رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی پڕۆژە لە کۆمپانیای خالید شینکی کە کۆمپانیایەکی پاککەرەوەی ناوشارە لە سلێمانی، رایدەگەیێنێت، بڕیاریان داوە بەهۆی جەژنی قوربانەوە کار رانەگرن.
رۆژی پێنجشەممە، 2022/07/07 کۆمپانیاکانی پاککردنەوە و کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاک لە سلێمانی هەڕەشەی راگرتنی کارەکانیان کرد کە ئەگەر پارەیان بۆ خەرج نەکرێت.
ئامانج حوسامەددین، بەرپرسی پڕۆژە لە کۆمپانیای خالید شینکی بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "ئێمە کە دوو ناوچەی سلێمانی لە خۆڵ و خاشاک پاک دەکەینەوە، بڕیارمان داوە بەهۆی جەژنی قوربانەوە کار رانەگرین. ئێستا کاتی ئەوە نییە کە شارەکەمان بە پیسی بهێڵینەوە لە کاتیکدا گەشتیاران رووی تێدەکەن."
بەرپرسی پڕۆژە لە کۆمپانیای خالید شینکی ئاماژەی بەوە دا کە پارەیەکی زۆریان لە بانک هەیە، بەڵام بەهۆی نەبوونی پارەوە بۆیان خەرج ناکەن. گوتیشی: "ئێمە نزیکەی 500 ملیۆن دینار پێشینەمان هەیە. بانک ناتوانێت پارەیەکی وا بە ئێمە بدات کە بتوانین کارەکانمان بە باشی بەڕێ بکەین. کاتێکیش باج دەدەین بە چەک لێمان وەرناگرن و بە نەخت دەیانەوێت."
بەرپرسی پڕۆژە لە کۆمپانیای خالید شینکی هەروەها باسی لەوەش کرد: "پەیوەندی بە نووسینگەی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە کراوە کە دوای جەژن ئەم کێشەیە چارەسەر بکەن."
ئامانج حوسامەددین باسی لەوە کرد کە ئەوان لە 3 و 4ـی تەممووزدا مووچەی مانگی حوزەیرانی هەموو کرێکار و شۆفێرەکانیان داوە و دوایان نەخستووە. ئاماژەیشی بەوە دا، جگە لە شۆفێر و ستافی کارگێڕی، زیاتر لە 400 کرێکاریان هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ