری مەریوان لە زانکۆی کوردستان لە سنە دەستیپێکرد و دوو رۆژ بەردەوام دەبێت."
 
ناسیح حوسێنی گوتی، "هەموو ژینگەپارێزانی پارێزگاکە بانگهێشتی کۆنفرانسەکە کراون تاوەکو لە نزیکەوە باس لەو و کێشە و گرفتانە بکرێت کە لە دەریاچەی زرێبار هەیە".
 
بەگوتەی ئەو ژینگەپارێزەی مەریوان "لە کۆنفرانسەکەدا باسی هۆکاری جێبەجێ نەکردنی ئەو پلانە دەکەین، کە لە ساڵی 2010 بۆ رێکخستنەوە و چارەکردنی کێشەکانی زرێبار دانرا، بەڵام تاوەکو ئێستا کاری پێنەکراوە."
 
"بڕیارە لە کۆنفرانسەکە هەموو ئەو کێشە و گرفتانە دەستنیشان بکەین کە لە ئێستا و داهاتوو رووبەڕووی زرێبار دەبنەوە و هەوڵ دەدەین رێگەچارەی گونجاویان بۆ بدۆزینەوە و رێگری لە لەنێوچوونی زرێبار بگرین". ناسیح حوسێنی وای گوت.
 
رۆژی یەکەمی کۆنفرانسەکە لە زانکۆی کوردستان دەبێت کە "پێشکێشکردنی بابەتەکانی تایبەت بە دەریاچەی زرێبارە و رۆژی دووەمی کۆنفرانسەکە لە مەریوان بەڕێوەدەچێت کە کۆمەڵێک وۆرکشۆپ لە خۆ دەگرێت".
 
دەریاچەی زرێبار کۆمەڵێک مەترسیی لەسەرە و تێکەڵبوونی ئاوەڕۆ و دروستکردنی خانوو لە نزیک دەریاچەکە، فڕێدانی خاشاک بۆ ناو دەریاچەکە، دروستکردنی رێگە، ئاگرکەوتنەوە لەنێو قامیشەڵانەکان کە دەیان جۆر باڵندە و زیندەوەری تێدا دەژین و وشکبوونی کانیاوەکان و کەمیی باران بەشێکیانن.
 
دەریاچەی زرێباری مەریوان یەکێکە لە شوێنە سەرنجڕاکێشە گەشتیارییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و داهاتێکی زۆری بۆ خەڵکی ناوچەکە هەیە.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.