رووداو دیجیتاڵ
لە یەکێک لە بازاڕە قەرەباڵخەکانی شاری کرماشان؛ دەنگی زمانی فارسی بەسەر زاراوە جیاوازەکانی کوردی دا زاڵە. ئەم دیمەنە ترسێکی گەورەی لای خەمخۆرانی زمان دروستکردووە؛ ترسی توانەوەی زمانی دایک لەنێو نەوەیەکدا کە لە قوتابخانە و فەرمانگەکاندا تەنیا بە فارسی دەخوێنن و دەنووسن.
پوریا، یەکێکە لەو گەنجانەی کە لەنێوان دوو زماندا گەورە بووە. ئەو دەڵێت، هەرچەندە فارسی بۆ ئەو ئاسانترە، بەڵام ئێستا هەوڵدەدات بگەڕێتەوە سەر ڕەگ و ریشەی بنەڕەتیی خۆی.
پوریا سوڵتانی، هاونیشتمانی: "لەبارەی زمانی کوردی، بەڕاستی خۆم من زۆر لەگەڵ زمانی کوردی ئاشنا نیم، واتە هەوڵدەدەم بە کوردی قسە بکەم، بەڵام چونکە بە منداڵی لە ناو خێزان و قوتابخانە بە فارسی قسەم کردووە، زیاتر بە فارسی دەزانم قسە بکەم."
لە ئامادەنەبوونی قوتابخانەیەکدا کە بە زمانی کوردی وانەی تێدا بگوترێتەوە، ئێستا ماڵەکان بوونەتە تاکە فێرگەی پاراستنی زمان.
بەشێک لە خێزانەکان بڕیاریانداوە رێگە نەدەن زمانی فارسی مۆرکی کوردیبوونی منداڵەکانیان بسڕێتەوە. ئەرمیا نموونەی ئەو نەوەیەیە کە لە قوتابخانە فارسی دەخوێنێت، بەڵام لە ماڵەوە بە کوردی بیردەکاتەوە.
ئەرمیا سەفەری، قوتابی: "من لە قوتابخانە هەر بە فارسی قسەم لەگەڵدا دەکەن، بەڵام دایک و باوکم هەر لە منداڵییەوە لەگەڵ مندا بە کوردی قسە دەکەن. قوتابخانەکەم نەبووەتە هۆی ئەوەی بە زمانی دایکی خۆم قسە نەکەم، تا ئەو رۆژەی دەژیم بە کوردی قسە دەکەم."
چالاکڤانانی کرماشان دەڵێن، هەوڵی تاکەکەسی و خێزانی جێگەی دەستخۆشین، بەڵام بەس نین. ئەوان پێیان وایە تا ئەو کاتەی مافی خوێندن بە زمانی دایک دابین نەکرێت، مەترسیی لەنێوچوون هەر دەمێنێت. لای زۆرێک لە دانیشتووانی ئەم شارە، کوردی تەنیا ئامرازێکی پەیوەندی نییە، بەڵکوو ناسنامە و مێژووە.
ئایدا سەفەری، هاونیشتمانی: "هەر ئەو جۆرەی مامۆستا خانای قوبادی دەڵێت: 'راستەن مەواچەن فارسی شەکەرەن، کوردی جە فارسی بەڵ شیرینتەرەن'. بەڕای من زمانی کوردی یەکێک لە کۆنترین زمانەکانی جیهانە کە پڕە لە هەست و سۆز، و من بە ئەرکی خۆمی دەزانم کە بە باشی قسەی پێ بکەم."
لە رۆژهەڵاتی کوردستان کە تێیدا خوێندن بە زمانی کوردی فەرمی نییە، ئەرکەکە قورستر کەوتووەتە سەر شانی فێرگە ئەهلییەکان و خولە خۆبەخشییەکان. لێرە لە کرماشان، هەر وشەیەکی کوردی کە دەگوترێت، وەک هەوڵێک وایە بۆ هێشتنەوەی ناسنامەیەک کە لەنێو لاپەڕەکانی مێژوودا جێگەی خۆی کردووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ